هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

26 چالاکوانی عێراقی لە دەستپێکی خۆپێشاندانەکانەوە تیرۆرکراون

خالید تائی

هونەرمەند عەبدول قەدوس قاسم (راست) لەگەڵ پارێزە کەرار عادل هەفتەی رابردوو تیرۆرکران لە شاری عەمارە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە. [وێنەكه‌ لە سەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە]

هونەرمەند عەبدول قەدوس قاسم (راست) لەگەڵ پارێزە کەرار عادل هەفتەی رابردوو تیرۆرکران لە شاری عەمارە لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە. [وێنەكه‌ لە سەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە]

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ له‌ عێراق دووشەممە (16 ئازار) رایگه‌یاند كه‌ 26 چالاکوان لەلایەن چەکدارانی نەناسراوه‌وه‌ تیرۆرکراون لە دەستپێکی بزووتنەوەی خۆپیشاندانەکانه‌وه‌ لە وڵاته‌كه‌ لە تشرینی یەکەمەوە.

وتەبێژێکی کۆمسیۆنەکە، عەلی بەیاتی بە دیارونای وت کۆمسیۆنەکە 26 چالاکوانی ژماردووە کە تیرۆرکراون بە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە.

13 چالاکوانی دیکە برینداربوون لە هەوڵی سەرنەکەوتووی تیرۆرکردنیاندا و 15ی دیکە بەبێ زیان لەو هەوڵانە رزگاریانبووە.

بەیاتی وتی بەوەش ژمارەی هەموویان دەبێتە 54 هەوڵی تیرۆرکردن لە دەستپێکی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانەوە کە داوای چاکسازی دەکەن.

هەینی رابردوو، چالاکوانی مەدەنی، رەحیم ساجیت موتەفەجی لە ناوەندی بەسرەدا کوژرا لەلایەن چەند چەکدارێكه‌وه‌ کە چەکی بێدەنگیان بەکارهێنابوو.

ئه‌م دواهه‌مین هێرشەیان سێ رۆژ دوای تیرۆرکردنی دوو چالاکوان ئەنجامدرا -- هونەرمەند عەبدول قەدوس قاسم و پارێزەر کەرار عادل -- لە شاری عەمارە، ناوەندی پارێزگای میسان.

لایەنە چەکدارەکان تۆمەتباردەکرێن بە کوشتنەکان بۆ بێدەنگکردنی خۆپیشاندانەکان.

ئەو بەرپرسانەی پێشتر بۆ دیارونا لێدوانیان داوه‌ میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران تۆمەتباردەکەن بەو هەوڵانەی بە پلان دژ بە چالاکوانان ئەنجامدەدرێن بۆ تۆقاندنی خۆپیشاندەران.

لەناوبردنی چالاکوانان بە پلان

بەیاتی وتی سروشتی تیرۆرکردنەکان "کردەی تیرۆریستی پلانبۆکراون و کردەی کەسی نین، چونکە چەند مانگە بەردەوامن و لە سەرانسەری ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراوانی وڵاتدا ئەنجامدراون".

وتیشی: "دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارێتی راوەستاندنی ئەو هێرشانەیان لەسەرشانە، کە زیادیانکردووە و ژمارەیەکی زۆر قوربانییان لێکەوتوونەتەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەرکی دەزگا پەیوەندیدارە ئەمنییەکانە لێکۆڵینەوەی چڕ ئەنجامبدەن بۆ تیرۆرکردنەکان و بەخێرایی ئەنجامدەران دەستگیربکەن و ناسنامەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن و سزای دادوەرانە بدرێن."

بەیاتی داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە بۆ لەناوبردنی کۆگاکانی چەك لە عێراق و رێگریکردن لە لایەنە چەکدارەکان و نەهێشتنیان بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لەو هەڕەشانەی ئەو لایەنانە دەیکەن".

وتی: "گروپەکانی پشت تیرۆرکردنی چالاکوانان لەوانەیە هەوڵبدەن خۆپێشاندەران بترسێنن لەڕێی تاوانەکانیانه‌وه‌ بۆئەوەی وایانلێبێت لە خۆپیشاندانەکان بەردەوام نەبن."

وتی: " بەڵام ئەم میتۆدە سەلماندوێتی شکستخواردووە، چونکە تووندوتیژی بزووتنەوەی خۆپیشاندانی خەڵكی نەوەستاندووە و بگرە زیاتری کردووە."

بەیاتی وتیشی: "ئەمە وامانلێدەکات گومانبکەین کە ئەو گروپانە ئامانجی دیەکەیان هەیە، لەوانەیە بۆ ناوزڕاندنی خۆپێشاندەران و هێنانە ئارای کاردانەوەی تووندوتیژ بێت بۆ نانەوەی پشێوی."

کۆمسیۆنەکە چەندین کەیسی رفاندنی چالاکوانانیشی تۆمارکردووە.

بەیاتی وتی: "22 چالاکوانی رفێندراو لە چه‌ند مانگی رابردوودا ئازدکراون." وتیشی 42 چالاکوانی رفێندراوی دیکە هێشتا بێسەروشوێنن.

هەفتەی رابردوو چەکدارانی نەناسراو رۆژنامەوان تۆفیق تەمیمییان رفاند لە رۆژهەڵاتی بەغدا کاتێك لەسەر رێگای بوو بۆ چوونە سەر کارەکەی.

هیشتاش چارەنوسی رۆژنامەوان و پەخشکەر مازن لەتیف دیار نییە، کە زیاتر لە مانگێك لەمەوبەر رفێندرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500