سورییەکان ئاهەنگی رزگاربوون لە دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەگێڕن و سوپاسی هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ کۆتایهێنان بە مۆتەکەی ژێردەستیی ئەو گروپە تیرۆریستییە ساڵێك دوای شەڕی باغۆز.
شەرڤانانی هەسەدە ئاڵای زەردییان لە باغۆز بڵند کرد، ئەو گوندە دوورەدەستەی سهر رووبار کە تووندڕوەکان لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون تیایدا دوا شەڕی خۆیان بکەن، لە 23 ئازاری 2019.
سەرکەوتنەکەی هەسەدە کۆتایی ئۆپەراسیۆنێكی شەش مانگە بوو دژ بە داعش، کە تێیدا ستەمی تیرۆریستەکان گەیشتە بەکارهێنانی مەدەنییەکان وەك قەڵغانی مرۆیی.
ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش
ئەفسەرێكی هەسەدە، فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت: "شەڕی رزگارکردنی باغۆز لە دێرەزوور شەڕێکی سیمبۆڵی بوو کە نیشانەی کۆتایهاتنی دەسەڵاتی جوگرافی داعش بوو لە سوریا."
وتی: "ئەو سەرکەوتنە کۆڵەکەی زۆری هەبوو، لهنێویاندا هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا، هەسەدە، هەروەها دانیشتووانی دێرەزوور کە پشتیوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دەکرد و بێگومان خێڵکانیش رۆڵی گرنگیان بینی لە شەڕەکەدا."
خۆجە وتی شەڕەکە بەردەوامە بۆ نەهێشتنی شانە نووستووەکان کە هێشتا هێرش ئەنجامدەدەن لەگەڵ ریشەکێشکردنی ئایدۆلۆژیای داعش.
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن بۆ ریشەکێشکردنی گروپەکە بەتەواوی."
ههروهها وتی: "ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور هێشتا ئەرکەکانی جێبەجێدەکات و شەپۆلی هاتنی خۆبەخشانیش بەردەوامە بۆ ناو ریزەکانیان، بەتایبەتی پیاوانی خێڵەکان."
وتی هەوڵەکانی ئەنجومەنەکە هاوتای کارەکانی هێزەکانی ئاسایشە، کە بەرقەراربوونی ئەمنییەت و ئاشتی کۆمەڵایەتییان لەسەرشانە، جگە لە چآودێریکردنی جموجۆڵی گوماناویی پاشماوەکانی داعش و هەوادارانیان.
خۆجە وتی ئەو ئۆپەراسیۆنانە له سەرکەوتندان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه ژمارەی دەستگیرکراوەکان لە کەمبوونەوەدایە، كه هێمایهكه بۆئهوهی "چەند شانەیەکی کەمی داعش ماون و کاریگەرییان زۆر کەمە یان هەر نییانە".
لەهەمانکاتدا، ژیان بۆ رەوشی ئاسایی خۆی دەگەڕێتەوە لە باغۆز چونکە تۆقاندنی شەڕەکان نەماوه لەگەڵ ئایدۆلۆژیای تووندڕەو کە سەردەست بوو لە سایەی فەرمانڕەوایی داعشدا.
مۆتەکەی داعش کۆتایی هات
دانیشتوویهكی باغۆز، خالید حەمادە کە شارەزایهكی پهیینكردنه، وتی: "داعش مۆتەکەیەك بوو کە لابرا."
بە دیارونای وت: "هەموو کەسێك لە هەرێمەکە متمانەی بە هێزەکانی هەسەده و هاوپەیمانان هەیە لەگەڵ ئەو سەرکەوتنەی بەسەر [داعشدا] بەدەستهێنرا و دەسەڵاتیانی بەسەر خەڵک و خاكەوە نەهێشت."
وتی: "ژیان دوای داعش جیاوازە." لە ژێر سایەی ئیدارە ئۆتۆنۆمیەكه و ئهو ئیدارە ناوخۆیانەی هەن "هەرکەسێك بەرپرسیارە لە تەواوی کۆمەڵگە، نەك تەنیا خۆی و خێزانەکەی".
حەمادە وتی: "ئهو ههوڵانهی لهلایهن پاشماوهكانی داعشهوه له ناوچهكه بۆ شێواندنی راستی، بەرپەچدراونهتهوه و پوچهڵكراونهتهوه لهلایهن راستییهكانهوه." ئهوانهشی لهقهڵهمدا به "هەوڵی نائومێدانه" بۆ هێنانهكایهی دووبهرهكی لەناو خهڵكهكهدا.
وتیشی: "خەڵكی هەرێمەکە پشتیوانیی ئهم گۆڕانکارییە دهكهن و بەشداریدەکەن لە دەزگا مەدەنی و سەربازییەکاندا، چونکە دواجار ئامانجیان پاراستن و گەشەپێدانی هەرێمەکەیە کە چەندین دەیەیە بچوکترین پێداویستی [ژیانی] لێبڕاوە."
ساتێك له تێڕامان
چالاکوانی ناوخۆیی کۆمەڵگەی مەدەنی، عەمار ساڵح وتی یەکەمین ساڵیادی رزگارکردنی باغۆز "پێویستی بە ههڵوێستهیهكی درێژە بۆ بەراوردکردنی رەوشەکان، کە چۆن دەبوون ئەگەر [داعش] هێشتا لێرەبووایە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا."
بە دیارونای وت: "ئیدارەی ئۆتۆنۆم بڕیاری داخستنی هەموو [دەزگا و دامەزراوەکانی] دا، قەدەغەی هاتوچۆی سەپاند و دهستیكرد به پاكژکردنهوه و تهعقیمی هەموو ناوچەکان و گەشتی قەدەغە کرد لە ناوچەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان."
بە دیارونای وت: "ئەگەر [داعش] بمایە، هەموو ئەو کەسانەی سزادەدا کە نەدەچوون بۆ نوێژ لە مزگەوتەکان و چەکدارەکانی لە ناوچەیەکەوە دەچوون بۆ ناوچەیەکی دیکە و ڤایرۆسەکەیان لەناو مەدەنییەکاندا بڵاودەکردەوە،" ههروهك روودەدات له ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.
ساڵح وتی ژیان "بە هەنگاوی خێرا" گەڕاوەتە رەوشی ئاسایی.
وتیشی: "هەموو کەسێك بەشدارە لە پرۆسەی بنیاتنانهوه و لابردنی پاشماوەکانی شهڕ، جگە لە دروستکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ -- سێکتەری سەرەکیی بەرهەم لە هەرێمەکەدا."
ههروهها وتی: "خێڵەکانیش پشتیوانی له هەوڵەکانی ئیدارەی ئۆتۆنۆم دەکەن و دەستی هاوکارییان درێژکردووە بەگوێرهی توانایان."