هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چەکدارانی داعش سروشتی راستی خۆیان دەردەخەن لە رۆژهەڵاتی سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

ئەو پیاوانەی گومانیان لێدەکرێت چەکداری داعش بووبن دەپشکنرێن لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراته‌وه‌ دوای ئەوەی دوا ناوچەی داعش چۆڵدەکەن لە باغوز لە پارێزگای دێرەزوور لە باکوری سوریا 27 شوبات. [دەلیل سڵێمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئه‌و سوریانه‌ی لە دەست گروپەکە هەڵهاتوون بە دیارونایان وت چەکدار و ئەمیرەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ژیانی خۆیان دەپارێزن بە بەکارهێنانی مەدەنیەکان وەك قەڵغانی مرۆیی و کارتی فشار لە ناوچەکەی لەژێر دەستیاندایە.

دانیشتووی رەققە سوفیان حیلانی وتی داعش بەزۆر کردیان بە چەکدار لە ریزەکانیدا بەرلەوەی لە شارەکە بکشێنەوە.

بە دیارونای وت: "کاتێك داعش هەرێمی رەققەی گرت، چەکدارەکانیان خۆیان وا دەردەخست کە هاتوون مەدەنییەکان بپارێزن و رزگاریان بکەن لە دەسەڵاتی رژێمی [سوریا]."

وتی لایەنگریی ئایینی خەڵكیان بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕیان بە "دروشم و فەتوای هەڵە. بەڵام هەر کە شەڕی رەققە دەستیپێکرد گروپەکە دەستیکرد بە لەدەستدانی چەکدارەکانی و لایەنێکی دیکەی دەرکەوت."

image

منداڵان دوا شوێنی داعش جێدەهێڵن لە گوندی باغوز لە دێرەزوور 22 شوبات. داعش منداڵ و مەدەنییەکان وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت دژی هێزە هێرشبەرەکان. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆتەوە]

وتی ئەمیر و چەکدارەکانی داعش ئیتر تێکەڵی خەڵك نەدەبوون و لە ژێرزەمین خۆیان دەشاردەوە، "دەستیشیان دەگرت بەسەر هەر خواردنێكدا دەستیان پێبگەیشتایە".

وتیشی لە کاتی شەڕی رزگاركردنی رەققەدا، چەکدارانی داعش بە زۆرەملێ چەند پیاوێكیان بردە بەرەکانی شەڕ بۆ مردن.

هه‌روه‌ها وتی لە حاڵەتی دیکەدا، ژیانی مەدەنییەکانیان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی دانوستان بکەن لەگەڵ هێزە رزگارکەرەکان تاكو بەسه‌لامه‌تی دەرچن بۆ ناوچەکانی دیکە.

ئەو بیانیانەش کە له‌ ناوچەی داعش هەڵهاتوون باسیان لەوە کردووە كه‌هەڵخەڵەتێنراون بەو شێوە ژیانەی لەژێر دەستی داعشدا لەسەر ئینتەرنێت پیشاندەدرا ، کە زۆر جیاواز بووە لەو راستیەی بینیوویانە دوای ئەوەی گەیشتوونەتە بەناو دەوڵەتەکەی گروپەکە.

چەکدارانی داعش 'باوەڕیانپێناکرێت'

مەدەنییەك کە ئەم دواییانە لە گوندی باغوز لە دێرەزوور هەڵهاتووە، موحسین محەمەد جبوری، وتی چەکدار و ئەمیرەکانی داعش "بە هیچ شێوەیەك نابێت باوەڕیان پێبکرێت".

بە دیارونای وت: "یەکەم و دوایین شت کە لایان گرنگە ئەمانەتی خۆیان و پارەکانیانە." وتیشی گروپەکە مەدەنییەکان تەنیا وەك "قەڵغان بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشی ئاسمانی و هێرشی دیکە بەکاردەهێنێت".

جبوری وتی چەکدارانی داعش ڕێگەیاننەداوە هەڵبێت و بچێت بۆ ناوچەیەکی پارێزراو.

وتی بۆ نزیکەی دوو هەفتە لەگەڵ مەدەنییەکانی دیکە راگیرابوو تا چەکدارانی داعش هەڵهاتن، ئەمەش وایکرد خۆی و گروپەکەی بڕۆن و بگەنە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

جبوری وتی: "ئه‌وه‌ موعجیزه‌ بوو كه‌ به‌سه‌لامه‌تی ده‌رچووین، چونکە ژمارەیەکی زۆر مین هەبوو گروپە دایانابوون بۆئەوەی پێشڕەوی یەکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات خاوبکەنەوە."

وتی یەکە شەڕکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەوانیان پاراست دوای ئەوەی لە ناوچەکە هاتنەدەرەوە و هاوکارییانکردن بۆئەوەی لە مەترسی مین و نیشانگرەکان دەربازبن.

مەدەنیەکان 'تەنیا کارتی فشارن'

چالاکوانێكی ناوخۆیی، جەمیل عابید بە دیارونای وت بەگوێره‌ی مەدەنیەکان کە لە دوا مۆڵگەی گروپەکە هەڵهاتوون لە دێرەزوور، چەکدارانی داعش مەدەنییەکان "تەنیا وەك کارتی فشار دەبینن و هیچی دیکە".

وتی ژیانی مەدەنییەکان "مانایەکی نییە بۆ ئەوان و تەنیا بۆ بەدەستهێنانی خواردن و دانوستانی دەرچوونیان بۆ ناوچەیەکی دیکە بەکاردەهێنرێن".

عابید وتی لەژێر گەمارۆی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا لە دوا شوێنیان لە رۆژهەڵاتی روباری فورات سروشتی راستی چەکدارانی داعش ئاشکرابوو.

وتی چەکدارانی داعش دەستیانهەڵگرت لە ژن و منداڵەکانیشیان و وتیشی زۆربەی ژنە عێراقی و سوری و بیانییەکان بەتەنیا جێهێڵران کە هێزەکانی سوریای دیموکرات نزیكبوونەوە، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە تەمەنیان زۆر بچوك بوو بۆ چەكهه‌ڵگرتن.

هه‌روه‌ها وتی هەندێك لەو ژنانە بەزۆر ببوون بە ژنی داعشەکان و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ گروپەکە فشاری خستۆتە سەر خێزانەکانیان بۆئەوەی ببنە هاوسەری چەکدارەکان "یان پارەیان پێداون بە قۆستنەوەی رەوشی نالەباری داراییان".

وتی ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە خۆیان رادەستکردووە و ئێستا لەش کەمپانه‌دان کە بەتایبەتی بۆ داڵدەدانیان درووستکراون.

عابید وتی دوا گروپی مەدەنییەکان کە لە باغوز گوێزرانەوە ژمارەیەکی زۆر منداڵیان تێدابوو، کە روونیدەکاتەوە "ئایین تەنیا دەمامك بوو" بۆ ئەو چەکدارانەی داعش، چونکە بەئاشکرا منداڵەکانیان وەك قەڵغانی مرۆیی دژی هێزە هێرشبەرەکان بەکاردەهێنا.

چەکدارە پەشیمانەکان راستی داعش ئاشکرادەکەن

لە دوو ساڵی رابردوودا، لە شەڕەکانی رزگاریدا دژی داعش لە سوریا و عێراق، زۆربەی چەکدارانی گروپەکە دەستگیرکراون یان خۆیان رادەستکردووە، هەندێكیشیان پەشیمانی خۆیان دەربڕیوە.

لە کۆتایی 2017، چەکدارێکی دەستگیرکراوی داعش لە عێراق لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ دیارونا ئاشکرایکرد کە بڕوای بە گروپەکە نەماوە.

بەرەکات حسێن مەحمود، 24 ساڵ، لە ناوچەی بیابانی کیلۆ 160 لە رۆژئاوای رەمادی دەستگیرکرا، دوای هێرشێكی هێزەکانی عێراق بۆ سەر شوینێکی داعش کە چەندین چەکداری گروپەکەی کوشت و ئەوانی دیکەش هەڵهاتن.

چەکدارە داعشییەکانی هاوڕێی مەحمود بەتەنیا جێیانهێشتبوو دوای ئەوەی قاچی بریندارببوو لە هێرشەکەدا.

دوای چاکبوونەوەی نێردرا بۆ بەندیخانەیەك لە شارۆچکەی رەمادی، لەوێش بە دیارونای وت چەندین تاوانی ئەنجامداوە لەو کاتەی لەناو داعشدا بووە و هۆکاری وێرانکاری بووە بۆ چەندین خێزانی عێراقی.

مەحمود وتی گروپەکە سونەکانی عێراقی کوشت -- کە داعش دەیووت هاتووە بیانپارێزێت -- زیاتر لەوانەی لە مەزهەبی دیکە دەیکوشتن.

وتی: "پێیاندەوتین باشترە ئه‌و سونانه‌ بکوژین کە ملنادەن بۆ فەرمانەکان یان رکابەری گروپەکەن وەك لەوەی دوژمنەکانمان بکوژین، چونکە ئەوان مەترسییەکی ناوخۆیی بوون و هەڕەشەبوون لەسەر خەلافەت."

"[چەکدارانی داعش] درۆزنبوون و هیچی تر. هەمووی دروشم بوو. دەسەڵاتیان لە هەموو شتێکی دیکە زیاتر دەویست و شتێکیان دەشاردەوە لەکاتێکدا بەزەیی و پابەندبوونیان نیشاندەدا."

وتی: "به‌ڵام ناتوانن دادوەربن لەسەر کەس، چونکە دڕنده‌ی بێبەزەیین و من یەكێك بووم له‌وانه‌. واملێهات كه‌ بێبەزەیی و بێ هیچ هەستێكی مرۆڤانە بم."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ موسڵ كردیان. نه‌فره‌تی خودایان لێبێت!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

رژێمی ئاخونده‌كان[ی ئێران] روویه‌كی تری مه‌دالیاكه‌ی داعشه‌. ئه‌وان خه‌ڵكی ئێرانیان رسواو و لاواز كردووه‌. خه‌ڵكی وڵاتانی دراوسێیان قاتوقڕكردووه‌. به‌ره‌نگاری له‌ گروپه‌ تێرۆریستیه‌كانی وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن. ژیان و شه‌ره‌فی گه‌لان وێرانده‌كه‌ن. سڵ له‌ هیچ كرده‌وه‌یه‌كی بێشه‌رمانه‌ ناكه‌نه‌وه‌ له‌پێناوی مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا، چونكه‌ هیچ جێگایه‌كی تریان نیه‌ بۆی بڕۆن. جیهانیان نائومێد كردووه‌. ئه‌وان زۆر له‌ ناشه‌رعی ناشه‌رعیترن. ته‌نانه‌ت زه‌ڕه‌یه‌ك مرۆڤایه‌تیشیان تێدا نیه‌. چه‌كدارانی داعش هیچ نین جگه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی بچوك بۆ مرۆڤایه‌تی له‌چاو خومه‌ینی و چه‌ته‌كانیدا. كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زپه‌رستی ده‌مپیسن. ده‌بێت ئه‌وانیش به‌ته‌واوی له‌ناوببرێن هه‌روه‌ك له‌گه‌ڵ ڤایرۆسی پۆلیۆ كرا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌