چالاکوانانی دێرە زوور هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی شمەکی ئێرانییان راگەیاندووە لە هاتنەناوەوەیان بۆ نێو پارێزگاکەی خۆرهەلاتی سوریا، کە لەڕێی فلایەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی بۆ دەکەن.
هەڵمەتەکە دهخوازێت هاتنەناوەوەی شمەک بۆنێو سوریا راوهستێنێت بەوپێیەی فرۆشی ئەو شمەکانە سوودی ماددی بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێت.
چالاکوانی دێرە زوور، جەمیل عەبد بە دیارونای وت چالاکوانە ناوخۆییهکان هەڵمەتەکەیان دەستپێکردووە و داوا لە سورییەکان دەکەن چیتر شمەکی ئێرانی نەکڕن، دوای ئەوەی بازاڕەکانی پارێزگاکە پڕبوون لەو شمەکانە.
وتی: "هەڵمەتەکە لەو شوێنەوە سەرچاوەی گرتووە کە داهاتی ئەو شمەکانە بۆ خەزێنەی ئێرانی دەبێت، کە لەڕووی مادییەوە یارمەتی سوپای پاسداران و گروپە لایەنگرەکانی دەدات."
![دەروازەی سنووری ئەلبو کەمال لەنێوان سوریا و عێراقدا خاڵی سەرەکییە بۆ هاتنەناوەوەی شمەکی ئێرانی بۆ سوریا لەڕێی وشکانییهوه لە عێراقەوە. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سانا]](/cnmi_di/images/2020/03/17/23034-Albu-Kamal-crossing-600_384.jpg)
دەروازەی سنووری ئەلبو کەمال لەنێوان سوریا و عێراقدا خاڵی سەرەکییە بۆ هاتنەناوەوەی شمەکی ئێرانی بۆ سوریا لەڕێی وشکانییهوه لە عێراقەوە. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی هەواڵی سانا]
ئەو گروپانە لە سوریا بۆ پشتیوانیی رژێم شەڕیانکردووە و بارگرژییهكانیان لە وڵاتەکە درێژەپێداوە، کە تێیدا ئێران چاوی لەوەیە ئەجهندا و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بەدەستبهێنێت.
لهو بەرژەوەندییانه بریتین لە دروستکردنی رێگەیەکی وشکانی بەرەو دەریای ناوەڕاست ودۆشینی ئابوری سوریا، لەکاتێکدا ئێران دووچاری چەندین سزا و شکستی ئابوری هاتووە.
عەبد وتی بایکۆتکردنی شمەکی ئێرانی دەبێتە هۆی بڕینی یەکێک لە سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هەڵمەتەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن دانیشتوانی دێرە زوورەوە پێشوازیی لێکراوە.
چالاکوانان داوایان لە بەڕێوبەرییە خۆسەرییەکەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کردووە بۆ پتەوکردنی کۆنتڕۆڵکردن و لەناوبردنی هەوڵەکانی بەقاچاخبردنی ئەو شمەکانە بۆنێو وڵاتەکە و فراوانکردنی ئەو ناوچە جوگرافییانەی تێیاندا دەفرۆشرێن.
وتی شمەکە ئێرانییەکان بە بارهەڵگرەکانی سەر بە سوپای پاسداران دەچنە نێو سوریا، کە بە دەروازەی سنوریی ئەلبو کەمالدا تێدەپەڕن.
وتیشی ئەو بارانه هیچ پشکنینێکیان بۆ ناکرێت و هیچ گومرگێکیشیان لێ وەرناگیرێت.
عەبد وتی زۆربەی ئەو شمەکانە خۆراکی سەرەتایین کە دانیشتوانی ناوچەکە پێشتر لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم یان لە عێراقی دراوسێوە دەستیاندەکەوت.
نیگەرانییەکان سەبارەت بە تەندروستی گشتی
عەبد وتی هەڵمەتەکە بە هاشتاگی "بایکۆتکردنی شمەکی ئێرانی" بهرفراوانتر دەبێت و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە چالاکوانەکان لەگەڵ ژمارەیەک بازرگانی گەورەی ناوچەکە لە پەیوەندیدان تا داوایان لێبکەین فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە رابگرن.
وتی بازرگانان و دوکانداران لە ناوچەکە داوایان لێدەکرێت بەدوای سەرچاوە و بریکاری تردا بگەڕێن بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی بازاڕ.
یەکێکی تر لە سەرچاوەكانی ترس و نیگەرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)یە.
دانیشتوانی دێرە زوور نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەو چەکدارانەی ئازادانە لەنێوان ئێران و عێراق و سوریادا لەڕێی ئەو دەروازە سنووریانەوە گەشتدەکەن کە خۆیان کۆنتڕۆڵیان دەکەن، لهوهی ڤایرۆسەکە لە سوریادا بڵاوبکەنەوە.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ شەممە رایگەیاند كه ڤایرۆسەکە لەنێو میلیشیکانی سەر بە ئێرانی شارۆچکەی مەیادیندا له دێرە زوور بڵاوبۆتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه شەش ئێرانی و دوو عێراقی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدا دەرکەوتووە و لە نەخۆشخانەی ئێرانیی زەهرا لە مەیادین کەرەنتینکراون.