بەرپرسێکی کورد وتی ئیدارهی خۆجێی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا چەندین هەنگاوی بەرپێگرانەی ناوە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19).
بەرپرسێك لە مانگی سووری کوردی، ئازاد دودێکی بە دیارونای وت لەنێو ئەم هەنگاوانەدا ئامادەکردنی چەندین بازگە و ناوەندی تەندروستی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەتا جیهانیە، لەگەڵ رێکخستنی چەند هەڵمەتێکی هۆشیاری.
وتی ئیدارهکە خوێندنگەکانی لە ئاستە جیاوازەکاندا داخستووە و گردبوونەوە گەورەکانی وەك ئاهەنگ، هاوسەرگیری، بۆنەی ئایینی، بۆنەی وەرزشی و بۆنە ئەکادیمیەکانی قەدەغەکردووە.
وتی هەروەها کارکردنی پاسەکانی گواستنەوەی خەڵکی هەڵپەساردووە، لەگەڵ سەردانی خێزانەکان بۆ زیندانیان لە تەواوی زیندان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا لە ناوچەکە.
دودێکی وتی زۆرێك لە ناوەندە پزیشکیەکانی ناوچەکە پڕ تفاق کراون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و گروپەکانی پزیشك و پەرستار راهێنانیان پێکراوە لەسەر رێوشوێنه كاریگهرهكان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە دۆخانە.
وتیشی بنكه پزیشكییهكان لە کەمپەکانی ئاوارەکانیشدا بەدوای تووشبوواندا دەگەڕێن و پێیانوتراوە دەستبەجێ هەنگاوبنێن بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
وتی جگه لەوەش، مەیدانە گشتییەکان، دەزگا و فهرمانگهكان پاکژکراونەتەوە و هەندێکیان بەشێوەیەکی کاتی داخراون.
دەروازەکان چاودێریدەکرێن و دادەخرێن
دودێکی وتی چاودێری لە تەواوی دەروازەکان بهڕووی ناوچەکانی دیکەدا تووندکراوەتەوە، وەك بەشێك لە هەوڵێکی هاوبەش لەلایەن ستافی ئاسایش و پزیشكییهوه بۆ پشکنینی دۆخی تەندروستی ئەو خەڵکەی پیایاندا تێدهپهڕن.
وتیشی ژمارەیەك لە دەروازەکان داخراون، بەتایبەتی ئەوانەی دەچنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێردەستی رژێمی سوریادان.
جیا لەوەش، چاودێری لەنێو کەمپەکاندا تووندکراوەتەوە و هاتوچۆ بۆ ناوەوە و دەرەوەیان تا کەمترین ئاست سنووردارکراوە.
لەبارەی هەڵمەتەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییەوە، دودێکی وتی هەڵمەتەکان تەرکیزیان لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی هاتوچۆی هاوڵاتیانە لە دەرەوەی ماڵەکانیان و خۆبەدوورگرتنیانە لە گردبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری خەڵك.
وتی هاوکات، دەوریەکان دەگەڕێن بۆ چاودێریكردنی بازاڕەکان و دەرمانخانەکان بۆ رێگرتن لە قۆرخکردن و یاریکردن بە نرخ، بەتایبەتی فرۆشتنی پاکژکەرەوە و شمەکەکانی دیکە کە داواکاریی زۆریان لەسەرە لەئێستادا.
دودێکی ئاماژەیکرد بەوەی بەڕێوبەرێتی تەندروستیی ئیدارهكه هێشتا هیچ کەیسێکی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارنەکردووە.