هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەسەدە هەڵدەکوتنە سەر داعش لە دێرەزووری سوریا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ئەندامێکی داعش، كه‌ لەم وێنە بێ رێکەوتەدا دەبینرێت، نزیك بە کێڵگەی گازی کۆنۆکۆ دەستگیرکرا لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی دێرەزوور. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ناوەندی راگه‌یاندنی دێرەزوور]

ئەندامێکی داعش، كه‌ لەم وێنە بێ رێکەوتەدا دەبینرێت، نزیك بە کێڵگەی گازی کۆنۆکۆ دەستگیرکرا لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی دێرەزوور. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ناوەندی راگه‌یاندنی دێرەزوور]

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ماوەیەکە زنجیرەیەك هەڵکوتانەسەر و هێرش ئەنجامدەدەن دژی حەشارگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی دێرەزوور.

ئەفسەرێكی هەسەدە، فەرهاد خۆجە وتی لەکاتی هێرشێكدا بۆسەر گەڕەکی شوحێل کەتف، بە پشتیوانی کۆپتەرەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی، هەسەدە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا سێ چەکداری دەستگیرکرد.

بە دیارونای وت هەرسێکیان خەڵکی شوحێل بوون و وتیشی هێزەکانی هەسەدە دەستیانگرت بەسەر بڕێکی زۆردا لە چەك و تەقەمەنی و بابەتی پروپاگەندەی داعش کە پێیانگیرا.

وتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخست کە سێ کەسەکە ئاراستەی ژمارەیەك شانەی نوستوویان ده‌کرد لەو ناوچەیەی راستەوخۆ لێی بەرپرس بوون بۆ ئەنجامدانی هێرش و تیرۆركردن بۆ بەئامانجکردنی هەردووك چەکدارانی هەسەدە و مەدەنیەکانیش.

خۆجە وتی دوو چەکداری دیکە دەستگیرکران لەکاتی هەڵمەتێکی جیاوازدا لە شوحێل.

هێزە ئەمنیەکان ئەندامێکی دیکەی داعشیان دەستگیرکرد نزیك بە کێڵگەی گازی کۆنۆکۆ لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی دێرەزوور، كه‌ دیاربوو چەکی بەقاچاخ دەبرد بۆ شانە نوستووەکان و هەماهەنگیی هێرشە تیرۆریستیەکانی دەکرد.

هەروەها هەڵیانکوتایە سەر ماڵێك لە گوندی سەبحە لە شارۆچکەی باسیرە و چوار کەسیان دەستگیرکرد کە یەکێکیان وەك مامۆستا کاری کردبوو لەگەڵ داعش.

چالاکوانی بواری کۆمەڵایەتی و میدیا، عەمار ساڵح بە دیارونای وت پاشماوەکانی داعش ماوەیەکە مین و بۆمبی دەستکرد دەچێنن لە چەندین بەشی ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگاکانی دێرەزوور و حەسەکە.

وتی تیمەکانی پاککردنەوەی مینی هەسەدە هەوڵەکانیان زیادکردووە بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و پاککردنەوەی تەقەمەنیەکان، کە بە مەبەستی زیاندان لە ئەندامانی هەسەدە و ئەو مەدەنیانە دانراون کە بوونی داعش رەتدەکەنەوە.

تووندکردنی هەنگاوەکان دژ به‌ داعش

عەدنان ئازادی لە ئاسایش (هێزی ئەمنی نێوخۆی کوردی) وتی هەموو لقەکانی هەسەدە هەوڵەکانی شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعشیان چڕكردۆته‌وه‌، له‌نێویاندا داخستنی ئەو رێگانەی بەکاریدەهێنن بۆ هاتوچۆ.

بە دیارونای وت بەکارهێنانی ماتۆڕیشیان قەدەغەکردووە تا ماوەیەکی دیارینەکراو لە شاری دێرەزوور و بەشی خۆرهەڵاتی پارێزگاکە، چونکە ئەوە ئامرازی دڵخوازی تووندڕەوانە بۆ هاتوچۆ.

وتی هەسەدە بەردەوامە لە تووندکردنی هەنگاوە ئەمنیەکان لە هەموو ناوچەکانی دێرەزوور و حەسەکە.

وتیشی ئەمە تەنیا شوێنپێهەڵگرتنی ئەندامان و چەکەکانی داعش له‌خۆناگرێت، بەڵکو بەرگرتنیش بە بڵاوكردنه‌وه‌ی پروپاگەندەی داعش، کە شمەکی وەك شمشێری پلاستیكی تێدایە بە دروشمی هەڵکەنراوی داعشەوە.

ئازادی وتی هەندێك لەم شمەکانە لە که‌مپێکی خێزانەکانی داعشدا دۆزرانەوە لە شاری مالیکییە و دەستیان بەسەردا گیرا تا بەربگیرێت بەوەی لەنێو منداڵاندا بڵاوبکرێتەوە.

وتی دەریدەخەن کە داعش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ "ژەهراویکردنی هزری منداڵان" بە برەودان بە ئایدۆلۆژیاکەی.

وتی لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا، هێزە ئەمنیەکان زانییان کە هەندێك ژنی نێو کەمپەکە، ئەوانەی ژنانی ئەندامانی داعش بوون، ئەم شمشێرانەیان کڕیوە کە دروشمی هاوسۆزیی داعشیان لەسەر هەڵکەندراوە.

ئازادی وتی ئەو ژنانە سزادراون و ئەو بازرگانەی شمشێرە پلاستیکیەکانیان لێکڕیبوو بەڵێنی دا لە داهاتوودا شتی لەو شێوەیە نەهێنێتەوە بۆ نێو کەمپەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500