ماوەیەکە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کنەوپشکنینی ئەمنیی بەردەوام ئەنجامدەدەن بەدوای شانە نوستووەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور، بەرپرسێکی هەسەدە و چالاکوانەکانی ناوچەکە وتیان.
بەرپرسی هەسەدە، فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت شانەکانی داعش ماوەیەکە هێرشدەکەنە سەر ئەندامان و پشتیوانانی هەسەدە لە پارێزگاکە، بە ئامانجی چاندنی ترس و نائارامی.
لە 8 کانونی دووەم، رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هەوڵێکی تیرۆركردن هەبووە دژی ئەندامێکی ئەنجومەنی مەدەنی شارۆچکەی زیبیان لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی دێرەزوور.
رێكخراوهكه رایگەیاند كه چەکدارانی نەناسراو بەسەر ماتۆڕێکەوە تەقەیان لە ئەندامەکەی ئەنجومەن کرد لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، بەڵام برینداری نهكرد.
رێكخراوهكه راشیگەیاند كه لە هەمان ناوچە، بۆمبێکی دەستکرد تەقییەوە لە ئۆتۆمبیلێکدا کە هی هەسەدە بوو، بووە هۆی برینداربوونی چەند ئەندامێکی.
خۆجە وتی بە هەماهەنگی لهگهڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ماوەیەکە هەسەدە بەدوای شانەكان و هاوکارانی داعشدا دەگەڕێت "لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی وردا بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەندامانی گروپەکە و ئەوانەی پشتیوانییان دەکەن".
وتیشی چەند ئۆپەراسیۆنێکی چاودێریکردن ئەنجامدراوە و زانیاری هەواڵگری کۆکراوەتەوە و پشکنینی بۆ کراوە لەگەڵ ئەو زانیاریانەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوه دراون، کە سەرچاوەیەکی سەرەکیی زانیارین.
وتی هاریکارییان بەتایبەتی گرنگە لەبەرئەوەی زۆرێك لە ئەندامانی داعش خۆیان لە ماڵی مەدەنیەکاندا دەشارنەوە، "چونکە دەزانن هەسەدە و هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێك ئەنجامنادەن کە ژیانی مەدەنیەکان بخاتە مەترسیەوە".
خۆجە وتی: "بەمدواییانە چەندین ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراون،" لەنێویاندا ئۆپەراسیۆنێك لە زیبیان کە بووە هۆی دەستگیرکردنی 14 ئەندامی داعش و هاوكارانیان.
وتی کاتێك پاشماوەکانی داعش یان شانە نوستووەکانیان رووبەڕووی فشار دەبنەوە، خۆیان دەکەن بە ناوچە جهنجاڵهكاندا بۆ پشتیوانی لۆجستی و زانیاری و خۆراك بەدەستدەهێنن بە هەڕەشەکردن لە دانیشتوانی ناوچەکە.
وتیشی خەڵکی ناوچەکە ههست به ههڕهشه و گوشار دەکەن و پابەند دەبن بە داواکانیانەوە، كاتێك تیرۆركردن له ناوچهكانیاندا ههبێت.
بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو دانیشتواندا
چالاکوان عەممار ساڵح بە دیارونای وت ئەو هێرشانەی لەلایەن شانە نوستووەکانی داعشەوە لە چەند ناوچەیەکی دێرەزوور ئەنجامدەدرێن ئامانجیان، جگە لە خستنەوەی قوربانی لەنێو هەسەدە و مەدەنیەکاندا، گەڕاندنەوەی بارگرژی و ترسە لەنێو مەدەنیەکاندا.
وتی بەڵام ئۆپەراسیۆنەکانی بەرپێگرتن کە لەلایەن هێزە تایبەتەکانی هەسەدەوە ئەنجامدەدرێن ئاسایش دەپارێزن و ئاماژەیکرد بەوەی هێرشەکانی داعش و تۆقاندنهكانیان "ئاکامیان شکستە" لەبەرئەوەی خەڵکی ناوچەکە تووڕەن لە گروپەکە و دەستێوەردانەکانی.
وتیشی ئەندامانی داعش هیچ رێزێکیان بۆ ژیانی مەدەنیەکان نییە و ئاماژەیکرد بە تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو له 1 کانونی دووەم کە گروپەکە لەبەردەم بنکەیەکی پێشووی هەسەدەدا ئەنجامیدا لە شارۆچکەی ئەبو حەمام و ژنێك و دوو منداڵی بریندارکرد.
چالاکوان جەمیل عەبد وتی پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن وێنای ئەوە بدەن کە دەسەڵاتیان لە دێرەزوور هەیە، لەڕێی تیرۆرکاری و كردنه ئامانجی سەربازان و مەدەنیەکانهوه کە کار لەو دەزگا مەدەنیانەدا دەکەن کە ناوچەکە دهبهنبهڕێوه.
بە دیارونای وت کارمەندان هەوڵدەدەن وەڵامی خواستی هەموو مەدەنیەکان بدەنەوە، ژێرخان چاکبکەنەوە و خزمەتگوزاریی بنەڕەتی دەستهبەربکەن.
وتی لەڕێی ئەم هێرشانەوە، داعش هەوڵدەدات هەوڵەکانیان لەبارببات و هەسەدە وەك شکستخواردوو وێنابکات لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و کارگێڕیدا له ناوچەکە.