ئاساییش

ئەمریکا لەناو عێراقدا وەڵامی هێرشێكی کوشندەی موشه‌ك دەداتەوە

ئاژانسی فرانس پرێس و ستافی دیارونا

image

وێنەیەك کە لە 13 ئازار گیراوە، وێرانبوونی فڕۆکەخانەی کەربەلا نیشاندەدات، کە یەکێکە لەو ناوچانەی لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکاوە دژی جبەخانەکانی کەتائیب حیزبوڵا کرانە ئامانج دوای كوژرانی دوو هاوڵاتی ئەمریکی و بەریتانییەك لە هێرشێكی موشەکدا شەوی رابردوو بۆسەر بنکەی ئاسمانی تاجی. [محەمەد سەواف/ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشە ئاسمانییە تۆڵەسێنەکانی شەوی پێنجشەممە (12 ئازار) پێنج جبەخانەی چەکیان لە کەنارەکانی بەغدا کردە ئامانج کە لەلایەن میلیشیای کەتائیب حیزبوڵای هاوپەیمانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبران، فەرماندەیەکی باڵای ئەمریکا هەینی وتی.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ژەنەراڵ کێنێس مه‌كکێنزی لەکاتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە په‌نتاگۆن وتی ئەو شوێنانە ناسرابوون بەوەی "چەکی پێشکەوتوویان تێدابوو کە لەلایەن ئێرانەوە درابوونە کەتائیب حیزبوڵا".

هێرشە ئاسمانیەکان "مه‌به‌ستیان كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای کەتائیب حیزبوڵا بوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی كاریگه‌ر" دوای هێرشەکەی چوارشەممە کە دوو هاوڵاتی ئەمریکی و بەریتانییەکی کوشت، ئەم قسانەی کرد لەکاتێکدا گرافیکی شوێنەکانی نیشاندەدا.

مه‌كکێنزی وتی: "دڵنیاین لەوەی ئەم جبەخانانەمان بەتەواوی تێکشکاندووە." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ هێرشەکان بۆسەر جبەخانەکانی چەکی میلیشیاکە "ئاماژەیەکی روون و بێگومان دەنێرێت بەوەی کە لە ئاییندەدا لەو جۆرە مامەڵەیە خۆشنابین".

image

وێنەیەك کە لە 13 ئازار گیراوە چاڵێك و وێرانکاری نیشاندەدات لە کەربەلای عێراق، لە یەکێك لەو ناوچانەی لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی ئەمریکاوە دژی کەتائیب حیزبوڵای هاوپەیمانی ئێران کرانە ئامانج. [محەمەد سەواف/ئاژانسی فرانس پرێس]

په‌نتاگۆن لە بەیاننامەیەکی پێنجشەممەدا رایگەیاند: "ئەم جبەخانەی چەکانە چەکی وایان تێدابووە کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان کردۆتە ئامانج."

رایگەیاند كه‌ هێرشەکان "بەرگریکار، هاوئاست و وەڵامی راستەوخۆ بوون بۆ ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن گروپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە دەکرێن کە بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانمان" کە ئەو هێزانەیان تێدایە كه‌ بەشێکن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

وەزیری بەرگری ئەمریکا مارك ئێسپەر وتی ئەمریکا "لەو هێرشانە خۆشنابێت دژی خەڵکەکەمان و بەرژەوەندییه‌كانمان یان هاوپەیمانانمان".

لە بەیاننامەیەکدا وتی: "وەك لە چەند مانگی رابردوودا نیشانمانداوە، هەر کارێك پێویست بێت دەیکەین بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و ناوچەکە."

ئێسپەر پێشتر هۆشداریی دابوو لەوەی "هەموو بژاردەکان کراوەن" بۆ وەڵامدانەوەی مەرگی سێ سەرباز، کە چوارشەممە کوژران لە زنجیرەیه‌ك له‌ نزیکەی 18 موشەكدا کە بە بنکەی ئاسمانی تاجیەوە نران لە باکوری بەغدا.

'وەڵام دەدەینەوە'

هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە شەڕ دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك لە بنکەی ئاسمانی تاجی جێگیرن.

بوونەتە ئامانجی چەند هێرشێك لە رابردوودا کە دەوترێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئەنجامیانداوە.

هێرشەکەی چوارشەممە بۆسەر تاجی 22هه‌مین هێرش بوو بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەنێویاندا باڵیۆزخانەی ئەمریکا، لە کۆتایی تشرینی یەکەمەوە.

جیا لە سێ کوژراو، 14 كه‌سی دیکە لە هێرشەکەدا برینداربوون، لەنێویاندا هاوڵاتیانی ئەمریکی، بەریتانی و پۆڵەندی.

مه‌كکێنزی هەینی وتی: "گەر هێرشمان بکرێتە سەر، وەڵام دەدەینەوە."

جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لە عێراقن و "لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربارەی ئەو زانیارییانەی هەیانە و ئێمەش هەمانە دەربارەی کەتائیب حیزبوڵا و شوێنەکانیان".

وتی: "لە دوای هێرشەکەی (چوارشەممە) راوێژمان پێکردن: زانییان کە وەڵاممان دەبێت."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دۆمینیك راب، هەینی وتی: "وەڵامی هێرشە ترسنۆکانەکەی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق خێرا و یەکلاییکەرەوە و هاوتا بوو."

"بەردەوامدەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوانەی بەرپرسن لەم کردە قێزەونانە بەرپرس رادەگیرێن."

'هێرشێکی تایبەت به‌ ئەمریکا'

بەگوێرەی بەرپرسێکی ئەمریکی، ئامانجەکانی هێرشەکانی پێنجشەممە پێگەی لۆجستی و یەکەكانی ئه‌مباركردنی درۆن بوون.

بەرپرسەکە وتی: "هێرشەکان کاتژمێری 1 نیوەشەو بەکاتی ناوخۆ دەستیانپێکرد، بە بەکارهێنانی چەندین جۆری فڕۆکە." وتیشی هێرشێکی تایبەت به‌ ئەمریکا بوو.

مه‌كکێنزی وتی هێرشەکان لەلایەن فڕۆکەی جەنگی ئاساییەوە ئەنجامدران، بەڵام رەتیکردەوە ئاشکرای بکات لەکوێ جێگیربوون یان ئەو جۆرە چەکەی تیایاندا بەکارهاتبوو.

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی وتی پێنج موشەکی گەورە لە ناوچەی جورف سەخریان دا لە باشوری بەغدا، کە لەلایەن کەتائیب حیزبوڵاوە کۆنترۆڵکراوە.

سەرچاوە عێراقیەکە وتی تەقینەوەکان خانوەکانی ئەو ناوەیان لەرزاند و هێزە عێراقیەکانی جێگیر لەو ناوچەیە لە دۆخی ئامادەباشیدا بوون.

سوپای عێراق هەینی رایگەیاند كه‌ هێرشەکان مەدەنییەك و پێنج ئه‌ندامی هێزه‌ ئەمنییه‌كانیان کوشت و 11 چەکداری عێراقیان بریندارکرد، كه‌ هەندێکیان دۆخیان هەستیارە.

مه‌كکێنزی لە لێدوانه‌كه‌ی هەینیدا ئاماژەیکرد بەوەی قوربانی کەوتنەوە چاوەڕێکراو بوو، بەڵام وتی هێزەکانی ئەمریکا هێشتا "زیانی پێگە بەئامانجکراوەکان دەخەمڵێنن".

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەو قوربانیانەی میلیشیا نەبوون، وتی: "من دەڵێم شتێکی باش نییە له‌ پێگەكانی کەتائیب حیزبوڵادا بن لەکاتێکدا هێرش کراوەتەوە سەر ئەمریکییەکان."

بارگرژی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا له‌ ئاستێكی بەرزدایه‌

هێرشە موشەکیەکەی چوارشەممە ترسی گەڕێکی نوێی بارگرژیی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا زیندووکردەوە.

ئەو دوو لایەنە لە کانونی دووەم لە شەڕ نزیکبوونەوە دوای زنجیرەیەك لە هێرش و وەڵامدانەوە کە بە مەرگی گرێبەستکارێکی ئەمریکی دەستیپێکرد.

دوای دوو رۆژ، ئەمریکا وەڵامیدایەوە بە بۆمبارانکردنی کەتائیب حیزبوڵا، کە لانیکەم 25 لە چەکدارانیانی کوشت.

میلیشیاکە دواتر وروژمی کردە نێو باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کە بووە هۆی زیانێكی کەم.

لە 3 کانونی دووەم، ئەمریکا وەڵامیدایەوە بە کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی ئێران، قاسم سوله‌یمانی -- کە ئەمریکا دەڵێت هێرشە موشەکییەکانی رێکخستووە -- هه‌روه‌ها جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی درۆندا.

ئێران وەڵامیدایەوە بە زنجیرەیەك لە موشەك بۆسەر بنکەی عەین ئەسەدی خۆرائاوای عێراق. لەکاتێکدا کەس لەو هێرشەدا نەکوژرا، به‌ڵام دەیان سەربازی ئەمریکی توشی شڵه‌قانی مێشك بوون.

مه‌كکێنزی وتی: "پێموایە هەڕەشەکە هێشتا زۆرە. پێموانییە بارگرژییەکە خاوبووبێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
4
1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)

بۆچی شه‌ڕ و وێرانكاری؟ له‌ شه‌ڕدا زیان له‌ مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كه‌وێت. من و منداڵه‌كانم له‌ نیگه‌رانییه‌كی به‌رده‌وامدا ده‌ژیین. شه‌ڕ له‌ هه‌موو شوێنێكه‌ و ئه‌مریكا له‌ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب وێرانكاری به‌رپاده‌كات. ته‌نها ده‌مه‌وێت بزانم بۆچی شه‌ڕ و وێرانكاری هه‌یه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌