ئەمریکا چەند هێرشێکی ئاسمانی ئەنجامدا دژی گروپێکی میلیشیای ههواداری ئیران لە عێراق و سوریا، دوو رۆژ دوای هێرشێکی موشەكی بۆسەر بنکەیەکی عێراقی کە بەڵێندەرێکی مەدەنی ئەمریکیی کوشت.
پێنتاگۆن یەکشەممە (29 کانونی یەکەم) رایگەیاند جبەخانەكانی چەك و فەرماندەییهكانی دەزگایەکی کردۆتە ئامانج کە پەیوەندیی ههیه بە ملیشیایەکی عێراقیی ههواداری ئێران بەناوی کەتائیب حیزبوڵاوە لە خۆرئاوای عێراق و خۆرهەڵاتی سوریا.
فڕۆکەکانی ئەمریکا لە هێرشەکانی شەوی یەکشەممەدا لە سێ بنکەی عێراقی و دوو بنکەی سوریی کەتائیب حیزبوڵایان دا.
پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه پێگە بەئامانجکراوەکان جبەخانەی چەك و بنكهی فەرماندەییان تێدابوو کە بەکاردەهێنران بۆ پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش.
هێرشە ئاسمانیهکان تۆڵەكردنهوه بوون له زنجیرەیەك هێرشی موشەکی کە لەکۆتایی تشرینی یەکەمەوە دەستیانپێکرد بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەنێویاندا زیاد لە 30 موشەك رۆژی هەینی نران بە بنکەیهكی سەربازیی عێراقی K1 لە کەرکوك، کە كارمهندێكی گرێبەستی مەدەنی ئەمریکییان کوشت.
چوار کارمەندی ئەمریکا و چەند کارمەندێکی هێزەکانی عێراقیش برینداربوون.
بەرپرسێکی ئەمریکی کە بە مەرجی ناونەهێنان قسهیكرد، وتی بهشێك له هێرشەکەی سهر بنکەی K1 بریتیبوو له لێدانی راستەوخۆی جبەخانەیەکی تەقەمەنی کە بووە هۆی تەقینەوەی زیاتر و ههروهها چوار موشەکی دیکەش لە لولەكانیاندا له لۆرییهكدا دۆزرانەوە له شوێنی هەڵدانی موشهكهكان.
وتەبێژێکی پێنتاگۆن وتی: "لە وەڵامی هێرشی چەندبارەی کەتائیب حیزبوڵادا بۆسەر ئەو بنکە عێراقیانەی شوێنی هێزەکانی هاوپەیمانی ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسکن، هێزەکانی ئەمریکا هێرشی بەرگریکارانەی وردیان کردەسەر پێنج بنکەی کەتائیب حیزبوڵا لە عێراق و سوریا کە لە ئاستی توانای کەتائیب حیزبوڵایان کەمکردەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە داهاتوودا لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ وتی ئەمریکا دەستەوستان راناوهستێت بەرامبەر ئێران "لەکاتێکدا کاری وابکات کە پیاوان و ژنانی ئەمریکی بخاتە مەترسییەوە".
وەزیری بەرگری مارك ئێسپەر یەکشەممە وتی هێرشە ئاسمانیەکان سەرکەوتووبوون و كردهی زیاتری بەدوور نەزانی بۆ "بەرگرتن بە مامەڵەی خراپی گروپە میلیشیاکان یان ئێران لە داهاتوودا".
بەحرەین، کە هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە لە ناوچەکە، دووشەممە رایگەیاند كه پێشوازیدهكات لە هێرشەکان.
پەیوەندی بەهێز بە پاسداران و قودسەوە
پێنتاگۆن پێشتر رایگەیاندبوو كه کەتائیب حیزبوڵا "پەیوەندیی بەهێزی هەیە" بە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران)ەوە.
رایگەیاند كه ئەو میلیشیایە "بەردەوام کۆمەکی مەترسیدار و پشتیوانی دیکەی دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کە بەکاریدەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر" هێزەکانی هاوپەیمانان.
هێزەکانی حەشدی شەعبی، گروپێکی کۆکەرەوەی چەند میلیشیایەك لە عێراق، دووشەممە رایگەیاند كه هێرشەکانی یەکشەممەی ئەمریکا لە عێراق لانیکەم 25 چەکداریان کوشتووە.
حەشد رایگەیاند كه هێرشەکان "25 كهسیان کوشت و 51 كهسی تریشیان بریندارکرد، لەنێویاندا فەرماندە و چەکداران و دەکرێت ژمارەکە زیاد بکات".
بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هەر کەمێك دوای هێرشەکانی ئەمریکا، شەوی یەکشەممە چوار موشەکی کاتیۆشا نزیك بە بنکەی سەربازیی تاجی لە دەرەوەی بەغدا تەقینەوە، کە هێزەکانی ئەمریکای لێیە، بەبێ ئەوەی قوربانییان لێبکەوێتەوە.