عێراقیەکان داوای کۆتاییهێنان دەکەن بە چالاکی دوژمنکارانەی میلیشیاکانی هاوسۆزی ئێران لە وڵاتەکەیان دوای هێرشێك بۆسەر بنکەی ئاسمانی تاجی رۆژی چوارشەممە (11 ئازار)، کە سێ ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا كوژرا و دەیانی دیکەی بریندارکرد.
هێرشەکە، کە 22ههمین بوو بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی تشرینی دووەمەوە، زنجیرەیهك له 18 موشەك بوو کە نران بە بنکە ئاسمانییهكهوه له باکوری بەغدا، یەکێك لەو دەیان بنکانەی سەرانسەری عێراق کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیاندا جێگیرن.
سوپای عێراق رایگەیاند کە موشهكهكان لە پشتی پیکابێکەوە تەقێنراون.
لەکاتێکدا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لە پهنتاگۆن هەینی قسەی دەکرد، فەرماندەی ناوەندی ئەمریکا ژەنەراڵ کێنێس مهكکێنزی پشتڕاستیکردەوە کە پیکابێك بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە بەکارهاتووە و وتی هێزەکانی عێراق دۆزییانهوه و دەستیان بەسەردا گرت.
هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە هێرشەکە لەلایەن میلیشیای کەتائیب حیزبوڵای عێراقیی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە، بەشێوەیەکی "ترسنۆکانە" و ئاماژەیکرد بەوەش كه ئەنجامدەران موشەکەکانیان تەقاندووه و لە شوێنەكه ههڵهاتوون.
مهكکێنزی وتی: "باوەڕمان وایە كه بهدڵنیاییهوه دەوڵەتی ئێران لەپشت کەتائیب حیزبوڵاوەیە و ئێران زۆر ئاگادارە لەوەی چی دەکەن."
دوو سەربازی ئەمریکی و بەریتانییەك لە هێرشەکەدا کوژران، کە بووە هۆی چەند هێرشێکی ئاسمانی شەوانە بۆ سەر جبەخانەکانی کەتائیب حیزبوڵا لە ناوچەی بەغدا.
ئەمریکا بریكارێكی سەرەکیی ئێران دەکاتە ئامانج
ئەو عێراقیانەی هەینی قسەیان بۆ دیارونا کرد وتیان کاتی ئەوەیە مامەڵەی میلیشیاکانی پەیوەست بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) سنوورداربکرێن، کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایش و ئاییندەی وڵاتەکە.
وتیان هێرشەکەی تاجی گەورەترین بوو لەم چەند مانگەی دواییدا لەڕووی قوربانی و ژمارەی ئەو موشەکانەوه كه بە ئامانجەکانی ئەمریکاوە نران لە عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیان پێ تۆمەتبارکراوە، بەتایبەتی کەتائیب حیزبوڵا.
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبیەکان لە سەلاحەدین، سائیر بەیاتی وتی وەڵامەکەی ئەمریکا "بریكارێكی سەرەکی پاسدارانی لە عێراق و ناوچەکە کردە ئامانج، کە کەتائیب حیزبوڵایە" و "بەرپرس بووە لەو جۆرە هێرشانە".
بەیاتی بە دیارونای وت ئهو هێرشانهی بنکەکانی ئەو میلیشیایە و جبەخانەکانی چەکیان كرده ئامانج کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی جەماوەر، چاوەڕوانکراوبوون.
پێشبینی ئەوەشی کرد کە وەڵامی ئەمریکا ئەگەری زۆرە بەوەوە نەوەستێت و ئاماژەیکرد بەوەی دهشێت هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامبن لە بەدووکەوتن و بەئامانجکردنی سەرکردەکانی ئەو میلیشیانەی پەیوەندی نزیکیان بە رژێمی ئێرانەوە هەیە و کاردەکهن بۆ ئەنجامدانی چالاکیە نەگریسەکانی.
وتی بە کوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، قاسم سولێمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شهعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس و سەرکردەکانی دیکەی میلیشیاکان لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئەمریکا جەختیکردەوە لە توانا و نیازی خۆی بۆ بەرگرتن بە پلانەکانی ئێران.
وتیشی ئاماژەی ئەوەی داوە کە بەردەوامدەبێت لە ئەنجامدانی هێرشی لەوشێوەیە ئەگەر ئێران و بریكارانی لە هێرشەکانیان بەردەوامبن.
حکومەتی عێراق دەبێت بەدووی میلیشیاکان بکەوێت
بەیاتی وتی هاوکات، "حکومەتی عێراق پێویستە و لەسەریەتی بەدووی میلیشیاکان بکەوێت و بەرامبەریان بوەستێت" تا بەرگری لە سەلامەتی وڵاتەکە و بەرژەوەندییەکانی بکات و ئهركه نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.
جەختیکردەوە لهوهی سنووردارکردنی نفوزی ئێران بۆتە داوایەکی جەماوەری و لە میلیشیاکان پهسهندناکرێت دەستوەربدەنە ئهمنییهت و سەروەری نیشتمانی پێشێلبکەن بەبێ ئەوەی رووبەڕووی بەرپێگرتنی شیاو ببنەوە.
دانیشتوویەکی بەغدا کە داوایکرد ناوی نەهێنرێت، وتی میلیشیاکانی دڵسۆزی ئێران "بەمدواییانە پەرەیان بە ئۆپەراسیۆنە دوژمنکارانەکانیان داوە لەڕێی هێرشی یەک لەدوای یەکی موشەكهوه بۆسەر ناوچەی سەوز و بنکە سەربازییەکان".
بە دیارونای وت ئەم میلیشیانە دەیانەوێت وڵاتەکە ببێتە "ناوچەی پێکدادان و یەکلاییکردنەوەی دوژمنکارییەکان".
وتی: "میلیشیاکان نابێت بەردەوامبن لە هەڕەشەکانیان و ئەو گروپانە و ئەو کاراکتەرانەی بەڕێوەیان دەبەن دەبێت بەرپرس رابگیرێن لەبەرامبەر چالاکیە مەترسیدارەکانیان کە زیان بە ئهمنییهتمان و سەروەریمان و داهاتووی منداڵەکانمان دەگەیەنن."
وتیشی: "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە بەر بەم چالاکیانە بگیرێت."
ئێمه عێراقیین و ئهمه درۆیه. ئێمه حهشدین؛ ئێمه هێڵی سورین.
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت