هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا 14 مەدەنی و منداڵێك دەکوژن لە ئیدلیب

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

کڵاوسپیەکان رووماڵی ناوچەیەك دەکەن کە بەر تۆپباران کەوتووە لە شاری ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کڵاوسپیەکان رووماڵی ناوچەیەك دەکەن کە بەر تۆپباران کەوتووە لە شاری ئیدلیب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا پێنجشەممە (5 ئازار) لانیکەم 15 مەدەنییان کوشت، لەنێویاندا منداڵێك، لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا، لەکاتێکدا سەرکردەکانی روسیا و تورکیا لە مۆسکۆ پێکگەیشتن بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە، رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ هێرشەکان ناوچەیەکیان کردە ئامانج کە ئاوارە سورییەکان لێی گردبووبوونەوە لە دەرەوەی شارۆچکەی مەعەرەت میسرین.

لە شوێنی هێرشەکان، دوو باڵەخانەی گەورە تاڕادەیەکی زۆر وێران بوون نزیك بە باخە سەوزەکان و فریاگوزاران بە بلدۆزەر کنەوپشکنینی نێو داروپەردوویان دەکرد.

هێرشەکان کێڵگەیەکی مریشکیان وێرانکرد کە خێزانە ئاوارەکانی تێدا دەژیان و دەیان مریشك دەبینران لەنێو تەپوتۆزدا دەخولانەوە.

ئەم ئۆتۆمبیلەی کڵاوسپیەکان لەلایەن فڕۆکە روسییەکانەوە لێیدراوە لەکاتێکدا کارمەنده‌كانی جەستەی مەدەنیەکان و بریندارانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب دەگواستەوە. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

ئەم ئۆتۆمبیلەی کڵاوسپیەکان لەلایەن فڕۆکە روسییەکانەوە لێیدراوە لەکاتێکدا کارمەنده‌كانی جەستەی مەدەنیەکان و بریندارانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب دەگواستەوە. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

دیمەنی وێرانکاری لە شارۆچکەی بنیش له‌ ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب، کە لەوێ بازاڕێكی سەرەکی بەر چەند هێرشێکی ئاسمانی چڕوپڕ کەوت. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

دیمەنی وێرانکاری لە شارۆچکەی بنیش له‌ ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب، کە لەوێ بازاڕێكی سەرەکی بەر چەند هێرشێکی ئاسمانی چڕوپڕ کەوت. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ ژمارەی مردووان دەکرێت بەرزتربببێتەوە چونکە زۆرێك لە برینداران لە دۆخێکی هەستیاردان.

تورکیا چوارشەممە رایگەیاند کە لانیکەم دوو سەربازی دیکەی تورکی لە ئیدلیب کوژران، دوای ئەوەی 34كه‌سی دیکە لە هێرشێکی ئاسمانیدا هەفتەی رابردوو کوژران کە رژێمی سوریای پێ تۆمەتبارکرا.

تورکیا هێرشێکی تەواوی دژی رژێمی سوریا راگەیاند لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا.

لەوکاتەوە سێ فڕۆکەی جەنگی سوریای خستۆتە خوارەوە و دەیان سەربازی رژێم و چەکداری هاوپەیمانی کوشتووە -- زۆربەیان لەڕێی هێرشەوە بە درۆن -- بەگوێرەی چاودێران.

مەدەنیەکان لە هێرشە ئاسمانیەکاندا کوژراون

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت شاری ئیدلیب و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە رووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانی روسیا و سوریا بوونەتەوە کە چوارشەممە زیاد لە 20 مەدەنییان کوشت و دەیانی دیکەیان بریندارکرد.

وتی لەو ژمارەیە، نۆ مەدەنی لە شارۆچکەی فۆعەی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب کوژران و هەشتیش لە شاری ئیدلیب کوژران.

عەساف وتی تیمێکی کڵاوسپیەکان بەر هێرشێکی ئاسمانی روسیا کەوت لەکاتێکدا جەستەی مردووان و بریندارانیان دەگواستەوە.

وتیشی هاوکات، هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی و پۆلیسی سەربازیی روسیا چوارشەممە دەستیانگرت به‌سه‌ر زۆربەی بەشەکانی سەراقیبدا.

وتی شەڕ لە کەنارەکانی سەراقیب و گوندەکانی ناوچەکە بەردەوامە لەگەڵ شارۆچکەکانی ئەفس، سان، نەیرەب، مەعارەت عولیا، ئەبو عەرەب و ساڵحیە.

وتیشی چالاکوانان كوژرانی لانیکەم 70 سەربازی رژێمیان لە سەراقیب تۆمارکردووە و تێکشکانی ژمارەیەکی زۆر لە تانك و ئۆتۆمبیلی سەربازییش.

عەساف ئاماژەیکرد بەوەی ئەو تۆپبارانەی هێزەکانی رژێمی سوریای کردۆتە ئامانج گەیشتۆتە ناوچەکانی حەما و حومس و کەنارەکانی لازقیە کە لە دەرەوەی ناوچە سەرەکییه‌كانی شەڕن.

سەرکردەکانی روسیا و تورکیا کۆدەبنەوە

تورکیا دەیەوێت هێزەکانی رژێمی سوریا هێرشەکەیان بۆسەر پارێزگاکە رابگرن و بگەڕێنەوە پشت هێڵەکانی رێکەوتننامەی 2018 لەگەڵ روسیا.

ماوەیەکی زۆرە پشتیوانیی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنانە دەکات کە شەڕ دژی رژێمی سوریا دەکەن، بەڵام ئەولەویەتی لەئێستادا وەستاندنی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەکانە.

پسپۆڕان دەڵێن سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین بەدوای پێکدادانی تەواوەوە نییە لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆ بەڵام دەیەوێت بەڕوونی بڵێت ئەنکەرە ناتوانێت لەڕێگەی رژێمی سوریادا بوەستێت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکە.

شیکاروانێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتی روسیا، یوری بارمین وتی: "سەرکەوتن لە سوریا بۆتە بابەتی هەیبەت بۆ روسیا -- هه‌روه‌ها بۆ خودی پوتینیش."

سەرەڕای پشتیوانیی لایەنە ناکۆکەکانی شەڕ، روسیا و تورکیا هەوڵیانداوە چارەسەری ئەو شەڕە نۆ ساڵەیە بکەن و بەر بە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ بگرن.

بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا ئەم پەیوەندییە کێشەی تێکەوتووە، بەجۆرێك هەردوولا تۆمەتی پێشێلکردنی رێکەوتننامەی 2018 دەبەخشنەوە، کە ناوچەیەکی بەربەستی دروستکرد و رێگەی دا بە جێگیرکردنی 12 بازگەی چاودێریی تورکیا.

نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سوریا، گه‌یر پیدەرسن، چوارشەممە داوای لە پوتین و سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان کرد "چارەسەرێکی دبلۆماسی دەستبەجێ" بدۆزنەوە بۆ قەیرانەکە" کە "ببێتە رێگر لەبەردەم چەرمەسەریی زیاتر بۆ مەدەنیەکان".

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پێنجشەممە داوای لە ئەوروپا کرد پشتیوانی له‌ ئۆپەراسیۆنه‌ سەربازییه‌كه‌ی تورکیا بکەن لە سوریا، کە زیاد لە 50 سەربازی لەدەستداوە لەوێ و هەوڵدەدات بەر بە هێرشێكی رژێم بگرێت بۆ سەر ئیدلیب، كه‌ روسیا پشتگیریی لێده‌كات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500