هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی رژێمی سوریا لە دەروازەی سەراقیبدان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

پیاوێکی خەڵکی ئیدلیب لە هێرشێكی ئاسمانیی سوریا و روسیا هەڵدێت و کەلوپەلی ناوماڵەکەی کردۆتە پشتی ئوتومبیلێکەوە و بەرەو ناوچە ئه‌مینتره‌كان دەڕوات. [وێنە: ئیدلیب پلەس]

پیاوێکی خەڵکی ئیدلیب لە هێرشێكی ئاسمانیی سوریا و روسیا هەڵدێت و کەلوپەلی ناوماڵەکەی کردۆتە پشتی ئوتومبیلێکەوە و بەرەو ناوچە ئه‌مینتره‌كان دەڕوات. [وێنە: ئیدلیب پلەس]

چالاکوانێکی ناوخۆیی بە دیارونای وت هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی پێشڕەوییان کردووە لە دەوروبەری شاری سەراقیبی هەرێمی ئیدلیب و توانیویانە جڵەوی چەند شارۆچکە و گوندێک بگرنە دەست.

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساب، وتی بەڵام هێشتا ئەو هێزانە لە دەرەوەی سنوورە ئیداریەکانی شارەکەدان و لەجیاتی ئەوەی بەرەو شارەکە پێشڕەویبکەن، رژێم بڕیاری تەوقدانی داوە.

سەرقایب پێگەیەکی ستراتیجیی هەیە، بەتایبەتی پەیوەست بە شاری ئیدلیبەوە کە بنکەی سەرەکی هاوپەیمانی تووندڕەوی تەحریر شامە.

عەساف وتی به‌شێك لەو دوا شارۆچکە و گوندانه‌ی کەوتوونەتە دەست رژێم بریتین له‌: کەفر بەتیخ و دادیخ لە باشوری رۆژهەڵاتی ناوچە گوندنشینەکانی سەراقیب و هه‌روه‌ها ئەنقەرانی، حەزان، ئەرمانیا و مەعەر حەتات.

ئەندامانی برینداری کڵاو سپیەکان دەبینرێن لەدوای هێرشێکی ئاسمانی لە دەوروبەری شاری سەراقیب لە هەرێمی ئیدلیب [وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

ئەندامانی برینداری کڵاو سپیەکان دەبینرێن لەدوای هێرشێکی ئاسمانی لە دەوروبەری شاری سەراقیب لە هەرێمی ئیدلیب [وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

دوکەڵ لە جێگەی هێرشێکی ئاسمانیی روسیا لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بەرزدەبێتەوە. [وێنە: ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

دوکەڵ لە جێگەی هێرشێکی ئاسمانیی روسیا لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بەرزدەبێتەوە. [وێنە: ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

وتی: "ئەمەش روونترین ئاماژەیە کە رژێم هەوڵی گرتنەوەدەستی جڵەوی رێگا سەرەکیەکان دەدات لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی رێگا خێراكانی M5 و M4."

رێگای خێرای M5 دیمەشق دەبەستێتەوە بە شاری حەلەبەوە لەڕێی هەرێمی ئیدلیبەوە.

هەروەها سەراقیب دەکەوێتە سەر خاڵی یەکتربڕینی M4، کە لە خۆرئاواوه‌ بۆ خۆرهه‌ڵات درێژده‌بێته‌وه‌، به‌ ئیدلیبدا و ناوچەی لازقیەی ژێردەستی رژێم دەبەستێتەوە بە حەلەبەوە.

عەساف وتی شەڕێکی قورس لە بەرەکانی تەل مەردیخ و ناوچەکانی دەوروبەری لە باشوری سەراقیب روودەدات کە تیایاندا تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی کۆبوونەتەوە.

وتیشی هێرشی ئاسمانی سوریا و روسیا و هێرشی چڕی موشەک بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی سەراقیب و ناوچەکانی دەوروبەری و ئاڕاستەی هەموو بینا و دامەزراوەکان دەکرێت.

وتی هەروەها نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی و ئوتۆمۆبیلی فریاکەوتنیش کراونەتە ئامانج و بەگوێره‌ی کڵاو سپیەکان نەخۆشخانەی شامی وێرانکراوە و تیایدا پزیشكێک کوژراوە و حەوت رزگارکەریش برینداربوون لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆسەر جێگاکە.

بەگوێره‌ی رێكخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی دووشەممە، لانی کەم نۆ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر ناوچەکە لە خۆرئاوای باکور.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ چواردە هاوڵاتی مەدەنی لە هێرشەکانی یەکشەممەدا کوژران.

راشیگه‌یاند كه‌ سەرجەم قوربانیەکان ئەو ئاوارانە بوون کە بەهۆی پێکانی موشەکێکەوە بە ئۆتۆمبیله‌كه‌یاندا لە کاتی هەڵهاتنیاندا لە ناوچەیەکی شه‌ڕی هەرێمی حەلەب کوژراون، بێئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی هێرشەکە بدات.

بارگرژیەکانی نێوان روسیا و تورکیا

عەساف وتی چەند وێستگەیەکی چاودێری تورکی هەن لە ناوه‌وه‌ و دەوروبەری سەراقیب کە هۆکاری ئەوەن رژێم و هاوپەیمانەکانی نەهاتوونەتە ناو شارەکەوە.

وتی ئەو وێستگانە لە ساڵی 2018 دامەزرێندراون بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای رێکەوتنێكی نێوان تورکیا و روسیا.

وتیشی: "هێزەکانی رژێمی سوریا دوو شەممه‌ لانیکەم پێنج کیلۆمەتر دوور بوون لە شارەکەوە و ئەمەش ئەو دووریەیە کە ماوەی چەند کاتژمێرێکە نەگۆڕاوە."

رێكخراوه‌كه‌ راشیگه‌یاند كه‌ پێکدادانێکی خوێناوی روویدا لەنێوان سەربازەکانی رژێم و تورکیادا دووشەممە دوای ئەوەی شەوی پێشتر پێکدادان روویدابوو بەهۆی ئەوەی هێزەکانی رژێم دەستیانکردبوو بە بۆمبارانکردنی پێگەکانی تورکیا لە ئیدلیب.

وەزیری بەرگری تورکیا وتی چوار سەربازی تورکی کوژراون و نۆ سەربازیش برینداربوون سەرەڕای هەبوونی رێکەوتن لەسەر پێگەی هێزەکانی ئەنکەرە.

وەزیری بەرگری روسیا وتی ئەنکەرە نەیتوانیوە پێشوەختە ئاگاداری پێشکەش بکات لەسەر جوڵەی سەربازەکانی لەکاتی رووداوەکەدا.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ هێرشێكی تۆڵەسەندنەوەی ئەنکەرە دواتر بۆسەر پێگەکانی رژێم بووە هۆی کوشتنی لانیکەم 13 سەربازی رژێمی سوریا و بریندارکردنی 20 سه‌ربازی دیکە لە ئیدلیب و حەمما و لازقیە.

روسیا پابەندی گرێبەستەکە نییە

هەفتەی رابردوو، سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، روسیای بەوە تۆمەتبارکرد کە "پابەند نەبووە" بە گرێبەستەکەوە بۆ رێگرتن لە هێرشەکەی رژێم بۆسەر ئیدلیب.

ئه‌ردۆگان دووشەممە وتی تورکیا چیتر نه‌یده‌توانی "بە بێدەنگی بمێنێتەوە" کاتێک ئەندامانی هێزەکەی ده‌کوژران و روسیای ئاگادارکردۆتەوە كه‌ رێگریی لێنەکات لە وەڵامدانه‌وەکەیدا.

بەرپرسێکی باڵای تورکیا وتی هێرشەکەی رژێمی سوریا بۆسەر سەربازانی تورکیا و هێرشەکەی رژێم بەگشتی "بە پاڵپشتی روسیا" ئەنجامدراون.

وتەبێژی پارتی فەرمانڕەوا، عومەر چێلیک بە سی ئێن ئێن توركی وت: "روسیا دەبێت پاڵپشتی ئەو ئەندامانەی رژێم نەکات کە هێرش بۆسەر هێزەکانی تورکیا ئەنجامدەدەن لە ناوچەکەدا."

رێكخراوی روانگەکە رایگه‌یاند كه‌ بەیانی یەکشەممە، قافڵەیەکی تورکیا کە پێکهاتبوو لە سەدان ئۆتۆمۆبیل هاتنه‌ ناو باکوری سوریاوە و لە هەرێمی ئیدلیب و حەلەبی دراوسێی جێگیربوون.

نیوەی دانیشتوانی هه‌رێمی ئیدلیب ئاوارەبوون لەماوەی شه‌ڕه‌كه‌دا کە زۆرێکیان لەناو شێڵتەری ناجێگیردا لە ناوچە گوندنشینەکانی سەر سنووری تورکیا دەژین.

ئەنکەرە -- کە ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوریای لەخۆگرتووە -- دەترسێت ئەم شه‌ڕه‌ی دواتر ببێتە هۆی شەپۆلێکی دیکە هەڵهاتن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500