سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان دووشەممە (2 ئازار) وتی بەهیوایە بگات بە رێکەوتنێكی ئاگربەست لە سوریا کاتێك دواتر و لەم هەفتەیەدا بە هاوشانە روسییەکەی ڤلادیمێر پوتین دەگات.
دوای چەند هەفتەیەك لە تووندوتیژی لە پارێزگای ئیدلیب، تورکیا یەکشەممە ئۆپەراسیۆنێکی تەواوەتی سەربازیی دژی هێزەکانی سوریای پشتیوان بە روسیای راگەیاند لە باکوری خۆرئاوای سوریا، دوای ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی کە دەوترێت رژێمی سوریا ئەنجامیداوه، 34 سەربازی تورکیای کوشت.
بەڵام ئەنکەرە جەختیکردۆتەوە لەوەی نایەوێت راستەوخۆ پێکدادان لەگەڵ مۆسکۆ بکات.
نوسینگەی ئەردۆگان پیشتر پشتڕاستیکردەوە کە پێنجشەممە کۆبوونەوەیەك لەگەڵ پوتین دەکات لە مۆسکۆ بۆ تاووتوێکردنی برەوسەندنی تووندوتیژییهكه.
لە وتارێکی تهلهفزیۆنیدا بۆ ئەندامانی حیزبەکەی لە ئەنکەرە، ئەردۆگان وتی: "بەهیوام (پوتین) هەنگاوی پێویست بنێت، بۆنمونه وەك ئاگربەست و چارەسەرێك بۆ ئەم کێشەیە بدۆزینەوە."
هاوکات میدیای دەوڵەتی سوریا رایگەیاند كه رژێمی سوریا دووشەممە بەڵێنی دا بەرپەچی ئهو هێزانهی تورکیا بداتەوە کە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی سوریا كه لهلایهن روسیاوه پشتیوانی دهكرێن.
سهرۆكی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، جۆسێپ بۆرێل، یەکشەممە وتی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی کتوپڕ دەکەن بۆ تاووتوێکردنی خراپتربوونی ناكۆكییهكانی سوریا.
لە بەیاننامەیەکدا وتی شەڕی دەوربەری ئیدلیب "هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی"، لهگهڵ ئاکامی خراپی مرۆیی بۆ ناوچەکە و دەرەوەش.
وتیشی یەكێتی ئەوروپا "پێویستی بە دووقاتکردنی هەوڵەکانی هەیە بۆ تاووتوێکردنی ئەم قەیرانە مرۆییە خراپە بەهەر جۆرێك پێی بکرێت".
رژێمی سوریا دەچێتەوە نێو سەراقیب
هێزەکانی رژێمی سوریا، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی روسیا، دووشەممە چوونەوە ناو شارۆچکەی سەراقیب لە باکوری خۆرئاوای سوریا دوای ئەوەی چەند رۆژێك پێشتر کەوتبووە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن، رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند.
بەڵام وتەبێژی ئۆپۆزسیۆن، ناجی مستەفا وتی گوایە هێزەکانی رژێم تەنیا بەشێکی ئەو شارۆچکە چۆڵەیان گرتۆتەوە، کە دەمێکە دانیشتوانی چۆڵیانکردووە.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه رژێمی سوریا یەکشەممە هێزەکانی خۆی و چەکدارانی هاوپەیمانی لە حیزبوڵای لوبنان نارد وەك هێزی پشتیوانی بۆ ناوچەی سەراقیب لە ئامادەکاریدا بۆ هێرشکردنە سەر شارۆچکەکە.
سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی نزیکەی 23 چەکداری ئۆپۆزسیۆن و تووندڕەو کوژران لە هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا و پێکدادانەکانی شەواندا.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه زیاد لە 90 سەربازی رژێم هەینی لە بۆمبارانێكی تورکیادا کوژران، لەگەڵ 10 چەکداری حیزبوڵای هاوپەیمانی.
سەراقیب کەوتۆتە سەر دووڕیانی هەردوو شاڕێگەی M4 و M5 کە دیمەشق و قهڵاكهی سهر دهریای رژێم له لازقیە دەبەستنەوە به حەلەبهوه.
تورکیا دوو فڕۆکەی جەنگیی سوریا بەردەداتەوە
میدیای دەوڵەتی سوریا یەکشەممە رایانگەیاند كه هێزەکانی رژێم درۆنێکی تورکیایان نزیك بە سەراقیب بەرداوەتەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند كه هێرشی درۆنەکانی تورکیا لە پارێزگای ئیدلیب یەکشەممە 19 سەربازی رژێمیان کوشت، لە هێرشێکدا بۆسەر کاروانێکی سەربازی لە ناوچەی جەبەل زاویە و بنکەیەکی نزیك بە مەعەرەت نوعمان.
راپۆرتەکە چەند کاتژمێرێك دوای ئەوە هات كه تورکیا دوو فڕۆکەی جەنگیی سوریای خستەخوارەوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند: "سیستمێکی دژە فڕۆکە کە یەکێك لە درۆنە موشەکدارەکانمانی خستە خوارەوە لەگەڵ دوو سیستمی دیکەی دژە فڕۆکە تێکشکێنران و دوو فڕۆکەی SU-24ی رژێمیش کە هێرشیان دەکردە سەر فڕۆکەکانمان خرانەخوارەوە."
چالاکوانێكی ناوچەکە، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت دوو فڕۆکە جەنگیە SU-24کەی هێزی ئاسمانی سوریا لە ناوچەی ئیدلیب خرانەخوارەوە لەکاتێکدا ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێکی ئاسمانی نزیك بە سەراقیب.
وتی چەندین چالاکوان شایەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکان و دابهزینی فڕۆکەوانەکان بوون بۆسەر زەوی بە پەرەشوت و بە بەڵگەیان کرد.
وتیشی جگه لەو دوو فڕۆکە جەنگییە، رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی لەم چەند شەڕەی دواییدا چەندین ئامرازی سەربازییان لەدەستداوە، لەنێویاندا دەیان تانك و ئۆتۆمبیلی سەربازی.
چەندین ئەندامی میلیشیای هاوپەیمانی پاسداران کوژراون
ئیدلیبی وتی دەیان ئەندامی میلیشیاکانی هاوپەیمان لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لەم شەڕانەی دواییدا لە بەشەکانی ئیدلیب کوژراون.
بە دیارونای وت بەگوێرەی سەرچاوەکانی ناوچەکە، 12 چەکداری حیزبوڵای لوبنان کوژران و دەیان چەکداری دیکەی حیزبوڵا برینداربوون.
وتی چەندین راپۆرت باس لە جەستەی مردووان دەکەن لەژێر داروپەردووی ئەو بینایانەدا كه بەر تۆپبارانی سەخت کەوتن.
ئیدلیبی وتی راپۆرتەکان لە میدیای ئێرانی و خۆجێی پشتڕاستیان کردەوە کە 18 چەکدار لە میلیشیای زەینەبیون کوژراون (کە پێکهاتوون لە چەکداری پاکستانی) و سێ لە میلیشیای فاتمیون (کە لە چەکداری ئەفغانی پێکهاتوون) کوژران، کە هەردوولایان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
وتی چالاکوانانی ناوچەکە مەرگی دەیان ئەندامی هێزەکانی رژێمی سوریایان بە بەڵگە تۆمارکردووە، کە ئەفسەر و سەربازیان تێدایە، بەجۆرێك راپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن كه زیاد لە 50 لە شەڕەکەی ئیدلیبدا کوژراون.
وتیشی زۆری دیکە لە تۆپبارانی گروپەکانی پشتیوان بە تورکیا و تۆپبارانی تورکیادا کوژران لەگەڵ هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، کە لەنێو خەڵکدا بە درۆن ناودەبرێن.
ئاماژەیکرد بەوەی ئەو هێزانە رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە وەستاندنی پێشڕەویی هێزەکانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە رژێمدا.