تورکیا نزیکەی 150 ئۆتۆمبیلی سەربازیی بە هێزی تایبەت و تەقەمەنیەوە وەك هێزی پشتیوانی ناردووە بۆ بازگەکانی چاودێری لە ههرێمی ئیدلیبی سوریا، میدیای تورکیا هەینی (7 شوبات) رایانگەیاند.
سەرچاوەیەکی ئەمنی تورکی رایگەیاند كه ئەوە تەنیا هێزی پشتیوانی بووە بۆ 12 بازگە کە لە رێککەوتنێكدا لەگەڵ روسیا لە 2018 دامەزران بۆ رێگرتن لە هێرشی رژێمی سوریا.
تورکیا دەڵێت سێ لە بازگەکانی دەرەوەی، کە لە باشوری خۆرهەڵاتی ناوچەکەن، لەئێستادا لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە گەمارۆدراون لەکاتێکدا رژێم بەردەوامە لە هێرشەکەی.
پێشتر لەم هەفتەیەدا، سوپای تورکیا لە پێگەیەکی دیکەی سەراقیب تۆپبارانی هێزەکانی رژێمی کرد بۆ رێگرتن لە گەمارۆدرانی.
سەرچاوە ئەمنیەکە وتی ئەولەویەتی تورکیا وەستاندنی پێشڕەویی سوریا و جێگیرکردنەوەی ئاگربەستەكهیه و جەختیکردەوە لەوەی هیچ سەربازێکی تورکیا ناگوێزرێتەوە.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه هێزەکانی رژێمی سوریا پێنجشەممە چەند بەشێکی گەورەی شاڕێگە سەرەکیەکەی شارۆچکەی سەراقیبیان گرت.
شەڕی سەراقیب، کە لەسەر دوو شاڕێگەی سەرەکییە و رژێم دەیەوێت بیانگرێت، رۆژێك دوای ئەوە هات ئەنکەرە هۆشداریی دا بە هێزەکانی سەر بە رژێم کە بکشێنەوە.
رێکخراوەکە رایگەیاند دوای ئەوەی چوارشەممە چوونە سەراقیبەوە، هێزەکانی رژێمی سوریا پێنجشەممە چەند بەشێکی گەورەی شارۆچکەکەیان گرت دوای رۆژێك لە چەند شەڕێکی سەخت دژی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارانی تووندڕەوی هاوپەیمانی تەحریر شام.
هێزەکانی رژێم بەرپەچی "دژە-هێرشێك"یان دایەوە لە سەراقیب، شارۆچکەیەك کە 110,000 کەسی تێدابوو، لەئێستادا تاڕادەیەك چۆڵە بەهۆی چەند مانگێك لە بۆمبارانەوە.
تورکیا، کە هێزەکانی لە باکوری خۆرئاوای سوریا جێگیرە، بەردەوام داوا لە رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکەی، روسیا، دەکات هێرش دژی ئیدلیب بوەستێنن.