پەنابەران

پێشڕەویی رژێم لە حەلەب ده‌بێته‌ هۆی هەڵهاتنی 900,000 سوری

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

image

ژنێکی سوری لەگەڵ منداڵەکانی لە زەوییەکی قوڕاوییدان لە کەمپی ئاواره‌كانی وەشوکانی لە ناوچەی زۆرینە کوردی حەسەکە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، 17 شوبات 2020. [دەلیل سولەیمان/ئاژانسی فرانس پرێس]

هێزەکانی رژێمی سوریا بەردوامن لە هێرشەکەیان بۆ راماڵینی دوایین قەڵای ئۆپۆزسیۆن لە باکوری سوریا، هەرچەندە رێکخراوەکانی هاوکاری مرۆیی و چالاکوانانی ناوخۆ هۆشداریدەدەن لە دەرئەنجامە "تۆقێنەرەکان"ی بۆ مەدەنییەکانی ناوچەکە.

سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد دووشەممە ( 17شوبات) لە وتاریكیدا لەسەر تەلەفزیۆنی دەوڵەت وتی: "شەڕی رزگارکردنی پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلیب بەردەوام سەرباری هه‌موو ئه‌و هه‌وا گه‌رمه‌ی له‌ باكوره‌وه‌ دێت،" له‌ ئاماژه‌كردنێكدا به‌ هۆشدارییه‌كانی توركیا.

به‌ڵام هێرشەکە دەرئەنجامی زۆر خراپی لێکەوتۆتەوە و سەدان هەزار مەدەنی ئاوارە بوون و مەلۆتکەکان لە سەرمادا دەمرن چونکە کەمپی ئاوارەکان پڕن.

بەگوێره‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکەی رژێم کە روسیا پشتیوانیی دەکات، ئاوارەبوونی 900,000 کەسی لێکەوتۆتەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی لە کانونی یەکەم.

image

سەربازانی سوپای سوریا پێشڕەویدەکەن لەسەر رێگایەك لە دێهاتەکانی باکوری حەلەب له‌ 17 شوبات 2020. [ئاژانسی فرانس پرێس]

image

دوکەڵ بەرزدەبێتەوە دوای ئەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا ناوچە مەدەنییەکانیان پێكا لە دێهاتەکانی حەلەب. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوری]

سەرۆکی کاروباری مرۆیی و هاوکاری بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان مارك لۆوکۆك وتی: "قەیرانەکە لە باکوری رۆژئاوای سوریا گەیشتۆتە ئاستێکی تۆقێنەر."

دووشەممە وتی ئاوارەکان زۆربەیان منداڵ و ژنن کە "دووچاری كێشه‌ی ده‌روونی بوون و لە دەرەوە لەبەر سەرمای پلەی بەستن دەخەون چونکە کەمپەکان پڕن. دایکەکان پلاستیك دەسوتێنن تا منداڵەکانیان گەرمبکەنەوە و مەلۆتکە و منداڵە بچوکەکان بەهۆی سەرماوە دەمرن."

لۆوکۆك وتی: "تەنیا بژاردە ئاگربەستە."

دواهه‌مینی تووندوتیژییەکان سێشەممە دوو مەدەنییان کوشت، یەکێکیان لە هێرشی ئاسمانی روسیادا و ئەویتر لە تۆپبارانی رژێمدا کوژران.

ئاژانسی هەواڵی فارس رایگه‌یاند كه‌ ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران، کە پشتیوانی ئەسەدە، لە هێرشێکی موشەکیدا کوژرا.

داواکردنی داڵانی مرۆیی

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیڤید سوانسن سێشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "تەنیا لە چوار رۆژی رابردوودا نزیکەی 43,000 کەس لە رۆژئاوای حەلەب هەڵهاتوون و ئاوارەبوون بەهۆی ئەوەی شەڕ لەو شوێنە زۆر سەخت بووە."

وتی لە سەرەتای شوباتەوە، ژماره‌ی ئاوارەکان له‌ ده‌وروبه‌ری 300,000 کەسدا بوو.

نوسینگه‌ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی رایگه‌یاند كه‌ هەفتەی رابردوو پلەی گەرمی 7 پلە لەژێر سفرەوە بووە لە هەندێك ناوچە.

راشیگه‌یاند: "ئەو خێزانانەی توانیویانە هەندێك کەلوپەڵ لەگەڵ خۆیاندا بەرن کە هەڵهاتوون لە ماڵەکانیان، دەوترێت هەرچییەك دەدۆزنەوە دەیسوتێنن، وەك کەلوپەلی ناوماڵ و هەرشتیك کە بەکاربێت بۆئەوەی بۆ ماوەیەك خۆیانی پێ گەرمبکەنەوە."

سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ میشێل باچێلێی داوای دامەزراندنی داڵانە مرۆییەکانی کرد بۆ مەدەنیەکان تا رێگریبکرێت لە لەدەستدانی زیاتری ژیانی مەدەنییەکان.

لە بەیاننامەیەکدا وتی: "لەکاتێکدا هێرشەکەی حکومەت بەردەوامە و خەڵك تا دێت روو لە شوێنی بچوكتر و بچوكتر دەکەن، دەترسم خەڵكی زۆرتر بکوژرێن."

شەپۆلێکی مەزنی ئاوارەکان

هەرێمی ئیدلیب و بەشێك لە پارێزگای حەلەبی هاوسێی شوێنی نزیکەی سێ ملیۆن دانیشتوانن، كه‌ نیوەیان پێشتر بە ئاوارەیی هاتوون لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە

لە چەند هەفەتەی رابردوودا، هێزەکانی رژێمی سوریا و هەوادارەکانی کە روسیا پشتیوانییان دەکات هێرشەکانیان زیادکرد دژی ئۆپۆزسیۆن و گروپە تیرۆریستیەکان له‌ هەرێمەکە.

زۆربەی ناوچە بەرفراوانەکانی ئیدلیبیان گرتۆتەوە له‌گه‌ڵ شوێنە سەرەکییەکان كه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌مینكردنی رێگای خێرای M5 کە زۆر گرنە چونکە دیمەشق و حەلەب پێکەوە دەبەستێتەوە و بەناو شارەکانی حومس و حەمادا تێده‌په‌ڕێت، لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری شاری حەلەب بۆ یەکەمجارە لە 2012 بەدواوە.

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت: "شەپۆلێکی مەزنی [ئاوارەکان] گەیشتۆتە باکوری سوریا و بۆ ئەو ناوچانە ده‌چن كه‌ هەندێك ئەمینترن لە نزیك سنووری تورکیا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای رژێمی سوریا و میلیشیا هەوادارەکانی پێشڕەوییان کرد لە ناوچەکانی باشور و رۆژئاوای شاری حەلەب،" کە تەحریر شام تیایاندا لە 80 شارۆچکە و گوند و بازگە کشایەوە.

وتی: "رەوشی ئاوارەکان تراژیدییە و بەسەر کەمپی نافەرمیدا بڵاوبوونەتەوە" لەکاتێکدا پلەی گەرمی بەردەوام لە نزمبوونەوەدایە.

وتیشی هەزاران مەدەنی ئێستا لە حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری هەڵدێن و لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە گێچەڵیان پێدەکرێت و دەستگیردەکرێن بە بەهانەی ئەوەی سەر بە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنن.

هه‌روه‌ها وتی ترسی بەزۆرەملێ كردنه‌ سەرباز فاکتەرێکی دیکەیە.

تووندوتیژیی کوێرانە

پارێزەری سوری بەشیر بەسام بە دیارونای وت ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان نیشانیدەدات كه‌ رژێم گوێناداتە خەڵكه‌كه‌ی خۆی.

وتی: "چۆن رژێم دەتوانێت بڵێت پارێزگاری لە مەدەنییەکان دەکات لەکاتێكدا بۆردومانی ماڵەکانیان دەکات و سەدانیان بە پشتیوانیی روسیا کوژراون؟"

وتیشی: "ئەوەی روودەدات بەرفراوانبوونی هەژمونی روسیایە لەسەر حسابی خەڵكی سوریا."

لۆوکۆك لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا كه‌ تووندوتیژییەکە "کوێرانە" ئەنجامدەدرێت.

وتی: "دەزگاکانی تەندروستی، قوتابخانەکان، ناوچەکانی نیشتەجێبوون، مزگەوتەکان و بازاڕەکان پێکراون. قوتابخانەکان داخراون، زۆربەی دەزگاکانی تەندروستی داخراون. مەترسییەکی گەورە هەیە نەخۆشی بڵاوببێتەوە. ژێرخانە ئابوورییە سەرەتاییەکان لە داڕوخاندان."

وتی: "راپۆرتمان پێگەیشتووە كه‌ شوێنی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان پێکراون وبریندار و کوژراو هەن کە بوونەتە هۆی ئاوارەیی زیاتر."

وتیشی ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاریکردنی گەورە کە لە سنووری تورکیاوە بەڕێوەیە "له‌ژێر گوشاردایه‌". هه‌روه‌ها وتی: "ئامێر و دەزگاکانی لەلایەن فەرمانبەرانی بەخشینی هاوکارییەوە بەکاردەهێنرێن زیانیان پێكه‌وتووه‌، کارمەندانی مرۆیی خۆیان ئاوارەبوون و كوژراون."

کۆشکی سپی رایگەیاند كه‌ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ یەکشەممە (16 شوبات) داوای لە روسیا کردووە پشتیوانی خۆی رابگریت بۆ "کردەوە دڕندانەکانی" رژێمی سوریا لە هەرێمی ئیدلیب.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)