هێرشێكی رژێمی سوریا بە پشتیوانی روسیا لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری رۆژئاوا یەكێك لە گەورەترین شەپۆلەکانی ئاوارەیی لە شەڕەکەدا لێکەوتۆتەوە.
هێرشە ئاسمانییەکان بەدرێژایی چەندین هەفتە هاوکاتی هێرشێکی زەمینی بەهێز ئەنجامدران و چەندین شارۆچکەیان بەتەواوی چۆڵکردووە لە ئیدلیب و ژمارەیەکی زۆر لێیان هەڵهاتوون بەرەو سنووری تورکیا لە باکور.
وتەبێژی نوسینگهی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی، دەیڤد سوانسن، وتی: "لە 1 کانونی یەکەمەوە نزیکەی 520,000 کەس ئاوارەبوون و لەسهدا 80یان ژن و منداڵن."
کۆڕەوەکە هاوکاتی زستانێکی سهخته
سوانسن وتی: "ئاوارەیی ئەمدواییە بارێکی دیکەیە بەسەر ئەو رەوشە خراپە مرۆییەوهی لهئارادایه، لەکاتێکدا 400,000 لە کۆتایی نیسانەوە تا کۆتایی ئاب ئاوارە بوون، هەندێكیان چەندین جار ئاوارهبوونەتهوە."
وتی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر نیگەران بووە بە هاواری زیاتر لە 3 ملیۆن کەس، كه نیوەیان ئاوارەن، كه لە ئیدلیب و چواردەوری دەژین.
رژێمی سوریا و هاوپەیمانەکانی لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستیانگرتۆتەوە بەسەر چەندین گوند و هەندێك شارۆچکەی گەورەدا، لهنێویاندا مەعرەت نوعمان، له ههرێمهكه كه زۆرینەی لهژێردهستی هاوپەیمانی توندڕەوەی تەحریر شامدایه، لهوێشهوه بهرهو باکور پێشڕهوی دهكهن.
تورکیا، کە چەند ملیۆن ئاوارەی سوریی لێیە، مکوڕە لەسەر وەستاندنی شەپۆلێکی دیکەی ئاوارە.
سەرۆکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس شەممە داوای لە هەموو لایەك کرد تووندوتیژی راگرن و رێگە بکەنەوە بۆ ئەنجامدانی هەوڵە پێویستە مرۆییەکان.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دووشەممە نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی رەوشی هەرێمەکە بەرەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی دەچێت.
بەڕێوبەری ناوچەیی رێكخراوهكه، ریك برێنان وتی: "دەستنهگەیشتن بە دەرمان و نهبوونی پاکوخاوێنیی پێویست و پشێوی و ئاوارەیی بەکۆمەڵ مەترسی گەورەن بۆ بڵاوبوونەوەی سورێژە و رەوانی و نەخۆشییەکانی دیکە."
قوربانییە مەدەنییەکان
چالاکوانێکی ناوخۆیی بە دیارونای وت چەندین مەدەنی کوژران و برینداربوون لەکاتی هەڵهاتنیاندا لە دێهاتەکانی حەلەب و ئیدلیب لەکاتی هێرشە ئاسماننیەکان و تۆپبارانەکاندا.
چالاکوان هیشام ئیدلیبی وتی هیزەکانی رژێم دووشەممە تۆپبارانی پاسێكیان کرد لە ناوچەی جەمعییەت رەحال لە ناوچه گوندنشینهكانی حەلەب و خیزانێکی نۆ کەسییان کوشت -- سێ ژن و چوار منداڵ و دوو پیاو.
وتی بەرەبەیانی هەمان رۆژ، فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا چەند خانوویەکی مەدەنییان بۆردومانکرد لە نزیك شارۆچکەی عەرناز و منداڵێكیان کوشت و ژمارەیەك مەدەنییان بریندارکرد و دار و تراکتۆری کشتوکاڵییان سوتاند.
ئیدلیبی وتی شارۆچکەی ئوم کوبرا لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی سوریاوە کرایە ئامانج و دوو مەدەنییان کوشت و لانیکەم 10 کەسی دیکەیان بریندارکرد.
وتیشی قوربانییە مەدەنییەکان و دووبارەبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکان هاوکاتی ئەو شەڕە سەختەن کە لە رۆژئاوای شاری حەلەب روودەدەن لە ناوچەی جەمعییەت زەهرا لەنێوان رژێمی سوریا و گروپە چەکدارەکانی لەو شوێنە بوونیان هەیە.
ههروهها وتی هەردوولا ئیستا شەڕدەکەن بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەکانی راشیدین 5 و راشیدین 4 و حورش ئەلسەحهفیین و بحوس ئهلعیلمیه (بنکەی لێکۆڵینەوەی سەربازی) لەگەڵ شوهیحنا و بیوت موحەنا.
ئیدلیبی بە دیارونای وت هەردوولا ژمارەیەکی زۆر قوربانییان داوە و لانیکەم 50 کوژراون و دەیانی دیکە بریندارن.
ئەوەی زیاتر گرژییەکانی ئاڵۆزترکرد سوپاکانی سوریا و تورکیا دووشەممە کوشندەترین ناکۆکییان بەخۆوە بینی لەوكاتهوهی ئەنقەرە هێزی ناردە سوریا له 2016.