هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی رژێمی سوریا زۆربەی مەعرەت نوعمان ده‌گرنه‌وه‌

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

کارمەندێکی بەرگری شارستانی سوریا منداڵێکی بەدەستەوەیە کە لەژێر داروپەردوودای خانووەکەیدا لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب دەریهێناوەته‌وه‌، کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیا و سوریاوه‌ کرایە ئامانج. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کارمەندێکی بەرگری شارستانی سوریا منداڵێکی بەدەستەوەیە کە لەژێر داروپەردوودای خانووەکەیدا لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب دەریهێناوەته‌وه‌، کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیا و سوریاوه‌ کرایە ئامانج. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هێزەکانی رژێمی سوریا سێشەممە (28 کانونی یەکەم) کۆنترۆڵی زۆربەی مەعرەت نوعمانیان کردەوە، شارۆچکەیەکی گرنگ و سمبوڵیی نیمچەچۆڵ کە دواهەمەین ناوچەی گەورەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، میدیای دەوڵەت و چاودێرێکی شەڕ رایانگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی سانای زمانحاڵی دەوڵەت رایگەیاند: "سوپای سوریا دەستیگرتەوە بەسەر گەڕەکەکانی مەعرەت نوعماندا" و لەئێستادا ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان شه‌نوكه‌و ده‌كات.

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە زۆربەی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن و توندەڕوەکان هاتنەته‌ دەرەوەی شارۆچکەکە دوای ئەوەی هێزەکانی رژێم لەو رۆژەدا لە چەندین بەرەوە وروژمیان برده‌ ناو شارۆچکەکەوە.

راشیگەیاند کە هێزەکانی رژێم لەگەڵ ئەو ژمارە کەمەی چەکداراندا شەڕیانکرد کە لە ناوچەکە مابوونەوە و خۆیان حەشاردابوو، کە لە 2012ەوە لەژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندایە.

مەعرەت نوعمان، کە تاڕادەیەک چۆڵکراوە دوای چەندین مانگ لە بۆردومانکردن، دەکەوێتە سەر شاڕێگەی M5 کە دیمەشق بە حەلەبه‌وه‌ دەبەستێتەوە، کە دووەمین شاری سوریایە.

بە کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچكه‌كه‌، رژێم هەنگاوێک نزیکبووه‌وه‌ لە بەتەواوی کۆنترۆڵکردنی ئیدلیبی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و شاڕێگەی M5 کە بەنێویدا دەڕوات.

شەڕێکی تووند لە باشوری خۆرئاوای ئیدلیب

رێکخراوەکە رایگەیاند کە هێزەکانی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکان لە هەینییەوە دەستیانگرتووە بەسەر 25 شارۆچکە و دێهاتدا لە دەوروبەری مەعرەت نوعمان، کە بەتەواوی دەورەدراوە.

چالاکوانێکی ناوخۆ بە دیارونای وت دووشەممە چەند پێشڕەوییەک بەرەو گوند و شارۆچکەکانی باشوری خۆرهەڵاتی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب هەبوون، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی روسیا و سوریا رێیان بۆ دەیان هێرشی ئاسمانی خۆشکرد.

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف وتی هێزەکانی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانی "توانییان پێشڕەوییەکی زۆر بکەن لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب لەدوای کشانەوەی تەحریر شام و چەکدارانی میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ".

وتی ئەو شارۆچکانەی کەوتوونەتە دەستی رژێم بریتین لە مەعەر شورین، مەعەر شەمشە، تەلەمنیس، غەدەف و دیر شەرقی، لەگەل بابولین، سەهیان، کەفر باسین، ساڵحییە، بسەیدا و مەعەر حەتات لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب.

وتیشی چەندین بنکە پزیشکی و نەخۆشخانە راستەوخۆ کرانە ئامانج و لە خزمەتگوزاری خران و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە کارمەندێکی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاو سپییەکان) کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش لە هێرشە ئاسمانییەکاندا برینداربوون.

عەساف وتی: "نەخۆشخانەی ئیمان لە شارۆچکەی سارجە بەتەواوی وێرانکرا و به‌هه‌مانشێوه‌ ناوەندێکی کاتیی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە شارۆچکەی مەعرەت ئارتیک لە باکوری ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب و ناوەندێکی تر لە شارۆچکەی تەلمنیس."

وتیشی چەندین ئۆتۆمبیل کە وەک ئەمبوڵانس بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بەکاردەهێنران لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کرانە ئامانج.

بۆردومانکردنی مەدەنییەکان

عەساف وتی بەگوێرەی داتاکانی بەرگری شارستانی سوریا لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، 95 مەدەنی، لەنێویاندا 32 منداڵ و خۆبەخشێکی بەرگری شارستانی، لە شەڕەکەدا کوژراون.

وتی نزیکەی 200 مەدەنی تر بریندارکران، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ژن.

لە ناوچەکانی باکوری مەعرەت نوعمان، لەم چەند رۆژەی پێشوودا بۆردومانەکانی روسیا بوونەتە هۆی هێنانە ئارای شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون، هەروەها سەدان ئۆتۆمبیلیش رێگایه‌كی سه‌ره‌كیی چوونەدەرەوەیان بەرەو ناوچەکانی سەر سنووری تورکیا جه‌نجاڵكردووه‌.

زۆربەیان بەرەو شارۆچکەی سەراقیب و ناوچەی جەبەل زەوایە هەڵدێن.

بەگوێرەی رێکخراوەکە، روسیا ناوچەکانی دەوروبەری رێگا سەرەکییەکانی چوونەدەرەوەی بۆردومانکردووە، سەرباری لێشاوی هەڵهاتنی مەدەنییەکان.

میستی بەسوێڵ لە کۆمیتەی نێوده‌وڵه‌تی به‌هاناوه‌چوون هۆشداریدا کە زیادبوونی بارگرژییه‌كانی ئەمدواییە "تەنیا لەو کارەساتە مرۆییە زیاد دەکات کە له‌ڕووداندایه‌".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500