هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بارگرژیه‌كانی ئیدلیب تاووتوێدەکات

ئاژانسی فرانس پرێس

دیمەنێک کە لە ئاسمانەوە گیراوە لە 5 شوبات، شارۆچکەی ئه‌ریحە پیشانده‌دات لە باکوری ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئیدلیب لە دوای هێرشێکی هێزەکانی سەر بە رژێم. [عومەر حاج کادور\ئاژانسی فرانس پرێس]

دیمەنێک کە لە ئاسمانەوە گیراوە لە 5 شوبات، شارۆچکەی ئه‌ریحە پیشانده‌دات لە باکوری ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئیدلیب لە دوای هێرشێکی هێزەکانی سەر بە رژێم. [عومەر حاج کادور\ئاژانسی فرانس پرێس]

بڕیاربوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێنجشەممە (6 شوبات) کۆبببێتەوە بۆ دانیشتنێکی بەپەلە لەسەر سوریا، لەکاتێکدا هێزەکانی رژێمی سوریا بەردەوامن لە هێرشەکەیان بە پشتیوانی روسیا لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا.

کۆبوونەوەکە کە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیاوه‌ لەگەڵ نوێنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا گێیر پێدەرسن داواکراوە، پێدەچێت دۆخی ئیدلیب بخاتە بەرباس.

تورکیا پێنجشەممە داوای لە روسیا کرد بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشه‌كه‌ی سوریا، کە ئەو رێکەوتننامەی ئاشتییەی پێشێلکرد کە له‌كاردابوو، بووە هۆی شەڕ و پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هێزەکانی تورکیا و سوریادا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوت چاوشئۆغڵو وتی: "ئێمە چاوەڕێی ئەوە لە روسیا دەکەین هەرچی زووە رژێم بوەستێنێت."

کۆمەڵێک سوری لە پشتی پیکابێکدا کە پڕکراوە لە کەلوپەل لە شارۆچکەی حەزانۆی باکوری ئیدلیب، لە 6 شوبات، لەکاتێکدا خەڵک بەهۆی هێرشە بەردەوامەکەی رژێمه‌وه‌ ناوچەکە بەجێدەهێڵن. [عارف تەماوی\ئاژانسی فرانس پرێس]

کۆمەڵێک سوری لە پشتی پیکابێکدا کە پڕکراوە لە کەلوپەل لە شارۆچکەی حەزانۆی باکوری ئیدلیب، لە 6 شوبات، لەکاتێکدا خەڵک بەهۆی هێرشە بەردەوامەکەی رژێمه‌وه‌ ناوچەکە بەجێدەهێڵن. [عارف تەماوی\ئاژانسی فرانس پرێس]

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان چوارشەممە داوای لە رژێمی سوریا کرد سەربازەکانی بكشێنێته‌وه‌ له‌ بنکە چاودێرییە سەربازییەکانی تورکیا لە ئیدلیب.

لەژێر رۆشنایی رێکەوتنەکەی 2018 لەگەڵ روسیادا، تورکیا 12 بنکەی چاودێری هەیە لە ئیدلیب بەمەبەستی رێگریکردن لە هێرشێکی رژێم.

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە بنکەکانی مۆرێک و سورمان لە ئێستادا لەلایەن رژێمەوە دەورەدراون و سەربازانی تورکیاش لە بنکەیەکی دیکە لە سەراقیب چوارشەممە هێزەکانی رژێمیان تۆپبارانکرد بۆ رێگریکردن لە دەورەدانیان.

تورکیا هێشتا سەرنجی خۆی لەسەر شەڕ و پێکدادانەکانی سەراقیب نەداوە، بەڵام چاوشئۆغڵو وتی رێنادات بە "تووندوتیژی" له‌لایه‌ن هێزەکانی رژێمی سوریاوه‌.

پشتگیری ئەمریکا له‌ تورکیا

ئەمریکا چوارشەممە پێشنیاری یارمەتیدانی تورکیای کرد و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی کرد بۆ گوشارکردن لە رژێمی سوریا و روسیا بۆ راوەستاندانی هێرشە گەورە نوێکەیان.

جەیمس جێفری، نێردەی ئەمریکا بۆ بارودۆخی سوریا، وتی ئەمریکا "زۆر زۆر نیگەرانی ئەو بارگرژییە زۆر ترسناکەیە" کە لە ناوچەی ئیدلیب به‌رپابووه‌.

جێفری وتی: "بەدڵنیاییەوە، لە سەپاندنی سزای زیاتر لاریمان نییە."

هەرچەندە تەحریر شام بنکەکانی پتەوترکردووە وەک سەرەکیترین یەکەی دژە رژێم لەسەر زەوی، جێفری وتی گومانی هه‌یه‌ لە وتەکانی روسیا دەربارەی ئەوەی کە کەوتۆتە بەر هێرشی هاوپەیمانییە تووندڕەوەکەوە.

جێفری وتی: "ئێمە تەنها کردەوەی سەربازی جارجارەمان بینیووە، نەک هی بەهێز و بەرچاو لە بەشەکەی خۆیان لە دژی روسیا."

وتی: "روسییەکان ئەمە وەک بیانوویەک بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشە تووندانە لە دژی مەدەنییەکان."

جێفری وتی چارەسەرە بەپەلەکە دەبێت "ئاگربەستێکی هەمیشەیی بێت" پێش قسەکردن له‌سه‌ر "هەموو کێشەکان" لەنێویشیاندا دۆخی چەکدارەکان.

هێزەکانی رێژێم دەچنە نێو سەراقیبەوە

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند چوارشەممە چووەتە نێو شارۆچکە ستراتیجییەکەی سەراقیبه‌وه‌.

سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی هێزەکانی رژێم چوونەتە نێو سەراقیبەوە دوای ئەوەی سەدان چەکداری تەحریر شام و هاوپەیمانانی بەرەوە باکور پاشەکشەیانکرد.

وتی: "هێزەکانی رژێم دەستیانکردووە بە رێکخستنی گەڕەکەکانی سەراقیب و نزیکن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی رێگای M5."

شارۆچکەکە دەکەوێتە سەر دوو رێگای سەرەکییەوە، M4 و M5، كە رژێم چاوی لەوەیە کۆنترۆڵیان بکاتەوە.

رێگای M5 دیمەشق و حەلەب لە باکورەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بە ئیدلیبدا تێدەپەڕێنێت، لەکاتێکدا رێگای M4 حەلەب و شاری لازقییە پێکەوە دەبەستێتەوە.

هەفتەیەک پێش ئێستا، هێزەکانی رژێم -- بە پشتیوانی روسیا --شارۆچکەی مەعرەت نوعمانیان کۆنترۆڵکرده‌وە کە دەکەوێتە سەر رێگای M5.

داواکاری بۆ رێڕەوێکی مرۆیی

یەکێتی ئەوروپا داوای کۆتاییهێنان بە بۆردومانەکانی باکوری خۆرئاوای سوریا و کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی دەکات.

سەرۆکی دیپلۆماسیی یەکێتی ئەوروپا جۆسێپ بۆرێل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ کۆمسیۆنی کاروبارە مرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپا یانێز لێنارچیچ وتیان: "بۆردومانەکان و هێرشەکانی دیکەی سەر مەدەنییەکان لە باکوری خۆرئاوای سوریا دەبێت بوەستێنرێن."

بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی ئەوروپا داوای "هاوکاریی مرۆیی بێ بەربەستیان بۆ ئەو کەسانەی پێویستییان بە یارمەتییە" كرد، لەگەڵ "رێزگرتن له‌ یاسا مرۆییه‌كان، لەنێویاندا پاراستنی مەدەنییەکان".

هەشت رێکخراوی مرۆیی چوارشەممە داوای ئاگربەستێکی دەستبەجێیان کرد لە باکوری خۆرئاوای سوریا.

رێکخراوە مرۆییەکان -- لەنێویاندا ئەنجومەنی نەرویجی ئاوارەکان، منداڵپارێز، کۆمیتەی چاودێری و رزگاریی نێودەوڵەتی -- دۆخەکەیان وەک "کارەساتێکی مرۆیی" له‌قه‌ڵه‌مدا.

ئه‌و دواهەمین شەپۆله‌ی زیاتر لە نیوملیۆن کەس کە هەڵدێن دوای هەڵاتنی 400,000 کەسی دیکە دێت کە بەهۆی شەڕێکی پێشووتری ساڵی رابردووه‌وه‌ لە ئیدیب ئاوارەبوون.

خەڵکانی ئاوارە 'بژاردەیان نامێنێت'

زۆر كه‌س باکوریان به‌جێهێشت بەرەو سنووری تورکیا، كه‌ له‌وێ کەمپەکان جه‌نجاڵن و هەزاران کەسی دیکەش خێوەتی په‌رشوبڵاویان هەڵداوە.

سەرۆکی ئەنجومەنی نەرویجی ئاوارەکان، یان ئێگه‌لاند هۆشداریدا لەوەی ئەو کەسانەی تازە گەیشتوون هیچ بژاردەیەکیان نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و كوێ بڕۆن.

وتی: "کەمپەکان پێنج جار زیاتر لە قەبارەی خۆیان جانجاڵترن و نرخی کرێی نیشتەجێبوون زۆر بەرزبۆتەوە لە شارۆچکەکانی باکوری خۆرئاوا."

سەرۆکی رێکخراوی روانگەی نێودەوڵەتی جیهانی، ئەندرو مۆرلێی وتی منداڵان لە ده‌شته‌ پڕ له‌ گۆماوه‌كاندا خەوتوون، هەندێک خێزانیش تەنانەت جلەکانیان سووتاندووە بۆ ئەوەی خۆیان گەرمبکەنەوە.

وتی: "ئەو کۆچە بێشومارەی خەڵک جێی سەرسووڕمانە و دەیان هەزاری دیکەش هەموو رۆژێک دەچنە پاڵیان."

رێکخراوەکە رایگه‌یاند كه‌ تووندوتیژییەکانی ئەمدواییە بوونەتە هۆی کوشتنی 300 مەدەنی.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دووشەممە رایگەیاند كه‌ تووندوتیژییەکەی کانونی دووەم بووەتە هۆی داخستنی 53 ناوەندی پزیشکی لە باکوری خۆرئاوای سوریا و هۆشداریشیدا دەرباره‌ی "هه‌ڕه‌شه‌ تەندروستییە ترسناكه‌کان" لەسەر مەدەنییە هەڵاتووەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500