ئاساییش

رژێمی سوریا بەردەوامە لە هێرشەکەی سەرباری هۆشداریی تورکیا

ئاژانسی فرانس پرێس

image

ئۆتۆمبیلی سەربازی تورکی لە قافڵەیەکدان بەرەو باشوری پارێزگای ئیدلیب لەکاتێکدا بەلای شارۆچکەی ئەتاریبدا تێدەپەڕن لە دێهاتەکانی رۆژئاوای حەلەب له‌ 3 شوبات. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

تورکیا چوارشه‌ممە (5 شوبات) دوا مۆڵەتی بۆ سوریا دەرکرد و داوایکرد رژێم هێزەکانی لە دەوری پێگە سەربازییە تورکییەکان لە هەرێمی ئیدلیب بکشێنێتەوە دوای روودانی پێکدادانی بێپێشینە لەنێوان هێزەکانی هەردوولادا.

ئەو بارگرژییەی نێوان هێزەکانی تورکیا و سوریا-- کە زیاتر لە 20 کوژراوی لێکەوتەوە دووشەممە -- تاقیکردنەوەیەكه‌ بۆ پەیوەندیی هەستیاری نێوان تورکیا و روسیا، کە هێزی سەرەکین لە ناكۆكیه‌كانیدا.

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان وتی: "ئەگەر رژێم نەکشێتەوە، تورکیا ناچارده‌بێت خۆی ده‌ستبه‌كار بێت" و تا کۆتایی مانگیشی دانا بۆ سوریا تا پابەندبێت به‌و داواكارییه‌وه‌.

ئەردۆگان سێشەممە هۆشداریی دا كه‌ وڵاتەکەی رێگەنادات هێزەکانی رژێمی سوریا شوێنی زیاتر بخەنە ژێردەستی خۆیان و تاوانباری کردن بە پاڵنان به‌ "خەڵكی بێتاوان و ئازارچەشتوو"ه‌وه‌ بەرەو سنووری تورکیا.

هێزەکانی رژێمی سوریا بەردەوامبوون لە هێرشەکەیان لە پارێزگای ئیدلیب چوارشەممە -- کە کوژرانی 300 مەدەنیی لێکەوتۆتەوە لە کانونی یەکەمەوە و نزیكه‌ی 520,000 کەسیشی ئاوارەکردووە لە یەکێك لە گەورەترین گۆڕانکارییە تووندوتیژەکاندا له‌ نۆ مانگی رابردوودا.

رژێم بەردەوامە لە هێرشەکەی

هێزەکانی رژێم زیاتر لە 20 شارۆچکە و گوندیان لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوپەیمانی تووندرەوی تەحریر شام گرتۆتەوە لە 24 کاتژمێری رابردوودا، بەگوێره‌ی زانیارییەکانی رێكخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ.

رێكخراوه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ چوارشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا سێ مەدەنییان کوشت -- كه‌ هەموو ئەندامی یەك خێزان بوون -- لە دەوروبەری شاری ئیدلیب.

موشەکەکانی رژێم مەدەنییەکی دیکه‌یان کوشت لە شارۆچکەی ئەنجارە لە رۆژئاوای پارێزگای حەلەب.

ئەردۆگان وتی دووان لە 12 پێگەی چاودێریی تورکیا لە ئیدلیب کە لە 2018 بە رێکەوتن لەگەڵ روسیا دامەزرێنران، ئێستا "لە پشتی هێڵه‌كانی رژێمەوەن".

یه‌كێك له‌ پێگەكان لە مۆره‌ك لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە گەمارۆدرا لە کانونی یەکەم و ئەوەی دیکەش لە سورمان ئێستا لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رژێمدایە.

ئەردۆگان داوای لە مۆسکۆ کرد، كه‌ پاڵپشتی سەرەکیی رژیمی سوریایە، "باشتر لە هەستیارییه‌كانمان لە سوریا تێبگات".

سێشەممە لەگەڵ سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پوتین دوا و پێیوت ئەنقەرە "بەتووندی" وەڵامی هەر هێرشێکی نوێی سوریا دەداتەوە.

ئەمریکا سێشەممە پشتیوانیی خۆی بۆ تورکیا دەربڕی بۆ کاردانەوەی دژ بە رژێمی سوریا.

وەزیری دەرەوەی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ هێرشێكی هاوەنی بۆسەر پێگە چاودێرییەکەی تورکیا لە ئیدلیب له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ "تینسه‌ندنێكی ترسناکی بارگرژییه‌كان" و وتی بەرپرسانی ئەمریکا "بەتەوای پشتگیری ده‌كه‌ن لە وه‌ڵامدانه‌وه‌ی به‌جێی تورکیا بۆ بەرگریکردن لەخۆی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 پیتت ماوە بینووسیت (1500 MAX)