هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

میلیشیاکانی سەر بە رژێمی سوریا گەڕ بە مەدەنیەکان دەکەن دوای راگرتنی موچەکانیان

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

image

فەرماندەی هێزی بەرگری نیشتمانی، فیراس جەحام بەمدواییانە تۆمەتبارکرا بە فرۆشتنی بارێکی زۆری چەک و تەقەمەنی، بەڵام دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی لە شوێنەکەی خۆی دانرایەوە. [خاوەنی وێنە: فوڕات پۆست]

ئەندامانی میلیشیای هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سەر بە رژێم لە شاری دێرە زووری سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو تووندوتیژبوون و لە چالاکی نایاساییدا بەشداردەبن بۆئەوەی قەیرانە داراییەکەیان پڕبکەنەوە، چالاکوانان بە دیارونایان وت.

رژێم لە دۆخێکی سەختی داراییدایە، ئەمەش بۆتە هۆی راگرتنی دابەشکردنی موچە بەسەر چەکدارانی میلیشیاکەدا. لە ئاکامی ئەوەشدا، تووندوتیژییان لە دژی دانیشتوانی ناوچەکە زیادیکردووە و ناسەقامگیری لەنێو ریزەکانی چەکدارەکاندا دروستبووە.

چالاکوانی دێرە زوور، جەمیل عەبد بە دیارونای وت بێیاسایی لەنێو چەکدارانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانیدا لە شاری دێرە زوور سەریهەڵداوە دوایئەوەی بۆ سێ مانگ لەسەر یەک موچەیان پێنەدراوە.

ناوبراو هۆکاری راگرتنی موچەی گەڕاندەوە بۆ "ئەو قەیرانە داراییەی رژێمی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت بەهۆی سزاکانەوە و ئەو شەڕەی دەمێکە لەئارادایە".

وتی میلیشاکانی سەر بە سوپای پاسداران و روسیاش دووچاری قەیرانی پارەی کاش بوونەتەوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ناڕەزایەتی گشتی لەنێو چەکدارانی پیادە و ئەفسەرەکانیاندا بۆتە رووداوێکی رۆژانە.

عەبد وتی زۆربەی چەکدارەکان رەتیدەکەنەوە فەرمان وەربگرن یان ئەو ئەرکانەی پێیاندەدرێت جێبەجێی بکەن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بەشێکیان لە ریزەکانی میلیشیاکە هاتوونە دەرەوە تا پێدانی موچە دەستپێدەکاتەوە.

هەروەها، دەیان چەکداری بەرگری نیشتمانی کە لە کەرتی جیاوازی حکومی و سەربازیدا لە شاری دێرە زوور کاردەکەن، دەرکراون.

وتی میلیشیاکانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی رژێمی سوریا و سوپای پاسداران و روسیادان؛ ئەوانەی لە شاری ئەلبو کەمال جێگیرکراون فەرمان لە سوپای پاسداران وەردەگرن، لەکاتێکدا میلیشیاکانی دیکەی شاری دێرە زوور لە هێزەکانی رژێم و روسیا فەرمان وەردەگرن.

وتی ئەفسەرانی میلیشیاکە لە چالاکی نایاساییدا بەشدارن بۆ پەیداکردنی پارە، لەوانەش کاری بەقاچاخ گواستنەوەی گەنجان کە زۆر باوە، لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێمەوە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا و فرۆشتنی ناسنامەی میلیشیاکان بە بڕە پارەیەکی زۆر کە دەگاتە یەک ملیۆن لیرەی سوری (2,150 دۆلار).

ئەو ناسنامانە بەوشێوەیە بەهادارن چونکە ئەوانەی هەیانە لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی لە سوپاکەی رژێمدا لێیانخۆشدەبن لەمیانەی هەڵکوتانەسەرەکاندا بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی گونجاون بۆ خزمەتی سەربازی لە پارێزگای دێرە زوور.

عەبد وتی چەند بەرپرسێکی سوریا ئەو هاوکارییە داراییانەیان دزیوە کە بۆ پێدانی موچە کۆکرابوونەوە. سێ کەسیان دەستگیرکراون، لەکاتێکدا چوارەمیان توانیوێتی دەربازببێت و بە 15 ملیۆن لیرەی سوری (29,000 دۆلار)ەوە رایکردووە.

'باندەکانی بەکرێگیراوان'

ئەفسەرێکی سوپای سوریای ئازاد لە ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب، ساڵح عەفیسی بە دیارونای وت هێزەکانی بەرگری نیشتمانی لەلایەن رژێمی سوریاوە دامەزراون بۆ پڕکردنەوەی لەدەستدانی چەکدارەکانی لە شەڕەکەدا و هەڵهاتنی سەربازان لە دەستپێکی راپەڕینەکەدا.

وتی بە تێپەڕبوونی کات، ئەندامانی میلیشیاکە بوونەتە "باندی بەکرێگیراوان کە لایەنگرییان دەگۆڕن لەنێوان ئێران و سوریا و روسیادا" بەگوێرەی ئەوەی کێ پارەی زیاتر بدات و کێ کاریگەریی زیاتری لەو ناوچەیە هەیە کە ئەوانی لێن.

عەفیسی وتی فەرماندەی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی، فیراس جەحام، کە بە فیراس عێراقیش ناسراوە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە، بەڵام فەرمان لە هێزەکانی روسیا وەردەگرێت و گومانیشدەکرێت یارمەتی دارایی لە رژێمی سوریا وەربگرێت.

جەحام بەمدواییە تۆمەتبارکرا بە فرۆشتنی بارێکی چەک و تەقەمەنی بەڵام دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردنی لە پێگەی خۆی دانرایەوە.

چالاکوانێکی دێرە زوور، عەمار ساڵح بە دیارونای وت راگرتنی پێدانی موچە بە چەکدارانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی بۆتە هۆی زیادکردنی دزی و سەندنی باج و سەرانە.

وتی لە ناوچەی دێرە زوور، ئەو شوێنەی بەچڕی تێیدا جێگیرن، سەرانە لە خاڵەکانی پشکنین و خاوەندوکانەکان دەسەنن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی دەیان حاڵەتی دزیش لە ناوچەکە روویداوە کە تێیدا هێزەکانی بەرگری نیشتمانی بەرپرسی ئەمنیەتن.

شمەکە دزراوەکان بەشێوەیەکی سیستەماتیک لە بازاڕە دیاریکراوەکاندا دەفرۆشرێن و زۆربەی داهاتەکەش دەچێت بۆ ئەفسەرانی میلیشیاکە و جێگرەکانیان.

سەڵاح وتی دۆخەکە "گەیشتووە بە حاڵەتێک کە بەشێک لە بەرپرسانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی دزی لە جبەخانەی چەک دەکەن و دەیانفرۆشنەوە بۆئەوەی قەیرانی نەبوونی موچەکانیانی پڕبکەنەوە".

وتی ئەوانی دیکەش بەشدارن لە هەڵمەتی بازرگانیی فراوانی دەرمان و ماددە هۆشبەرەکاندا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500