چالاکوانێکی ناوخۆ وتی ئەو پۆلیسی سەربازی و هێزانەی روسیا کە لە پارێزگای دێرە زوور له خۆرهەڵاتی سوریا جێگیربوون، گەنجان رادەکێشن بۆ خزمهتكردن لە ریزهكانی میلیشیای فەیلەقی 5دا، ئەمەش رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لە ناوچەکە تووڕەکردووە.
چالاکوانێكی دێرە زوور، عەمار ساڵح بە دیارونای وت میلیشیای فەیلەقی 5 کە روسیا پشتیوانی لێدەکات مانگانە 200 دۆلاریان بۆ تازە دامەزراوەکان پێشنیارکردووە تا بچنە ریزەکانیانەوە.
وتی هەروەها ئەمە پارێزگاریش مسۆگهردهكات بۆ ئهو گەنجانە کە داواکراون بۆ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ لهلایهن رژێمی سوریاوه، ههروهها ئهندامانی ئەو گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارانەش کە لە ناوچەکە ماونەتەوە دوای رێکەوتننامەکانی ئاساییکردنەوە.
ساڵح وتی زیادبوونی ئامادەیی روسیا لە دێرە زوور لەکاتێکدایە کە روسیا ئامادەیی خۆی لە باشوری سوریا فراواندەکات، بەتایبەتی لە پارێزگای دەرعا.
وتی کردەوەکەی روسیا بووه هۆی پهشۆكانی رژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کاتێك ژمارەیەک له پیاوانی خێڵی ئەلبو سەرایا کە پێشتر لە ریزەکانی هێزەکانی بەرگری نیشتمانیدا بوون بڕیاریاندا بچنە ریزی میلیشیاکانی روسیاوە.
وتیشی زۆربەی ئەو پیاوە خێڵەکیانە بڕیاریانداوە بچنە ریزەکانی فەیلەقی 5 و لیوای قودس، لەکاتێکدا ژمارەیەک گەنجی دێرە زوور کە لەنێو ئەو میلیشیانەدا بوون کە سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، چوونە ریزهكانی فەیلەقی 5.
ساڵح وتی ئەو رووداوانە شڵەژانێکی گەورەیان لە دەزگا سەربازییەکانی رژێمی سوریادا دروستکردووە، لەکاتێکدا بۆتە هۆی کورتهێنانێکی گەورە لە ریزی میلیشیاکانی سەر بە رژێمدا.
وتی ئەمەش وایکرد رژێمی سوریا به فڕۆكه چەکداران و لایەنگرەکانی لە تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکە بگوێزێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی دێرە زوور، کە لەوێ دەبوو خولێكی خێرای راهێنانی سەربازی وهربگرن و بچنە شەڕەکانی بیابانەکەی خۆرهەڵات (بادیە).
وتی ژمارەیەکی زۆری سەربازانی رژێم و چەکدارانی هاوپەیمانیان کوژران و برینداربوون یان رفێنران، لەمیانهی شەڕکردندا لە بیابانەکەی خۆرهەڵات.