هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ داوای سزا دەکات له‌سه‌ر كوشتنی مەدەنییەکان لە ئیدلیب

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا ناوچەیەکی نیشتەنییان لە شارۆچکەی حەمامە لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب کردە ئامانج. [خاوەنی وێنە: دەزگای ئیدلیب\تەلەگرام]

هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا ناوچەیەکی نیشتەنییان لە شارۆچکەی حەمامە لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب کردە ئامانج. [خاوەنی وێنە: دەزگای ئیدلیب\تەلەگرام]

هێرشەکانی سەر ئامانجە مەدەنییەکان لەمیانەی هەڵمەتێکی رژێمی سوریا و روسیادا لە پارێزگای ئیدلیب ژمارەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی زیاتردەکات، رێکخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ پێنجشەممە (15 تشرینی یەکەم)، رایگه‌یاند و داوای سەپاندنی سزای كرد بەسەر فەرماندە باڵاکاندا.

لە راپۆرتێکی 167 لاپەڕەییدا، "بەئامانجکردنی ژیان لە ئیدلیب"، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ 46 هێرشی ئاسمانی و زەمینیی تۆمارکردووە بۆسەر ناوەندە مەدەنییەکان له‌ پارێزگاکەی باکوری خۆرئاوا.

رێکخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند کە هێرشەکان "بەڕوونی دیارن کە تاوانی جەنگین و ژمارەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی زیاددەکەن".

بەگوێرەی رێکخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ، رژێمی سوریا و روسیا هێرشەکانیان لەنێوان نیسانی 2019 و ئازاری 2020 ئەنجامداوە، کە بوونەتە هۆی کوشتنی لانیکەم 224 مەدەنی.

دوو ئەندامی کڵاو سپییەکان خانوویەک دەپشکنن لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب لەلایەن موشەکێکی رژێمی سوریاوه‌ کرایە ئامانج. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

دوو ئەندامی کڵاو سپییەکان خانوویەک دەپشکنن لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب لەلایەن موشەکێکی رژێمی سوریاوه‌ کرایە ئامانج. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

رێکخراوەکە جەختیکردەوە لەوەی ئەو رووداوانەی لێکۆڵینەوەی لێکردوون، تەنیا بەشێکن لە ژمارەیەکی زۆر هێرش بۆسەر مەدەنییەکان کە لەو ماوەیەدا ئەنجامدراون.

سەرۆکی رێکخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ، کێنێس رۆس وتی: "هێرشه‌كانی هاوپه‌یمانێتی سوریا-روسیا بۆسه‌ر نەخۆشخانەکانی ئیدلیب ،خوێندنگەکان وبازاڕەکان گوێپێنه‌دانێكی بێڕه‌حمانه‌ به‌ ژیانی مه‌ده‌نی ده‌رده‌خه‌ن."

وتی: "هێرشە تووندە دووبارەکان وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی سەربازی دەردەکەون بۆ لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی و کردنەدەرەوەی دانیشتوانی ناوچەکە، كه‌ بۆ حکومەتی سوریا ئاسانترده‌كات کۆنتڕۆڵ بگرێته‌وه‌ ده‌ست."

شرۆڤەی وردی هێرشەکان

رێکخراوەکە بۆ راپۆرتەکە پشتی بەو چاوپێکەوتنانە بەستووە کە لەگەڵ زیاتر لە 100 قوربانی و شایەتحاڵ ئەنجامدراون، لەگەڵ شرۆڤەکردنی سەدان وێنە و ڤیدیۆ کە لە شوێنی رووداوەکان گیران و هه‌روه‌ها وێنەی سەتەلایتی.

رێکخراوەکە داوای پڕۆژە بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی كرد تا تكا له‌ دەوڵەتانی ئەندام بکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئه‌و بەرپرسانه‌دا كه‌ بەرپرسیارن لە کوژرانی مەدەنییەکان.

رێکخراوەکە ناوی 10 بەرپرسی سەربازی و مەدەنیی سوریا و روسیای هێنا کە لە بەشی سەرەوەی زنیجیره‌ی ئه‌و فەرماندەییەدان کە لە پشت پێشێلکاریەکانی سەر نەخۆشخانەکان و خوێندنگەکان و ناوەندە مەدەنییەکانی دیکە بوون.

رۆس وتی: "هەوڵی جددیی نێودەوڵەتی پێویستن بۆ دەرخستنی ئاکامی هێرشە نایاساییه‌كان، بۆ رێگریکردن لە تاوانەکانی داهاتوو، هه‌روه‌ها بۆ دەرخستنی ئەوەی هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی تاوانی کوشتن دەربازبکات بەهۆی پلە یان پێگەکەیانەوە."

هێرشە ئاسمانییە نوێکان مەدەنییەکانی ئیدلیب دەکوژن

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسەعەب عه‌ساف پێنجشەممە بە دیارونای وت فڕۆکە روسییەکان هەشت هێرشی سەرکەوتوویان ئەنجامدا بۆسەر شارۆچکەی حەمامە له‌ نزیک جسر شوغور لە خۆرئاوای ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب، ئەمەش بووە هۆی کوشتنی دوو مەدەنی و بریندارکردنی زیاتر لە 10 كه‌سی دیکە.

وتی ژمارەیەک مەدەنی هێشتا ونن لە دوای هێرشەکان و تیمەکانی رزگارکردن هێشتا نەیانتوانیوە بیدۆزنەوە.

چەند سەرچاوەیەك به‌ رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤیان وتووە هێرشە ئاسمانییەکان کەمپێكی تەحریر شامیان کردۆتە ئامانج.

عەساف وتی هێرشە ئاسمانییەکان ناوچە کشتوکاڵیەکانیشیان کردۆتە ئامانج کە زەیتونیان لێ بەرهەمدەهێنرێت، ئەمەش قوربانیی زیاتری لێكه‌وتۆته‌وه‌ و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیە بەشێکە لە ناوچەی ئارامکردنەوە و هیچ یەکەیەکی سەربازی ئامادەیی له‌وێ نییە.

وتیشی بەرزاییەکانی جەبەل زاویە لە ئیدلیبیش تۆپباران کراوە لە کاتژمێرەکانی ئەمدواییەدا، لەگەڵ چەند بەشێک لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای لازقیە.

هاوکات گروپە چەکدارەکان تەقەیان لە پاسێک کرد کە سەربازانی رژێم و چەکدارانی هاوپەیمانیان دەگواستەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرئاوای حەلەب، ئەمەش بووە هۆی کوشتن و بریندارکردنی هەموو سەرنشینەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500