ههرێمی ئیدلیب له باکوری خۆرئاوای سوریا بەیانیی هەینی (6 ئازار)ی بە ئارامی دەستپێکرد، ئاسمانی شارەکە بۆ یەکەمین جار لە ماوەی چەند مانگدا بێ فڕۆکەن، لە دوای ئاگربەستەکەی نێوان روسیا و تورکیا.
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ و پەیامنێرێكی ئاژانسی فرانس پرێس لە پارێزگای ئیدلیب رایانگەیاند رێکەوتننامەکە، کە لە نیوەشەودا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، پێدەچوو رهچاوبكرێت.
سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان "نەبوونی هیچ ئامادەییەکی فڕۆکەکانی رژێم و روسیا لە ئاسمانی ئیدلیب" پشتڕاستکردەوە.
ناوبراو وتی شەڕ و پێکدادانێک لە پێش بەرەبەیاندا بووە هۆی کوشتنی شەش چەکداری رژێم و نۆ ئەندامی پارتی تورکستانی ئیسلامی، گروپێکی تووندڕەو کە زۆرینەیان ئوغورن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پێدەچوو شهڕكهران تێبینی ئاگربەستەکە بكهن.
سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین و هاوتا تورکییەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆگان پێنجشەممە گەیشتنە رێکەوتنێک، دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆکردن لە مۆسکۆ.
رێکەوتنەکە دەبێتە هۆی دروستکردنی رێڕەوێکی ئەمنی لەسەر شاڕێگەی سەرەکیی M4 لە باکوری سوریا، ئەو شوێنەی هێزەکانی تورکیا و روسیا دواتر دەورییەی هاوبەشێ لێ ئەنجامدەدەن.
هیواکان به ناوچەیهكی ئارامی تورکیا
دەورییە هاوبەشەکانی روسیا و تورکیا لەنێوان گوندی ترۆنبا لە ئیدلیب و گوندێک لە پارێزگای لازقییە، کە ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنە، ئەنجامدەدرێن.
شاڕێگەی M4 راستەوخۆ بەرەو باکوری سوریا دەڕوات، کە ناوچەیەکی سنوورییە لەگەڵ تورکیا، لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی ژێردەسەڵاتی کوردەکانهوه بۆسهر دەریای سپی ناوهڕاست.
ئەو بهشهی رێکەوتننامەکەی مۆسکۆ دەیانگرێتەوە، زۆربەیان دەکەونه پارێزگای ئیدلیب و سنووری سهختی ئەو ناوچە ئارامەش دیاریدەکات کە تورکیا ئارەزوودەکات لەنێو سوریادا دایبمهزرێنێت.
دیمەشق هەمیشە سووربووە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو خاکەی بە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دۆڕاندووە لە رۆژەکانی سەرەتای شەڕدا، ههڵوێستێك کە مۆسکۆ پشتیوانێتی.
لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا دەیەوێت بەردەوامی بدات بە هەژمونی خۆی لە باکوری سوریا بە جێگیرکردنی هێز و لایەنگرانی لە ناوچەیەکی ئارام بە قووڵی 30 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکە.
دەورییە بڕیارلێدراوەکانی پێنجشەممە لە مۆسکۆ -- کە یەکەمین جارە هێزەکانی روسیا و تورکیا پێکەوە لە ئیدلیب کاربکەن -- 15 ئازار دەستپێدەکەن.
لهو رۆژەدا ئەو ناكۆكیانهی بوونهتە هۆی کوژرانی 400,000 کەس و ئاوارەکردنی نیوەی خەڵکی سوریا، پێدەنێنه 10 ساڵەوە.
یەکێتی ئەوروپا پێشوازی دهكات لە ئاگربەستەکە
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەینی بەووریاییەوە پێشوازییانكرد لە ئاگربەستەکە، بەڵام داویان لە لایەنەکان کرد زیاتر رێگە بە هاوکاری مرۆیی بدەن.
وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، لە زاگرێب کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی قەیرانەکان لە پارێزگای ئیدلیب.
وەزیری پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، یۆزێپ بۆرێڵ، لەکاتی گەیشتنیدا بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان، وتی: "بەدڵنیاییەوە دڵخۆشم بە ئاگربەستەکە، واژۆکردنی ئاگربەستەکە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە. لانیکەم نیەتێکی باشه -- با بزانین چۆن كاردەکات".
بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا، بەتایبەتی هۆڵەندا، داوای ناوچەی دژەفڕینی بۆ ئیدلیب کرد بۆ راوەستاندانی رژێم لە بۆردومانکردنی مەدەنییەکان.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ستێف بلۆک وتی: "وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا ئامادەن هاوکاری مرۆیی پێشکەشی ئیدلیب بکەن. ئاڵەنگاری بردنی هاوکارییە بۆ ئەو ناوچەیە، کە رەنگە لهمهدا ئاگربەستەکە یارمەتیدەربێت. ناوچەیەکی دژەفڕین دهتوانێت زیاتریش یارمەتیدەربێت."
بەڵام دانیشتوانی ئهو ههرێمهی به شهڕ وێرانبووه، چاوەڕوانییەکی کەمیان هەیە.
ئەحمەد قەدوور، 29، کە لە کەمپێکی ئاوارەکاندا لەگەڵ ژن و دوو منداڵەکەی دەژی، وتی گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی هەمیشە چاوەڕوانی خراپترین بێت.
وتی: "هیچ بڕوایهكمان بە رژێم و روسیا نییە سەبارەت بەم ئاگربەستە."