هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هێرشێکی خوێناوی خوێندنگەکانی شاری ئیدلیب دەکاتە ئامانج

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

گەنجانی سوریا لە گەڕەکێکی ئیدلیب کۆبوونەتەوە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە بۆردومان کرا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

گەنجانی سوریا لە گەڕەکێکی ئیدلیب کۆبوونەتەوە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە بۆردومان کرا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

چەند مامۆستایەک و خوێندکارێک لە نێو کوژراوەکانی سێشەممە (25 شوبات)دا بوون لە خوێندنگەکانی شاری ئیدلیب، لەکاتێکدا هێزەکانی رژێمی سوریا لەڕێی پەلامارێکی کوشندەوه‌ فشار دروستدەكه‌ن بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی دواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه‌ سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان چوارشەممە داواکەی دووبارەکردەوە سەبارەت بە "وەستاندنی هه‌رجی زووتری هێرشەکان" لەلایەن رژێمی سوریاوە و کشانەوەی لە بنکەکانی سوپای تورکیا تا کۆتایی شوبات.

ئەردۆگان لە ئەنقەرە بە ئەندامانی پارتەکەی لە پەرلەمان وت: "ئێمە یەک هەنگاوی بچوکیش ناکشێینەوە، بەدڵنیاییەوە رژێم دەکشێنینەوە بۆ دەرەوەی ئەو سنوورانەی ده‌ستنیشانمانکردوون، دڵنیاییش دەدەین لە گەڕانەوەی خەڵکەکه‌ بۆ زێدی خۆیان."

چالاکوانێكی ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت: "هێزەکانی رژێمی سوریا دوو خوێندنگە، باخچەیەکی ساوایان و ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان کردە ئامانج لە شاری ئیدلیب لە میانه‌ی پەلامارەکەیاندا سێشەممە."

هاوەنێکی چاوەڕواننەکراو لە حەوشەی خوێندنگەیەکی شاری ئیدلیب، کە لەوێ کەوتۆتە خوارەوە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هاوەنێکی چاوەڕواننەکراو لە حەوشەی خوێندنگەیەکی شاری ئیدلیب، کە لەوێ کەوتۆتە خوارەوە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

دانیشوانی ئاوارەی ئیدلیب بەشداردەبن لە خۆپیشاندانێکدا لە نزیک سنووری تورکیا، دژی ئەو کوشتن و وێرانکارییه‌ی بەدەستی رژێمی سوریا و روسیا ئەنجامدەدرێت. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

دانیشوانی ئاوارەی ئیدلیب بەشداردەبن لە خۆپیشاندانێکدا لە نزیک سنووری تورکیا، دژی ئەو کوشتن و وێرانکارییه‌ی بەدەستی رژێمی سوریا و روسیا ئەنجامدەدرێت. [خاوەنی وێنە: ناوەندی راگه‌یاندنی ئیدلیب]

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ لانیکەم 20 مەدەنی تەنها لە پارێزگای ئیدلیب بەهۆی تووندوتیژییەکانی سێشەممەوە کوژران.

مامۆستایان و خوێندکاران کوژران

ئیدلیبی بە دیارونای وت دوو مامۆستای ژن، مامۆستایەکی پیاو و خوێندکارێکی کچ لە خوێندنگەی به‌راعیم لە ئیدلیب بەهۆی بۆردومانەکەوە کوژران.

هاوکات بەرگری شارستانی سوریا (کڵاو سپییەکان) رایانگەیاند کە هەشت خوێندنگە و باخچەی ساوایان لە پارێزگای ئیدلیب سێشەممە لەلایەن فڕۆکەكان و ئه‌و موشكانه‌ی رژێمه‌وه‌ کرانە ئامانج، كه‌ هه‌ڵگری بۆمبی هێشوویین.

ئیدلیبی وتی دانیشتوانی قەزاکانی سەر بە شاری ئیدلیب دووچاری پەلامار بوونه‌ته‌وه‌ لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی سوریا و روسیاوە، کە به‌ بۆمبی هێشوویی شارەکەیان بۆردومانکرد.

رێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی (بەڵێننامەی تەقمەنییە هێشووییەکان) لە ئابی 2010ەوە بەکارهێنان و گواستنەوە و ئه‌مباركردنی بۆمبی هێشوویی قەدەغەکردووە.

ئیدلیبی وتی بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەکارهێنانی ئەو بۆمبانە سزادانی بەدواوەیە.

رێکخراوی منداڵپارێز سێشەممە داوای راگرتنی دەوامی خوێندنگەکانی کرد.

بەڕێوبەری رێکخراوەکە لە سوریا، سۆنیا خوش وتی: "خوێندنگەکان دەبێت داڵده‌یه‌كی پارێزراو بن بۆ منداڵان، تەنانەت لە ناوچەیەکی پڕ شەڕوشۆڕدا."

وتی: "هێرشەکانی ئەمڕۆ دەریدەخەن شەڕکردن لە باکوری خۆرئاوای سوریا گەیشتۆتە ئاستێکی کارەساتباری تووندوتیژی لە دژی منداڵان و مەدەنییەکان. هیچ شوێنێک پارێزراو نییە، تەنانەت خوێندنگەش."

رژێم کۆنتڕۆڵی که‌فر نابل دەکاتەوە

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند كه‌ هێزەکانی رژێمی سوریا سێشەممە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی که‌فر نابلیان راگەیاند -- سەرکەوتنێكی سیمبۆڵی -- لەگەڵ 18 شارۆچکە و گوندی دیکە.

ئیدلیبی وتی پێشڕەوییەکانی رژێمی سوریا و هێزە هاوپەیمانه‌كانی، بە پشتیوانی هێرشی فڕۆکەکانی روسیا، توانییان شارۆچکەی مەعرەت حورمە و مەعرەت سین، له‌ باشوری شاری ئیدلیب، کۆنتڕۆڵبکەن.

وتی شەڕ و پێکدادانەکەی چوارشەممە لە باشور و خۆرهەڵاتی ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بەردەوامبوو، لەکاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی سوریا و روسیا بەردەوامبوون و هەندێك بنکەی تورکیاش لەلایەن رژێمەوە تۆپبارانکران.

وتیشی به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كان چەند قوربانییەکیش لەنێو سەربازانی تورکیدا هه‌بوون كه‌ له‌ نێو فڕۆکەخانەی سەربازی تەفتەناز له‌ باکوری ئیدلیب جێگیربوون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ شارۆچکەی نەیرەب لەئێستادا بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان و هێزەکانی تورکیادایە، کە مەعرەت عالیاشیان له‌ باشور کۆنتڕۆڵکردەوە.

ئیدلیبی بە دیارونای وت مەدەنییەکان بەردەوامن لە به‌جێهێشتنی ده‌وروبه‌ری شاری ئیدلیب و بەرەو ناوچەیەکی سەر سنووری تورکیا و سوریا ده‌ڕۆن کە تاڕاده‌یه‌ك پارێزراوترە.

وتیشی مەدەنییەکان بەناچاری ماڵەکانیان بەجێدەهێڵن له‌میانه‌ی تووندوتیژییەکانی ئەمدواییانەدا کە بوونەتە هۆی هێنانەئارای خۆپیشاندانێکی گەورە لەدژی ئەو وێرانکاری و كوشتاره‌ی بەدەستی رژێمی سوریا و میلیشاکانی هاوپەیمانی ئەنجامدەدرێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500