هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

عێراق رێبەرانی نوێ داده‌مه‌زرێنێت لە دەزگا گرنگەکانی دەوڵەتدا

فارس عومران

مانگی رابردوو بەڕێوبەرێکی نوێ، مستەفا غالب، دیاریكرا بۆ بانکی ناوەندی عێراق، وەك بەشێك لە گۆڕانکارییەکان لە دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا ئەو دەزگایانەی ئەرکیان بەڕێوەبردنی ئابوریی نیشتمانیە.

مانگی رابردوو بەڕێوبەرێکی نوێ، مستەفا غالب، دیاریكرا بۆ بانکی ناوەندی عێراق، وەك بەشێك لە گۆڕانکارییەکان لە دەوڵەتی عێراقدا، لەنێویاندا ئەو دەزگایانەی ئەرکیان بەڕێوەبردنی ئابوریی نیشتمانیە.

لە ناوەندی ئەیلول، حکومەتی عێراق رایگەیاند كه‌ چەند گۆڕانکارییەك دەکات لە پلە باڵاکان و ژمارەیەك دەزگای دەوڵەتدا، لەنێویاندا ئەوانەی ئەرکیان بەڕێوەبردنی ئابوریی نیشتمانیە.

گۆڕانکاری كرا لە سەرکردایەتی دەزگا دارایی و بانکی و ئابورییەکاندا، لەنێویاندا بانکی ناوەندی عێراق کە بەڕێوبەرێکی نوێی بۆ ده‌ستنیشانكرا بەناوی مستەفا غالب، كه‌ پێشتر بەڕێوبەرێتی کاروباری یاسایی بانکەکەی بەڕێوەدەبرد.

له‌نێو دیاریكردنه‌ نوێکاندا، سوها داود نەجار هه‌یه‌ بۆ بەڕێوبەری کۆمسیۆنی وەبەرهێنانی نیشتمانی؛ سالم چەلەبی وەك بەڕێوبەری بانکی بازرگانی عێراق و فەیسەڵ هەیموس وەك بەڕێوبەری كۆمسیۆنی دراوه‌كانی عێراق.

لە راگەیاندنێکی 15 ئەیلولدا سەرەکوەزیران مستەفا کازمی وتی: "ئەم گۆڕانکارییە پێویستانە لە چوارچێوەی پرۆسه‌یه‌كی کارگێڕی و یاساییدان چونکە ماوەی فەرمی یاسایی هەندێك بەرپرس بەکۆتا گەیشتووە."

سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەگەڵ ئەندامانی تیمی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە لە 29 ئەیلول. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی میدیای سەرەکوەزیران]

سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەگەڵ ئەندامانی تیمی حکومەتەکەی کۆدەبێتەوە لە 29 ئەیلول. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی میدیای سەرەکوەزیران]

جەختیکردەوە لەوەی دیاریکردنەکان بۆ هێنانەکایەی "گۆڕانکاری پرۆسه‌یی" نەبوون لەو دەزگایانەدا.

بەگوێرەی وتەبێژی حکومەت، ئەحمەد مولا تەلال، دیاریکردنی کەسە نوێکان بۆ کارە تایبەتەکان "لەنێو دەزگاکان خۆیاندا بوون و لەسەر بنەمای لێهاتوویی و ئەزموون بوون".

جڵەوکردنی گروپە خاوەن نفوزەکان

ئەو چاودێرانەی قسەیان بۆ دیارونا کرد وتیان گۆڕانکاریەکان له‌ سەرکردایەتییه‌كانی کەرتی گشتیدا زیاتر بەمەبەستی جڵەوکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەو میلیشیا و گروپە خاوەن نفوزانە بوون کە رەنگە هەوڵی دەستێوەردان بدەن لە سیستمی ئابوری عێراقدا.

لە راپۆرتێکی 15 ئەیلولدا، توێژەری پەیمانگای واشنتۆن بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیك، مایكڵ نایتس وتی گۆڕانکاریەکان له‌ سەرکردایەتیه‌كاندا بەمەبەستی "کەمکردنەوەی پێدانی دەرفەتە بە ئەکتەرە نەرێنیەکان" بۆ سوودبینین لە سیستمە ستراتیژییە ئابورییەکان.

ئاماژەیکرد بەوەی هێشتا دیارنییە حکومەتەکەی کازمی دەتوانیت خۆی بگرێت لەبەردەم رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراودا لەلایەن ئەو میلیشیا و رەگەزە سیاسیانەوه‌ کە سوودیان لە دۆخی پێشتر بینیووە.

هاوپەیمانی فەتح بە سەرکردایەتی هادی عامری، کە نزیکە لە ئێرانەوە، سکاڵای کردووە کە دیاریکردنە کارگێڕییەکان "گەڕانەوەیە بۆ پشك پشکێنە" و وتی ئەوان لێی ئاگادار نەکراونەتەوە.

ئابوریناس ساڵح هەماش بە دیارونای وت گۆڕانکاری له‌ ئاستی سەرکردایەتیی دەزگا ئابورییەکاندا دەکرێت تەگەرە بخاتە بەردەم دەستێوەردانی گروپە خاوەن نفوزەکان لە کاروباری ئەو دەزگایانەدا.

وتی: "ئاخۆ ئەم هەنگاوە یارمەتی کەمکردنەوەی نفوزیان دەدات یان نا بابەتێکی دیکەیە."

ئاماژەیکرد بەوەی حکومەت لە ململانێدایە لەدژی لایەنە چەکدارەکان و ئەو لایەنانەی رووكه‌شێکی سیاسییان هەیە و قازانج و داهاتی ئابوری دەچننەوە كه‌ لە چەندین چالاکی گەندەڵانەوە بەرهەمدێت.

وتی ئەم لایەنانە هەمیشە هەوڵدەدەن رێگریبکەن لە هەر هەوڵێك کە نفوزیان كه‌مبكاته‌وه‌ و فشاردەکەن تا خزمەت بە بەرژەوەندیەکانیان بکەن و بیانچەسپێنن.

جڵەوکردنی دەستێوەردانی ئابوری

هەماش وتی ماوەیەکی دەوێت تا بەتەواوی دەستێوەردانی زیانبەخش لە ئابوری نیشتمانی و گەندەڵیەکانی پەیوەست پێوەیدا چارەسەر دەکرێن و پیویستی بە هەنگاوی کاریگەرتر هەیە، کە تەنیا لە گۆڕانکاریكردن له‌ کارگێڕە باڵاکاندا رانەوەستێت.

وتی ئامانج لەناوبردنی تەواوی ئەو سیستمە ئابوریەی تۆڕەکانی گەندەڵییە کە لەلایەن گروپ و لایەنە خاوەن نفوزەکانەوە پشتگیریدەکرێن.

وتی بۆ دەستڕاگەیشتن بەمە، حکومەت پێویستی بە ویست و پشتیوانی سیاسی هەیە، لەگەڵ هاریکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

هەماش وتی ئەمە دەکرێت بەکارهێنانی کۆمپانیا ژمێریاریە نێودەوڵەتیەکان و پۆلیسی نێودەوڵەتیش لەخۆبگرێت، کە یارمەتی عێراق بده‌ن بەدوای تۆڕەکانی گەندەڵی و وەبەرهێنانە گومانلێکراوە بیانیەکاندا بچن و بەئامانجیان بکەن.

پێش دیاریکردنەکانی ئەمدواییە، کازمی چەند گۆڕانکارییەکی کارگێڕیی کرد لە کەرتی گواستنەوەدا، لەنێویاندا گۆڕینی چوار بەڕێوەبەر و جێگرەکانیان لە بەنداوی ئوم قەسر له‌ باشور.

نایتس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ كازمی دیاریکردنی سەرکردایەتیەکی نوێی بۆ بەڕێوبەرێتی فڕۆکەوانی مەدەنیش راگەیاند، کە دەستکردن بوو بە پرۆسەی رێگرتن لە کۆمپانیاکانی سەر بە کەتائیب حیزبوڵا تا هەوڵبدەن خزمەتگوزاریەکانی نێو فڕۆکەخانەکان و ئاسایشیان وەربگرن بۆ خۆیان.

لادانی 'کاراکتەرە گەندەڵەکان'

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، کە وانەی پەیوەندیە ئابورییەکان دەڵێتەوە لە زانکۆی عێراقی، وتی دیاریکردنی سەرکەوتوانەی کارگێڕە نوێکان فاکتەرێکی گرنگە لە دڵنیاییدان لەوەی کارگێڕییەکان ئازادن لە فشاری دەرەکی.

بە دیارونای وت سەربەخۆیی لە هاوسۆزیی لایەنگرانە، لەگەڵ ئەزموون و پسپۆڕی لە بابەتی دیاریکراودا، پێکەوە مەودای بڕیاردانی شیاو دەسازێنن.

وتی نەهێشتنی نفوزی کاراکتەرە گەندەڵەکان لە دەزگا ئابوریە نیشتمانیەکاندا پێویستە تا چاکسازیی ئابوری خوازراو بەرهەمبێت.

وتی هەنگاوەکانی دیکە جێبەجێکردنی چەند یاسایەك له‌خۆده‌گرن بۆ رێکخستنی چالاکی ئابوری لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان دەسەڵاته‌كانی یاسادانان و جێبەجێکردندا.

مەشهەدانی وتی هەنگاوێکی گرنگی دیکە دەرخستنی ناوی ئەو کەسانەیە کە تێوەگلاون لە گەندەڵی و پەیوەستەگی شاراوەیان بەو گروپ و لایەنانەوە.

وتیشی ئەمە مانای ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەستە بەوانەوە، لەگەڵ بەرپرس راگرتنیان بەرامبەر کارەکانیان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500