بەرپرسانی عێراق ستایشی حکومەتیان كرد بۆ ههنگاوێكی ئەمدواییه بۆ تووندكردنهوهی کۆنتڕۆڵی ههموو دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکانی چوونەژوورەوە و لهقهڵهمیاندا بە "هەنگاوێکی بوێرانه بە ئاڕاستەیەکی دروست".
وتیان هەرچەنده ئەمە ئەرکێکی سەختە، بەڵام گرتنەدەستی کۆنتڕۆلی دەروازە سنوورییه زەمینی و بەندەره دەریاییهكان کە میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران و گروپە تووندڕەوەکان دەسەڵاتیان بەسەریاندا هەیە، ئەم میلیشیانه لە گەورەترین سەرچاوهی داهاتیان دادهماڵێت.
حکومەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی و چالاکی نایاسایی لە 11 تەمموز لە دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران لە مەندەلی و مونزیرییە لە پارێزگای دیالە، بە جێگیرکردنی یەکە ئەمنییە تایبەتەکان لە هەردوو دەروازە سنوورییەکە.
دوای ئهوه هێزە سەربازییەکان لە پارێزگای بەسره ئاراستهكران بۆ پاراستنی بەندەری ئوم قەسر و دەروازەی سنووریی سەفوان لەگەڵ کوێت و هەروەها بۆ رێگریکردن لەهەر هێزێکی نافەرمی لە دەستگەیشتنیان بەم شوێنانە.
لەمیانهی سەردانێکی 15 تەمموزدا بۆ بەسرە، سەرەکوەزیران مستەفا کازمی وتی بەندەرەکان و دەروازە سنوورییەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و یاسادا بن.
وتی: "پێویستە نەیبیستینەوە کە بەهۆی گەندەڵییەوە داهاتی دەروازە سنوورییەکان دیارنامێنێت، چونکە ئەمە دەبێته مایەی شەرم بۆ هەموومان" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "ئەو سەرچاوانە موڵکی خەڵکن".
کازمی وتی تەواوی بەندەرەکان لەنزیکەوە چاودێریدەکرێن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "زانیاریمان هەیە لەسەر کەسانی گەندەڵ لە بەندەرە ئاوییەکان کە بەگوێرەی یاسا سزای خۆیان وەردەگرن."
'مافیاکان' کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان دەکەن
ئابوریناس عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی ئەو گەندەڵییەی لە بەندەر و دەروازە سنوورییەکان رەگی داکوتیوە، کاریگەری لەسەر ئابوری و سەقامگیری عێراق ههیه.
بە دیارونای وت ئەم کێشەیە بەشێوەیەکی بەرچاو لە چەند ساڵی رابردوودا زیادیکردووە، كه لەلایەن بریکارانی میلیشیا جیاوازهكان و خەڵکانی کاریگەرەوە برهویسهندووه.
وتی: "بەهێواشی بوونەتە مافیا و کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان دەکەن و بەشدارن لە چالاکی نایاساییدا وەک دەستبەسەرداگرتنێکی زۆری کەلوپەلی هاوردەکراو."
روونیکردەوە کە ئەو "مافیانە" کرێ و باجی سەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکان بۆ خۆیان هەڵدەگرن و "هەموو ساڵێک سامانێکی زۆر" بهدهستدێنن.
وتی عێراق ساڵانە بە خەمڵێنراوی نزیکەی 50 ملیار دۆلار هاوردەدەکات لەڕێی 22 دەروازەی سنووری و بەندەری دەریاییەوە و "باجی سەر کەلوپەلە هاوردەکراوەکانیش خەمڵێنراوە بە 7 بۆ 10 ملیار دۆلار".
مەشهەدانی وتی لهگهڵئهوهشدا زۆربەی ئەو پارەیە ناچێتە ناو خەزێنەی دەوڵەت، بەڵکو گیرفانی چەند میلیشیایەک و کەسایەتیی گەندەڵ پڕدەکات.
قاچاخچێتی چەک و مادده هۆشبهرهكان
میلیشیا و تاوانکارەکان یان گروپە لە یاسا لادهرهكان مادده هۆشبهره نایاساییهكان و چەکیان بە قاچاخ هێناوتە ناو عێراقهوه بە بەکارهێنانی هەردوو دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەکان، شارەزایهكی بواری سەربازی، جەلیل خەلەف بە دیارونای وت.
وتی: "دەروازە سنوورییەکان گەورەترین و گرنگترین سەرچاوەی سامانی ئەو گروپانەن،" لەکاتێکدا ئەو داهاتە گرنگەی دەستیاندەکەوێت رێیان پێدەدات پارەی ئۆپەراسیۆنەکانیان و موچهی چەکدارەکانیانی پێبدەن.
وتیشی: "ئەو گروپانە بەدڵنیاییەوە دەسەوەستان ناوەستن لەبەرامبەر هەر کردەیەک کە لە کاریگەرییان کەمبکاتەوە و ببێەتە مایەی مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییە نایاساییەکانیان."
وتی رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان و گروپە تاوانکارەکان "کارێکی ئاسان نییە"، بەڵام حکومەت "هەنگاوێکی ئەرێنی و بوێرانهی لەم بارەیەوە" ناوه.
خەلەف وتی پێویستە "بەمشێوەیە بەردەوامبێت و به مشتێكی ئاسنین زەبر بوهشێنێت لەو کەسە گەندەڵانەی له دهسهڵاتدان".
وتی حکومەتیش پێویستە ئامادەکاری بکات "بۆ وەڵامدانەوهیەکی پتەو لە بەرامبەر هەر فشارێکی ئەو لایەنانەی زیانیان بەردەکەوێت لە هەوڵیاندا بۆ رێگرتن له رێوشوێنەکانی دژە گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان".
گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق کە نوێنەرایەتی پارێزگای نەینەوا دەکات، محەمەد عەبد رابۆ، وتی گێڕانهوهی سهروهریی یاسا لە دەروازە سنوورییەکان پرسێکی هەنوکەییە.
بە دیارونای وت دەبێت بهڕێوهببرێن "به ئاستێكی باڵای کۆنتڕۆڵ بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی کە رێگریدەکات لە بەرەوپێشچوون و خۆشگوزەرانی [له عێراقدا]".
وتی کۆنتڕۆڵكردنی تەواوی داهاتی كاڵا هاوردەكان داهاتی دەوڵەت زیاددەکات -- کە دواتر دەکرێت بخرێتە خزمەتی خزمەتگوزاری گشتییەوە.
وتی پتەوکردنی کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوورییەکان "رێگریدەکات لە هەڵمەتی قاچاخچێتی و پڕبوونی بازاڕ لە شمهكی کوالیتی نزم و رێپێنەدراو کە ململانێی کەلوپەلی ناوخۆ دەکهن".
رابۆ دەستپێشخەرییەکەی حکومەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی له دەروازە سنوورییەکان لهقهڵهمدا به هەنگاوێکی دروست و ئاماژهی بهوهش كرد كه ئەو نایاساییەی هەیە، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر عێراق هەبووە.