هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق ئاسایش لەسەر دەروازە سنوورییەکانی ئێران بەهێزدەکات

خالید تائی

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە دەروازەی سنووریی شەله‌مچە لەگەڵ ئێران دەپشکنێت لە 20 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە دەروازەی سنووریی شەله‌مچە لەگەڵ ئێران دەپشکنێت لە 20 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سوپای عێراق یەکشەممە (19 تەمموز) دەستیکرد بە بەهێزکردنی دەروازەی سنوریی شەله‌مچە لەگەڵ ئێران لە پارێزگای بەسرەی عێراق وەك بەشێك لە پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی و چالاکیە نایاساییەکان لە تەواوی دەروازە سنوورییەکاندا.

ئەوە دووەم دەروازەی سنووریی زەمینیە لە بەسرە، دوای سەفوان لەسەر سنووری کوێت، کە هەنگاوی پارێزگاریی تووندی لێ نراوە وەك بەشێك لە پلانێك کە 11 تەمموز بەگەڕخرا.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە، فەریق قاسم جاسم نەزال بە دیارونای وت پلانی ئه‌منیه‌تی سنوور مەبەستێتی "فەرمانڕەوایی یاسا و سەروەری بسەپێنێت بەسەر تەواوی دەروازە سنوورییەکانی وڵاتدا".

وتی: "دەستمانکرد بە کارکردن بە پاراستنی دەروازەی شەله‌مچە و پتەوکردنی ئه‌منییه‌تی."

وتیشی: "کۆمەڵێك هەنگاومان ناوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دەروازەکان، وەك داخستنی تەواوی دەروازەکان و هێشتنەوەی راڕەوێك کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپادا دەبێت."

وتی سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی عێراق هەموو رێگە زەمینیەکانیان داخستووە کە دەچنە سەر دەروازەکان و کنەوپشکنینی ناوچەکانی دەوروبەریان کردووە.

نەزال وتی: "بەهەماهەنگی باڵا لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس کار بەردەوامە لە دەسەڵاتی گومرگ و کارمەندانی دەروازە سنوورییەکان." وتیشی ئەم هەنگاوانە "یارمەتی تووندکردنەوەی ئاسایشی دەروازەکان دەدەن".

هه‌روه‌ها وتی سوپا بەرپرسیارێتی تەواوی ئه‌منییه‌تی دەروازە سنوورییەکانی لەخۆگرتووە بە فەرمانی سەرکوەزیران مستەفا کازمی کە وەك فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان خزمه‌تده‌كات.

سەرەڕای دەروازەی زەمینیی سەفوان و شەله‌مچە، بەسرە ده‌روازه‌ دەریاییه‌كانی ئوم قەسری باشور و باکور و مەقال و خۆر زوبەیریشی هەیە.

پاراستنی دەروازەکان لەگەڵ ئێران

لەکاتی سەردانێکی 15 تەمموزدا بۆ بەسرە، کازمی وتی حکومەتەکەی سوورە لەسەر لەناوبردنی گەندەڵی و چالاکیە نایاساییەکان لە دەروازە سنوورییەکان و خاڵەکانی گومرگ و سنووردارکردنی خاوەندارێتی چەك تەنیا بۆ دەوڵەت.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند كه‌ فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە کردووه‌ کۆنترۆڵی تەواوی دەروازەکانی سەفوان و شه‌له‌مچه‌ بگرێته‌ده‌ست و داوای لە فەرماندەیی هێزی دەریایی کرد بەرپرسیارێتی کۆنترۆڵکردنی ده‌روازه‌ ده‌ریاییه‌كان لەخۆبگرێت.

نەزال وتی ئەم هێزانە ژمارەی پێویستی هێزی راهێنراویان هەیە بۆ ئەنجامدانی هەموو کار و ئەرکەکانی خۆیان و ئاماژەیکرد بەوەی دەروازە سنوورییەکانی بەسرە لەمڕۆدا کۆنترۆڵی ئەمنیی تووندیان هەیە و هیچ پێشێلکردنێکی یاسایی تۆمارنەکراوە.

هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی تەواوی سێ دەروازەی سنوورییان لەگەڵ ئێران بەدەستەوەیە: مەندەلی و مونزیریە لە پارێزگای دیالە و زەرباتیە لە پارێزگای واسیت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500