هێزەکانی عێراق شەممە (11 تەموز) چوارەمین قۆناغی هەڵمەتی سەربازی "پاڵەوانەکانی عێراق"یان دەستپێکرد بۆ پاککردنەوەی پارێزگاکەی دیالە لە خۆرهەڵات لە پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
ئۆپەراسیۆنەکە، کە نزیکەی 18,000 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە، سەرنجدەخاتە سەر گەڕان و پشکنینی سەر سنووری ئێران و ئەو ناوچانەی هێزەکانی فیدڕاڵی لە پێشمەرگە جیادەکاتەوە، کە پێشتر داعش ئەو هەلەی قۆزتبووهوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان.
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت ناوچە بەئامانجکراوەکان تۆپۆگرافیایەکی ئاڵۆزیان هەیە و شەڕکردن لەو شوێنانە توانایەکی سەربازیی تایبەتی پێویستە.
وتی ئەو خاکە جۆراوجۆرە و چڕ به دارودرهخت "هەلی ئەوە دەداتە تیرۆریستەکان خۆیان حەشاربدەن و شوێنێکی ئارام بۆ خۆیان دروستبکەن".
وتی لە ئاکامدا، هەڵمەتە سەربازییە نوێکە "گرنگە و کاریگەرییەکی ئەمنیی گەورەی دەبێت لەسەر وڵاتەکە".
هاوئاهەنگییەکی گەورە
خەفاجی وتی هێزەکانی سەر بە ئاژانسی دژەتیرۆر و فیرقەی کاردنەوەی خێرا، لەگەڵ یەکەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا و هێزە چەکدارە خێڵەکییەکان بەشدارن لەم هەڵمەتەدا و ئاماژەیکرد بەوەش کە هێزەکانی ئاژانسی دژەتیرۆر لە شاری سلێمانییەوە بەشدارن.
وتی: "کاردەکەین بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵیان بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی تەواوی کەلێنە [ئەمنییە]کان."
وتیشی هێزەکان لەلایەن هێزە ئاسمانیەکانی عێراقهوه، بە بەشداربوونی 24 ههلیکۆپتەری سوپا پشتیوانی تووندی ئاسمانی دەکرێن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش پشتیوانی هەڵمەتەکە دەکەن.
خەفاجی وتی هەڵمەتەکە تا ئێستا "ئەنجامێکی گەورە"ی بەدەستهێناوە.
وتی: "گەیشتووینەته چەند ناوچەیەکی دوورەدەست کە هێزەکانمان لە 2003وە دەستیان پێنەگەیشتووە" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە هێزەکانمان پاشماوەکانی داعشیان لەو ناوچانە بنبڕکردووە و کۆنتڕۆڵی تەواوەتییان گرتۆتەدەست.
وتیشی هێزە ئەمنییەکان "سێ تیرۆریستیان کوشت و ژمارەیەک داواکراویان دەستگیرکرد و لانیکەم 15 حەشارگە و شوێنی حەوانەوە و دەیان تەقەمەنی دەستکرد و هاوەنیان لەناوبرد."
هەروەها چەندین چەک، ماتۆڕ، کەرەستەی تەقەمەنی و 100 کیلۆگرام تەقەمەنی کاریگەری سی فۆریشیان لەناوبرد.
هەروەها قەزای ئەبو سەیدا و گوندەکانی باکور و خۆرئاوای دەریاچەی حەمرینیان ئەمینکرد، لەنێویاندا ئوم غەزلان، سیرحە، سیوا، حەسەن زاین، حەورا، عومەر مەندان، ئەنجانە، وادی قەساب، عایشە کهمپ و زور نەهرهوەند.
ئەمینکردنی دەروازە سنوورییەکان
هاوکات لەگەڵ هەڵمەتە سەربازیەکان، هێزە ئەمنییە تایبەتەکان لە دەروازەی سنووریی مەندەلی و مونزیرییە جێگیرکران لەسەر سنووری ئێران، له خۆرهەڵاتی قەزای خانەقینی پارێزگای دیالە.
ئامانجی جێگیرکردنەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کاری قاچاخچێتی و سەروەریی یاسایە.
سەرەکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، شەممە لە میانهی سەردانێکیدا بۆ دیالە بۆ پشكنینی دەروازە سنوورییەکە، وتی: "دەروازە سنوورییەکە [مەندەلی] لەژێر کۆنتڕۆڵ و پارێزگاری هێزە سەربازیەکانماندایە، کە هەموو مافێکیان هەیە تەقە لە هەر کەسێک بکەن کە لە خاڵە گومرگییەکان سەرپێچیبکات."
هۆشداریشی دا لەو"رۆحه شەڕانگێزانه"ی هەڕەشە لە بازرگانەکان دەکەن لە دەروازە سنوورییەکان و وتی "دەستگیردەکرێن و بنبڕدەکرێن".
وتی هەوڵەکانی گێڕانهوهی سهروهریی یاسا لە دەروازە سنوورییەکان دەستیپێکردووە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەمە داواکاریی گەلی عێراق و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە.
کازمی وتی: "چەند کەسانێک هەن کە پشێوی دەنێنەوە بۆئەوەی گەندەڵیی کەسانی دیکە بپۆشن، بەڵام ئێمە بەردەوامدەبین لە هەوڵەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی سەرەوەریی دەوڵەت و یاسا."
ئهی قارهمانان، پێویسته تهركیز بخهنه سهر باخهكانی بههراز و ژمارهیهك له ناوچهكانی جهلهولا و عوزهیم و حهمرین كه حهشارگهكانی پاشماوهكانی رێكخراوی "دهوڵهتی ئیسلامی" (داعش)یان لێیه. پێویسته بست به بستی ئهو ناوچانه پاكبكهنهوه. جهلهولا ناوجهرگهیهكه بۆ ئهو چهكدارانهی له چهندین جێگای جۆراوجۆرهوه دێن و جهلهولایان وێرانكردووه. تكایه ههرچهند هێزی ئهمنی دهتوانن بنێرنه ئهوێ و رێبگرن له بهناو پێشمهرگه و ههروهها له ئهندامانی ههواڵگری، چونكه ئهمانه بێسوودن. خهڵكی جهلهولا باش و بهڕێزن و ئێستا ناوچهكهیان بۆته ناوجهرگهیهك بۆ ئهو ئهندامانهی داعش. كۆتایی بهڵگهنهویستی ئهندامانی داعش بهمزوانه دێت، بهویستی خودا و سوپاس بۆ ئهم ههڵمهته. خودا بتانپارێزێت و دهستانخۆشبێت!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت