هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ریکۆردێکی نوێ تۆماردەکات لە داهاتی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان

خالید تائی

ئۆتۆمبیلێکی گوله‌نەبڕی سوپای عێراق لە 27 حوزەیران لە نزیک دەروازەی سنووریی زەرباتییەی سەر سنووری ئێران دەبینرێت، وەک بەشێک لە پلانێک بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە تەواوی دەروازە سنوورییەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئۆتۆمبیلێکی گوله‌نەبڕی سوپای عێراق لە 27 حوزەیران لە نزیک دەروازەی سنووریی زەرباتییەی سەر سنووری ئێران دەبینرێت، وەک بەشێک لە پلانێک بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە تەواوی دەروازە سنوورییەکان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ده‌سته‌ی دەروازە سنوورییەکانی عێراق سێشەممە (18 ئاب) تۆماری داهاتی گومرگی راگەیاند، مانگێک دوای ئەوەی سوپای عێراق ئەمنیەتی تەواوی دەروازە سنووری و بەندەرەکانی پتەوترکرد.

بەڕێوبەری ده‌سته‌كه‌، عومەر وائیلی وتی پلانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی و چالاکی نایاسایی لە دەروازە سنوورییە زه‌مینییه‌كان و بەندەرە ئاوییەکان سەدان ملیۆن زیادبوونی لە داهاتی گومرگی سەر كاڵا هاوردەکان بەخۆوە بینیوە.

بە دیارونای وت دەسەڵاتەکە پلانێکی نوێی جێبەجێکرد بۆ گرتنەدەستی کۆنتڕۆڵی راستەوخۆی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و سەپاندنی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت بە فەرمانی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی.

وائیلی وتی هێزەکانی سوپا جێگیرکراون بۆ پاراستنی 22 ده‌روازه‌ فیدڕاڵییەکە، کە پێکدێن لە پێنج فڕۆکەخانە، شەش بەندەری دەریایی و 11 دەروازەی سنووریی وشکانی، بۆ دابینکردنی "ژینگەیەکی سەلامەت و سەروەرکردنی یاسا لە دەروازەکان".

لۆرییە نایاساییەکان دووردەخرێنەوە لە دەروازی سنووری شەلەمچە لەگەڵ ئێران لە پارێزگای بەسرەی عێراق، 7 ئاب. [خاوەنی وێنە: ده‌سته‌ی دەروازە سنوورییەکان]

لۆرییە نایاساییەکان دووردەخرێنەوە لە دەروازی سنووری شەلەمچە لەگەڵ ئێران لە پارێزگای بەسرەی عێراق، 7 ئاب. [خاوەنی وێنە: ده‌سته‌ی دەروازە سنوورییەکان]

وتی: "هیچ لایەنێک چیتر رێیپێنادرێت رێبدات بە هاتنەناوەوەی هیچ کەسێک کە مه‌رجه‌ یاساییەکانی تێدانه‌بێت." وتیشی مامەڵەکانیش "بەشێوەیەکی ورد و چڕ بەجۆرێكی وا چاودێریدەکرێن کە هیچ هەلێک بۆ پێشێلکردنی یاسا و رێنماییەکان ناهێڵێتەوە".

وتی کارمەندانی دەروازەکان ئێستا دەتوانن بەبێ فشار کارەکانیان ئه‌نجامبده‌ن و پارێزراون لەکاتێکدا لە کاتی دەوامی خۆیاندا کارەکانیان دەکەن و هەروەها لە دەرەوەی دەوامی ئاساییشدا.

وائیلی وتی ئەو هەنگاوانەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازەکان گیراونەتەبەر، داهاتێکی بێ پێشینه‌یان دابینكردووه‌ بۆ خەزێنەی دەوڵەت له‌ گومرگی سەر كاڵا هاوردەکان.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی راگەیاندن، داهاتەکە گەیشتۆتە نزیکەی 420 ملیۆن دۆلار.

وتیشی کارمەندانی ده‌سته‌ی دەروازە سنوورییەکان، بەیارمەتی بەرپرسانی ئەمنی، رێگرییان لە 1,200 پێشێلکاریی گومرگی کردووە، کە پێکدێن لەساخته‌كردن، قاچاخچێتی، گۆڕینی جۆری کەلوپەل و دەستکاریکردنی بڕی كاڵا هاوردەکراوەکان.

هه‌روه‌ها وتی حکومەتیش ویستێکی پتەوی هەیە بۆ دەستبەسەرداگرنی هەر دەروازەیەکی سنووریی نایاسایی و ئاماژەیکرد بە بوونی دەروازەی سنووریی بێباج لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران.

رێوشوێنە نوێکان بۆ ئەمینکردنی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکان

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە لە رێوشوێنە نوێکان بۆ پاراستنی بەندەر و فڕۆکەخانەکان لە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە 4 ئاب، عێراق رایگەیاند کە سەرژمێری تەواوی ماددە مەترسیدارەکانی نێو بەندەر و فڕۆکەخانەکان دەکات.

به‌گوێره‌ی ئاژانسەکە، لیژنەی فریاگوزاری بەسەرپەرشتی ده‌سته‌ی گشتی گومرگی عێراق رایگەیاند کە ئەرکی ئەنجامدانی ئەم کارەی پێسپێردراوە، بەئامانجی رێگریکردن له‌ "دووپاتبوونه‌وه‌ی ئەوەی لە لوبنان روویدا" لە عێراق.

تەقینەوە گەورەکە کە بووە هۆی وێرانکارییەکی زۆر لە پایتەختی لوبنان، بەهۆی 2,750 تەن ماددەی کیمایی نیتراتی ئامۆنیۆمه‌وه‌ روویدا کە بۆ چه‌ندین ساڵ لە بەندەری شارەکە ئه‌مباركرابوو.

چەندین بەرپرسی ئەمنی وتیان بەرپرسانی بەندەرەکە ماددە کیمیاییەکانیان لە کۆگایەکی پشتگوێخراودا هەڵگرتبوو کە درز لە دیوارەکانیدا هەبوو.

هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینه‌وەیەکیان لە 2019 ئەنجامدا دوای ئەوەی وترا کۆگاکە بۆنێکی سەیری لێدێت و دواتر بڕیاردرا کە پێویستە ماددە کیمیاییە "مەترسیدارەکان" لاببرێن، بەڵام هیچ كردارێك لەوبارەیەوە ئەنجامنەدرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500