بهگوێرهی سیاتمەداران و چاودێرانی عێراق، نیگەرانی لە بازنە ئایینی و جهماوهریهكاندا روو لە زیادبوون دەكات لە باشوری عێراق بەهۆی بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئێرانەوە بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆی و كردنه ئامانجی بەرژوەندیەکانی ئەمریکا.
ئەمەش دابەشبوونێک لەنێو حەشدی شەعبیدا دەردەخات، لەنێوان ئەو میلیشیانەی پەیڕەوەیی بڕیارەکانی حکومەت و مەرجەعە ئایینیەکان دەکەن لە نەجەف و ئەوانهدا کە لایەنگری ئێران و سوپای پاسدارانن.
شارەزایەکی بواری كاروباره ئایینیەکانی شاری نەجەف، حسێن مەحمود کازمی وتی حەشدی شەعبی لەسەر بناغەی فەتوایەك دروستبوو کە لە حوزایرانی 2014 لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەوه، عەلی سیستانی دەرچوو.
بە دیارونای وت فەتواکەی سیستانی داوای لە هەموو عێراقییەکان کرد رووبەڕووی بڵاوبوونهوه خێراکەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ببەنەوە.
کازمی وتی بەڵام ئەو میلیشیانەی سەر بە سوپای پاسداران کە وەک بەشێک لە حەشدی شەعبی چالاکن، سوودیان لە بەشداریکردن لە شەڕی داعش بینی بۆ بەهێزکردنی کاریگەری و دەسەڵاتی خۆیان لە عێراق.
لە دوای کوژرانی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە کانوونی دووەم، لێکترازان لەنێو میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا فراوانتربوو.
وتی میلیشیاکانی عەتهبات موقەدەسە (نزرگه پیرۆزهكان)، كه چەکدارانیان لە نەجەف و کەربەلاوە هاتوون، بەمدواییانە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا بڕی وەک هەوڵێک بۆ خۆدوورخستنەوەیان لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە پەیڕەوی فەرمانەکانی رابەری باڵای ئێران عەلی خامەنەیی دەکەن.
لەو کاتەوە چوونەته ریزی هێزەکانی عێراقەوە.
رەتکردنەوەی نفوزی ئێران
کازمی وتی گروپە میلیشیکانی عەتهبات موقەدەسە "رەتیدەکەنەوە بچنە نێو رکابەرییەکی دۆڕاوهوه لەگەڵ ئەمریکادا بۆ بەرژەوەندیی ئێران لە خاکی عێراقدا كه تەنیا عێراق و گەلی عێراق تێیدا دەدۆڕێن".
وتیشی نیگەرانییەکی زۆر هەیە لە نەجەف و کەربەلا لەسەر ئەوەی بەشێکی زۆری حەشدی شەعبی "بوونەتە کەرەستەیەکی چەکداری سیاسیی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا، هەرچەند هەموو لایەک دەزانن رووبەڕووبوونەوەیەکه كه پێشوەخت دۆڕاوه".
ئاماژهشی کرد بە وەڵامی ئەمریکا بۆ بۆردومانەکەی ناوەڕاستی ئازار بۆسەر بنکەی سەربازیی تاجی له باکوری بەغدا، ئەو شوێنەی هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیای لێ جێگیرن، کە پێنج ئهمباری چەکی ژێردەستی کهتائیب حیزبوڵای سەر بە ئێرانیان کردە ئامانج.
وتی رووداوەکەی تاجی روونیکردەوە کە ئێران میلیشیاکان بەکاردەهێنێت بۆ پشتیوانیکردن و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، نەوەک بەرژەوەندییەکانی عێراق.
سەرۆکی پارتی دەستوریی ئاییندەی عێراق، ئینتیفاز قەنبهر بە دیارونای وت ئەو میلیشیانە فەرمان لە ئێران وەردەگرن، بۆیە کاتێک ئێران ویستی ناکۆکییەکان لە عێراق برهوپێبدات، ئەوان برهویان پێدا.
وتیشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکایان لێ جێگیرن و ئەو کۆمپانیا ئەمریکیانەیان کردۆتە ئامانج کە لە بەسرە و بەغدا کاردەکەن.
وتی: "ئەمڕۆ، تاران هەوڵدەدات رێکەوتنێک واژۆبکات و بچێتە گفتوگۆوه لەگەڵ ئەمریکا لە کاتێکدا دەیەوێت سازش بكات."
وتیشی رژێمی ئێران میلیشیاکانی عێراق وەک کارتێکی سیاسی بەکاردەهێنێت و دوای ئەوەی لەگەڵ ئەمریکادا گەیشتە رێکەوتن بەجێیاندەهێڵێت.
دابەشبوونەکانی نێو حەشدی شەعبی
ئەندامێكی بزووتنهوهی مەدەنی عێراق، حوسام سەفار بە دیارونای وت هێرشەکان بۆسەر ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانهوه ئەنجامدهدرێن "دەبنه هۆی زیانی سیاسی و مادی و ئابوری بۆ عێراق".
وتی ئەو میلیشیانە چاک دەزانن کە "رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکادا دەدۆڕێنن و تەنانەت لەسەدا یهكیش هەلی بردنەوەیان نییە" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە سەرکردەکانی بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی "رازیبوون به فڕێدانی بەشێک لە چەکدارانیان بۆنێو ئاگری بەرژەوەندییەکانی ئێران".
ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە حەشدی شەعبی دابەشبووە لەنێوان گروپەکانی عەتهبات موقەدەسە، کە فەرمانەکانی حکومەتی عێراق و مەرجەعیەته ئایینیەکان جێبەجێدەکەن لە نەجەف و ئەوانەدا کە لایەنگری ئێرانن.
سەفار وتی ئەو گروپانە "بۆ عێراقییهكان دهركهوتوون وەک کەرەستەی ئێران".
وتی هەر لەبەر ئەوەیە کاتێک ئەمریکا کۆگەکانی چەکی کردە ئامانج، "زۆربەی زۆری عێراقییەکان پشتیوانییانكرد له هێرشەکە و وەک هەنگاوێکی گرنگ لێیانڕوانی بۆ کۆتاییهێنان بەو هێزەی میلیشیاکان ههیانه کە بۆته مایەی هەڕەشە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا".