چوار گروپی میلیشیا کە لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبی (حهشد)دا چالاكن، لە 18 ئازار رایانگەیاند حەشد جێدەهێڵن و چەکدارانیان دەچنە نێو سوپای عێراقەوە.
لیوای ئەنسار مەرجەعیە، لیوای عەلی ئەکبەر، فیرقەی شهڕی عەباس و فیرقەی شهڕی ئیمام عەلی، پهیوهستن به پیاوی ئایینی باڵای شیعەی عێراق، عەلی سیستانی.
عیسام فەیلی کە زانستی سیاسەت دەڵێتەوە لە زانکۆی موستەنسریە وتی بڕیارەکەیان بۆ بەجێهێشتنی حەشد ئاماژەیەکە بەوەی دەزگای ئایینی لە نەجەف دەیەوێت "دۆخەکە کۆنترۆڵبکات و ئاسایی بکاتەوە".
بە دیارونای وت ئەو لایەنانەی وەك وەڵامێك بۆ فەتواکەی حوزەیرانی 2014ی سیستانی دروستبوون، کە داوای لە عێراقیەکان کرد رووبەڕووی بەرفراوانبوونی خێرای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ببنەوە، "لەئێستادا دەبێت پەیوەندیبکەن بە دەزگای فەرمیی سوپاوە".
فەیلی وتی هێزە چەکدارەکان "دەبێت فەرمان لە وەزارەتی بەرگری وەربگرن و بەگوێی فەرمانڕەوایی یاسایی ئەم دەزگایە و رێنمایی و یاسا دەرکراوەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتەوە بکەن".
وتیشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەشداریكردنیان لە شەڕی دژی داعشدا قۆستەوە بۆ بەهێزکردنی نفوزی خۆیان و فراوانکردنی دەسەڵاتیان لەسەر حسابی دەوڵەت، بەجۆرێك سەربەخۆ لێی کاردهكهن.
گێڕانهوهی چەك بۆ ژێردەستی دەوڵەت
فەیلی وتی بڕیاری ئەم لایەنانە ئاراستهیهكی گشتی پیشاندهدات بەرەو "سنووردارکردنی چەك تەنیا بۆ دەوڵەت" و ئاماژەیکرد بەوەی هەنگاوهكهیان بۆ چوونە نێو ریزەکانی سوپای عێراقەوە رەنگە "هانی لایەنەکانی دیکەش بدات هەنگاوی هاوشێوە بنێن".
هەرچەندە بانگەشەی ئەوە دهكهن كه بەشێکن لە سیستمی دەوڵەت، گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە ناسراون بەوەی بەئاشکرا بڕیارەکانی حکومەت رەتدەکەنەوە.
بۆنمونە لە ئابی رابردوو، لیوای 30 حەشد رەتیکردەوە شوێنی خۆی لە ناوچەی دەشتی نەینەوا چۆڵبکات بۆ سوپای عێراق.
میلیشیاکانی سەر بە ئێران وەك کەتائیب حیزبوڵا، حەرەکهت نوجەبا، عەسائیب ئەهل حەق، لیواکانی بەدر و سەرایا خوراسانیش تۆمەتباردەکرێن بە پێشێلکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
ئەو میلیشیانە تۆمەتباردەکرێن بەوەی خۆپیشاندانەکانی عێراق سەرکوتدەکەن کە دژی نفوزی ئەوان و زاڵبوونی ئێران و لەکەدارکردنی سەروەریی دەوڵەتن، لەگەڵ هێرشی بەردەوام بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
فەیلی وتی: "دیدگای سیستانی لە جەوهەردا دروستکردن و بەهێزکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و فەرمانڕەوایی یاسایە و دڵنیابوونەوە لەوەی عێراق نابێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی کۆنەقین."
وتی: "ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەیە کە تەواوی گروپەکان بخرێنە نێو دەزگا فەرمیەکانی دەوڵەتەوە و دڵسۆزییان بۆ نیشتمان بسەلمێنن."
پێویستی به رێکخستنەوەی پەیکەربەندی حەشد
فەیلی وتی: "کێشەی رێکخستنەوەی پەیکەربەندیی حەشد پێویستی بە سازانی سیاسی و ویستێکی نیشتمانی و سەربەخۆ و تاووتوێکردنێکی گشتی هەیە لە بەرامبەر نانی هەر هەنگاوێك لەمبارەیەوە."
وتی سەرەکوەزیرانی پێشووی عێراق عادل عەبدولمەهدی لە تەمموزی رابردوو بڕیارێکی دهركرد بۆ یەکخستنی لایەنەکانی حەشد بۆ نێو هێزە ئەمنیەکان، بەڵام هەرگیز جێبەجێ نەکرا.
پسپۆڕێكی بواری ستراتیژی لە عێراق، عەلا نەشوع بە دیارونای وت بڕیارهكهی چوار گروپی سەر بە نەجەف بۆ چوونە نێو سوپای عێراقەوە "رەنگدانەوەی هەوڵەکانە بۆ گۆشەگیرکردن و کەمبایەخکردنی نفوزی ئەو میلیشیا عێراقیانەی دڵسۆزی ئێرانن".
وتی بڕیارەکە ئاماژەیەکیشە بەوەی "ئەم لایەنانە نایانەوێت بەشێك بن لە کارنامەی ئێران و ناشیانەوێت بەرپرس بن لەو چالاکیانەی زیان لە ئاسایش و سەروەریی عێراق دەدەن کە لەلایەن بهكرێگیراوانی عێراقیی ئێرانەوە ئەنجامدەدرێن".
نەشوع جەختیکردەوە لە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی حەشد و ئاماژەیکرد بەوەی ئەم هێزە "دەسەڵات و پیشەوەریی" نییە و دەرکەوتنی تەنیا بەهۆی دۆخی کتوپڕەوە بووە کە عێراق لە سەردەمی داگیرکاریی داعشدا تووشی بوو.
وتی ئێستا کە داعش شکستی پێهێنراوە، "دەبێت کاربکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم لایەنانە و ئاوێتەکردنیان بە ئەندامە راهێنراوەکانی دەزگا ئەمنیەکان".
وتیشی ئەمە نفوزی ئێران و رەفتاری ئەو میلیشیانەش کۆتوبەند دەکات کە خۆیان بە هێزی هاوتەریب، یاخود تەنانەت زاڵبوو بەسەر دەوڵەتدا، دەزانن، جگە لە کەمکردنەوەی بە سەربازیکردنی کۆمەڵگەی عێراقی.
دوورکەوتنەوە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران
پێش بەیاننامەکە، سەرکردەی چوار گروپ کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق نەجاح شەممەری و سەرکردە سەربازییەکانی دیکە کرد بۆ تاووتوێکردنی میکانیزمێك بۆ یەکخستنی ئەندامانیان بۆ نێو سوپا.
رۆژنامەوان زیاد سنجاری بە دیارونای وت توڕەیی جەماوەری لە مامەڵەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەکاتی خۆپیشاندانە بەردەوامەکاندا، فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ بڕیاری ئەو چوار لایەنە بۆ کشانەوە لە حەشد.
وتی ئەم گروپانە دەیانەوێت خۆیان بەدووربگرن لە توڕەیی شەقام کە بەرامبەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەیە، کە بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوان و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی وڵات.
سنجاری وتی هەنگاوەکە لەکاتێکیشدایە کە میلیشیاکان هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی برەوپێداوە و وتیشی ئەمە "پەیامێك دەنێرێت بۆ بهكرێگیراوانی ئێران کە تەنیا خۆیان بەرپرسن لە رەفتارەکانیان".