سوپای عێراق یەکشەممە (17 ئایار) دەستیکرد بە هەڵمەتێکی سەربازی بۆ پاککردنەوەی بیابانی خۆرئاوا لە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسێك وتی.
وتەبێژێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت "ئۆپەراسیۆنی شێرەکانی جەزیرە"، کە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەوشێوەیەیە، روماڵی ناوچەیەکی گەورەی 150 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەکات.
وتی ناوچەکە درێژدەبێتەوە "لە سنووری سوریاوە بەرەو بیابانی جەزیرە و ئەو رێگەیەی شارۆچکەکانی حەدیسە و بێجی پێکەوە دەبەستێتەوە تا دۆڵی خۆرئاوای دهریاچهی سەرسار".
بیابانه بەئامانجکراوهكه چەند ناوچەیەکی تێدایە کە دەکەونە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەواوه، لەنێویاندا شەعبانی، سەحلول، راوە، وادی عەجیج، تەریفاوی، سونەیسەلە و ناوچەی فڕۆکەخانەی سەربازیی جنێڤ لە بیابانی حەزەر.
خەفاجی وتی ئەو ناوچانەی هەڵمەتەکە دەیانگرێتەوە دەکەونە کەناری چەند ناوچەیەکی ئەمنییهوه کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هەریەك لە سێ پارێزگاکەوە سەرپەرشتی دەکرێن و ئاماژەیکرد بەوەش کە ئەندامانی داعش لەم ناوچانە خۆیان دەشارنەوە، بهسوودبینین لە بەرفراوانی و سەختیی ناوچەکە.
هێڵهكانی پشتیوانی دابڕاون
وتی هەڵمەتە نوێکە تایبەتە لەڕووی بەشداریی ژمارەیەك هێزەوە، كه چوار فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لهخۆدهگرێت -- ئەنبار، جەزیرە، خۆرئاوای نەینەوا و سەلاحەدین، لەگەڵ هێزەکانی حەشدی خێڵەکی و هێزی ئاسمانی عێراق.
وتیشی ئهم هێزانه هەڵمەتەکەیان لە 11 ئاراستەوە بهرپاكرد و تەرکیزیان كرده سهر "بڕینی هێڵه نهێنییهكانی پشتیوانی بۆ پاشماوەکانی داعش لە بیابانی خۆرئاوای جەزیرە، کە وەك راڕەوێك وایە بۆ پشتیوانی لۆجستی و هاتوچۆ بۆ پارێزگاکانی دیکە، بەتایبەتی دیالە و سەلاحەدین".
وتی هەڵمەتەکە ئامانجیشی "هێشتنەوەی فشارە لەسەر تیرۆریستان و گیرخواردنیان له حەشارگەکانیاندا و تێکشکاندنی ورەیان، کە لەم چەند هەفتەیهی دواییدا هەوڵی بەرزکردنەوەیان داوە بە ئەنجامدانی هێرشی ترسنۆکانە دژی سەربازان و مەدەنیەکانی [عێراق]".
ئۆپەراسیۆنەکە بۆتە هۆی تێکشکاندنی چوار حەشارگە و تونێل لە بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین، لەگەڵ ناوچەکانی دیکە و دەستبەسەراگرتنی چەندین بۆمبی دەستکرد و چەك لە باکوری راوە.
وتی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار "بەدووی چەندین تیرۆریست کەوتن و کوشتیانن لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی بیابانی ئەنبار، لەکاتێکدا پاشماوەکانی دیکەی [داعش] توانییان هەڵبێن".
خەفاجی وتی: "هەڵمەتەکە بەردەوامدەبێت تا ناوچەی بەئامانجکراو پاکدەکرێتەوە لە تیرۆریستان و بەتەواوی دەپارێزرێت."
وتی هاوکات، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیش بەگەڕخرا بۆ بهدووكهوتنی پاشماوەکانی داعش لە باخەکانی ئەبو سەیدا و موخەیسە لە پارێزگای دیالە.
ئاماژەیکرد بەوەش كه ئۆپەراسیۆنەکە، کە لەلایەن فەرماندەیی فیرقەی 5ی پیادە، پۆلیسی ناوخۆیی و هێزی ئاسمانی سوپاوە بەگەڕخرا، "بووە هۆی تێکشکاندنی حەشارگەیەکی تیرۆریستان لە بێستانەکانی حوڕە و تەقاندنەوەی دوو بۆمبی دەستکرد".