هێزە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (7 تەمموز) دەستیانكرد بە هەڵمەتێکی سەربازیی فراوان بۆ دەرکردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە بیابانی خۆرئاوای عێراق لە ناوچەکانی سەر سنووری سوریا.
هەڵمەتی "ئیرادەی سەرکەوتن" کە لەلایەن سەرەکوەزیران عادل عەبدولمەهدییەوە راگەیەندرا، ئامانجی بەتەواوی بنەبڕکردنی شانەکانی داعشە لەو بیابانەدا کە درێژدەبێتەوە بەنێو پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەودا تا سەر سنووری عێراق و سوریا.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت هێزە هاوبەشەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و پاسەوانانی سنوور لەنێو هێزە بەشدارەکاندان.
وتی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانیی ئاسمانی دابیندەکەن، لەکاتێکدا هێزە زەمینییەکان پێشڕەویدەکەن بەرەو سنوور لە باشووری نەینەوا، خۆرئاوای سەلاحەدین و له بیابانی فوراتی باڵا لە باکوری ئەنبار.
بەگوێرەی خەفاجی ئەو شاڵاوە بەرفراوانە لە وەڵامی ئەو زانیارییانەدا بوو کە دەزگای هەواڵگریی عێراقی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ناوەندی ئاسایشی هاوبەشی وەزارەت پێشکەشیانکرد.
زانیارییەکان ئاماژەیان بەوە کرد كه شانەکانی داعش خۆیان لە ئەشکەوت و دۆڵهكانی بیابانەکاندا شاردۆتەوە و سوودیان بینیوە لەو ناوچانەی لەنێوان چەندین ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندان کە ئاسایش تیایاندا بەتوندی نەچەسپێنراوە.
خەفاجی وتی پاشماوەکانی گروپەکە چەند بنکە و حەشارگەیەکیان دانابوو لە ناوچەکە، کە تیایدا هەوڵی خۆڕێکخستنەوەیان دەدا.
وتیشی لە وەڵامی زانیارییەکانی ئەمدواییەدا "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەستبەجێ پلانی هەڵمەتێكی دانا و بەگەڕی خست بە هاوکاریی تەواوی هێزە پشتیوانەکانی دیکە".
'گەورەترین هەڵمەتی لەوشێوەیە لە 2017وە'
خەفاجی وتی هەڵمەتی "ئیرادەی سەرکەوتن" گەورەترین هەڵمەتی لەوشێوەیەیە لەوکاتەوەی داعش تێکشکێنرا لە کانونی یەکەمی 2017وە، لەڕووی رادەی یەکە سەربازییە بەشداربووهكانهوه و لەبەرئەوەی لە چەندین ئاراستەوە بەگەڕخراوە.
وتی لە بەگەڕخستنیەوە، "بە دەیان تیرۆریست کوژراون و چەندینی دیکە دەستگیرکراون و ژمارەیەکی زۆر شوێنی پشودان و بۆمبیش تێکشکێنراون و چەندین چەك دەستیان بەسەردا گیراوە".
وتیشی: "تائێستا دەستکەوتی زۆر گەورە بەدەستهاتووە."
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی شەوی یەکشەممەی تۆڕی رۆژنامەوانیی جەنگی لە یەکەم رۆژی هەڵمەتەکە، هێزە بەشدارەکان هەشت پێگەی داعشیان تێکشکاند، لەگەڵ خەندەقێك کە گروپەکە بەکاریدەهێنا و 16 بۆمبی دەستکرد و دەستیانگرت بەسەر دوو ماتۆڕدا.
گوندەکانی خونەیفەس، مالیحە، ئوم توس، کوەیس، کوەین، ئوم عیزام، سەدە، و میسکار کە لەنێوناوچەی فەرماندەییەکانی جەزیرە و ئەنباری ئۆپەراسیۆنەکەن، گەڕانیان تێدا ئەنجامدراوە.
بەیاننامەکە رایگەیاند كه لەنێو ناوچەی ئۆپەراسیۆنهكانی فەرماندەیی نەینەوادا کەمپێکی داعش تێکشکێنرا و ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو و بۆمبێکی دەستکرد پوچەڵکرانەوە.
راشیگەیاند كه فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەلاحەدین دوو پێگە و حەشارگەیەك و 27 بۆمبی دەستکرد، سێ پشتێنی بۆمبڕێکراو و 23 گوللە تۆپ و هاوەنیان تێکشکاند و پردی سوکاریاتیان گرت لەگەڵ گوندەکانی سەبیح بەکارە، ئەلبو جەلیب و ئەلبو رەجەب.
هاوکات هێزەکانی پاسەوانی سنوور بەشێکی 10 کیلۆمەتریی هێڵی سنووریی سوریایان پشکنی.
خەفاجی وتی: "هەڵمەتەکە بەردەوامە بەشێوەیەکی خێرا و سەربازەکانمان سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی داعش لە ناوچە بیابانییەکان."