بەرپرسێکی سەربازی دووشەممە (4 ئایار) بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق "توانایان هەیە و ئامادەن بۆ لەناوبردنی هەرجۆرە زیادبوونێك" لە چالاكییهكانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا.
عێراق زیادبوونی هێرشەکانی داعشی بهخۆوهبینیووە لە چەند رۆژی رابردوودا، شرۆڤەکارانیش دەڵێن پاشماوەکانی گروپەکە رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆیان قۆستۆتەوە دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ زیادکردنی هێرشە کوشندەکانیان هاوکاتی کشانەوەی هێزەکانی هاپەیمانان و کێشە سیاسییەکان.
هێرشەکان لە ناوچە دوورەدەستەکانی پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالەدا چڕبوونەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگهیاند كه دژوارترین هێرش لە ناوچەی موکەیشیفە بوو لە سەڵاحەدین، کە کوژرانی شەش چەکداری فەوجی 35ی حەشدی شەعبی لێکەوتەوە سەرلەبەیانی شەممە بە گولەی راستەوخۆی چەکدارەکانی داعش.
سێ چەکداری دیکەی فەوجەکە کوژران و چواریش برینداربوون دوای ئەوەی تەقەمەنییەکی دەستکردیان پێدا تەقییەوە لەوکاتەدا کە ئەندامانی زیاتری فەوجی 35 دەگەیشتنە شوێنەکە بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشەکەی داعش.
هێرشێکی دیکە ئەندامێكی فەوجی 41ی کوشت لە گوندی تهل زەهەب لە شارۆچکەی یەسرب لە سامەرا.
پاشماوەکانی داعش یەکشەممە دوو هێرشیان ئەنجامدا، یەکەمیان بازگەیەکی سوپای عێراقی کردە ئامانج نزیك گوندی عەین لەیلا لە ناوچەی دالی عەباس لە دیالە و سەربازیك تیایدا برینداربوو.
بەگوێرهی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، دووەمیان بازگەیەکەی فەوجی 21ی حەشدی شەعبی کردە ئامانج لە گوندی عەیس لە ناوچەی جەلەم دور لە سەڵاحەدین، تیایدا سێ ئەندامی هێزەکان برینداربوون.
ئامادەیی بۆ بەرپەچدانەوەی هێرشهكان
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی وتی زیادبوونی هێرشە تیرۆریستییەکان کاردانەوەی "ئەو فشارەیە كه هێزە ئەمنییەکان خستویانەتە سەر پاشماوەکانی داعش".
بە دیارونای وت: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدوواییانە گورزی ئازاربەخشیان لە دوژمن داوە لە چەند ناوچەیەكدا."
وتیشی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە سەڵاحەدین و دیالە و سامەرا و ئەنبار و جەزیرە چەندین هێرشیان ئەنجامداوە و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیان کوشتووە، حەشارگە نهێنییەکانیان لەناوبردوون و دەستیانگرتووە بەسەر زانیاری گرنگی هەواڵگریدا."
ههروهها وتی ئۆپەراسیۆنەکان "فشاری قورسیان خستۆتە سەر داعش، کە هەموو پاشماوەکان و شانە نوستووەکانی کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی هێرشی جیا جیا ئەنجامبدات".
خەفاجی وتی چەکدارەکان "دەیانەوێت ئەمنییەت بشێوێنن بۆئەوەی فشارەکان کەمببنەوە و تیرۆریزم بڵاوبکەنەوە و هەندێك ورە بەدەستبهێننەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژەدەکەن بەوەی سەرۆکی نوێی داعش تاوانبار عەبدوڵا قارداش هاتۆتە عێراق".
وتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان "بە پلان و تاکتیکەکانیدا دەچێتەوە هەرکاتێك پێشێلکاری ئەمنی روودەدات یان رەوشێکی لەناکاو دێتە پێشەوە لە وڵاتدا، ئەوەش بۆئەوەی رێنەدرێت بە گروپە تیرۆریستەکان سوود لە رەوشەکە وەربگرن".
وتیشی: "رێکارەکانمان بەردەوام دەگۆڕدرێن و ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی پاشماوەکانی دوژمن زیادیانکردووە بۆئەوەی رێگری بکرێت لەو پێشێلکارییانە."
جەختیشیکردەوە: "توانا و ئامادهییمان هەیە بۆ بهرپهچدانهوهی هەر زیادبوونێك له هێرشی تیرۆریستەکاندا لەرێی هەوڵە سەربازی و هەواڵگرییەکانەوە و شەڕی ئەمڕۆمان لەگەڵیاندا شەڕی زانیارییە."
'ساکار و سەرەتایی'
شارەزایهكی بواری ئەمنی، هیشام هاشمی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت چەکدارانی داعش گوندە چۆڵەکانی رۆخی شارەکان بەکاردەهێنن و دەیانەوێت میکانیزمی پارە بەدەستهێنان بدۆزنەوە لەگەڵ رێگەی قاچاخچێتیکردن، لەکاتێکدا ژێرخانی ناوخۆیی و بەرپرسان دەکەنە ئامانج بۆئەوەی شڵەژان بهێننه ئاراوه.
لەلایەکەوە زیادبوونی هێرشەکان لەوانەیە پەیوەندی هەبێت بەوەی یەکە ئەمنییەکان بۆ چەسپاندنی رێکارەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرکدارکراون، کە زیاتر لە 2,000 کەس تووشبوون و زیاتر له 90 کەسیشی کوشتووە.
شێخی خێڵێك لە شاری بەعقوبەی دیالە، عەدنان غەزبان وتی: "ئەو چەکدارانە سوودیان وەرگرت لەوەی هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی چەسپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بوون بۆیە بە ئازادییەکی زۆرترەوە دەستیانکرد بە جموجۆڵکردن."
تووندڕەوەکان لەوانەشە رەوشی چەقبەستووی سیاسی لە بەغدا بقۆزنەوە چونکە سەرکردەکان سەرنجیان لەسەر دانوستانە تووندەکانە بۆ پێكهێنانی حکومەتێكی نوێ.
شارەزایهكی بواری هەواڵگری، فازڵ ئەبو رەغیف وتی: "چەکدارانی داعش چاودێری رەوشی سیاسی دەکەن و هەرکاتێك رەوشەکە بەرەو خراپی بڕوات وەك هەل دەیقۆزنەوە بۆ زیادکردنی چالاكییهكانیان."
بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کەمکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لەو 7,500 سەربازەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکاش رێگەخۆشکەر بوو بۆئەوەی داعش هێرشەکانی زیادبکات.
هێشتا چاودێران و شرۆڤەکاران دەڵێن ئەو شەپۆلە نوێیەی هێرشەکانی داعش مانای ئەوە نییە گروپەکە جارێکی دیکە مەترسی بێت لەسەر شارەکان وەك له 2014.
ئەبو رەغیف وتی: "داعش ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ قەبارەی پێشووی،" وەك ئەو کاتەی گروپەکە بەناو "خەلافەتەکەی" راگەیاند لەسەر خاکی عێراق و سوریا.
بەرپرسێکی باڵا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت كه "هێرشی سەرکەوتووی ئاستی نزم" لەلایەن داعشەوە بینراوه لە چەند هەفتەی رابردوودا بەڵام لهقهڵهمی نهدان به "ههڵكشانێكی گرنگ" له ژمارهیاندا.
بەرپرسەکە وتی:" تەنیا ژمارەی هێرشەکان نییە بەڵكو کوالیتی هێرشەکە چییە؟ ئایا ئاڵۆزە؟ چ ئامێر یان تاکتیكێك بەکارهێنراون؟ زۆربەی ئەوەی بینیوومانن ساکار و سەرەتایی بوون."
سام هێلەر، شیكاروانێكی سەربەخۆ کە سەرنجی لەسەر گروپە تووندرەوەکانە، وتی ئەوەی روویداوە زۆر دوورە لەوەی بەراورد بکرێت بە هەڵکشانی داعش لە 2014.
لە نوسینێکدا وتی هێرشەکان "پێدهچن ئاماژه بن بۆ شێوازێكی تووندوتیژانهتری گروپەکە نهك بۆ توانای نوێ و سهرنجڕاكێشی".