هه‌واڵه‌كانی عێراق
پەنابەران

ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاوارە سوریەکان دەگەڕێنێتەوە ناوچەکانی شەڕ

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

ئاوارەیەکی سوری کە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ شارۆچكه‌كه‌ی خۆی داوە لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب بۆ هەڵاتن لە جەنجاڵی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا و هەڕەشەی جددی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

ئاوارەیەکی سوری کە بڕیاری گەڕانەوەی بۆ شارۆچكه‌كه‌ی خۆی داوە لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب بۆ هەڵاتن لە جەنجاڵی لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا و هەڕەشەی جددی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. [خاوەنی وێنە: ئیدلیب پڵەس]

سەدان ئاوارەی سوری کە لە کەمپەکانی نزیك بە سنووری تورکیان، دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان لە باشوری ئیدلیب و خۆرئاوای حەلەب لە ترسی توشبوون بە پەتای نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، چالاکوانان و دانیشتوانی ناوچەکە وتیان.

حەسەن خرەیبی، 45 ساڵ، بڕیاریدا بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ ئەریحا لە باشوری پارێزگای ئیدلیب، كه‌ پێی باشتربوو لە مەترسی توشبوونی 10 منداڵەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپێکی جەنجاڵی ئاوارەکاندا.

بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئێمە ده‌ترساین لەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکرێت بڵاوبێتەوە بەهۆی قەرەباڵغی بێشومارەوە."

بۆیە وەك ئەوانیدی، "بڕیارماندا بگەڕێینەوە ماڵ -- تەنانەت گەر ماڵه‌كانیشمان وێران بووبێت".

کارمەندانی بەرگری شارستانی سوریا خێمەیەك هەڵدەدەن لە کەمپێكی نوێی ئاوارەکاندا بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە کەمپە سەرەکیەکاندا، وەك بەشێك لە هەنگاوەکانی بەرگرتن بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کارمەندانی بەرگری شارستانی سوریا خێمەیەك هەڵدەدەن لە کەمپێكی نوێی ئاوارەکاندا بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لە کەمپە سەرەکیەکاندا، وەك بەشێك لە هەنگاوەکانی بەرگرتن بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کارمەندانی بەرگری شارستانی سوریا ئه‌و چاڵانه‌ پڕدەکەنەوە کە بە موشەکەکانی رژێمی سوریا دروستبوون لەسەر رێگەیه‌كی سەرەکی لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچەیە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کارمەندانی بەرگری شارستانی سوریا ئه‌و چاڵانه‌ پڕدەکەنەوە کە بە موشەکەکانی رژێمی سوریا دروستبوون لەسەر رێگەیه‌كی سەرەکی لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو ناوچەیە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

هێشتا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی کۆڤید-19 لە باکوری خۆرئاوای سوریا تۆمارنەکراوە، بەڵام رێکخراوەکانی کۆمەك دەترسن هەر بڵاوبوونه‌وه‌یه‌ك لە دوایین بنکەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆندا لە ئیدلیب کارەساتبار بێت.

هۆشداریدەدەن لەوەی ڤایرۆسەکە دەکرێت بەنێو کەمپە جەنجاڵەکانی ئاوارەکاندا بڵاوببێتەوە، کە لەو شوێنانە پیادەکردنی پاکژکاری بنەڕەتی سەختە و خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتیش نیمچە ئەستەمە.

خرەیبی و خێزانەکەی بەشێك بوون لە نزیکەی ملیۆنێك کە لە ماڵه‌كانیان هەڵاتن لەکاتی هێرشێکی کوشندەی رژێمی سوریا بەپشتیوانی مۆسکۆ دژی ئەو بنکەیەی ئۆپۆزسیۆن لە کانونی یەکەم -- كه‌ گەورەترین شەپۆلی ئاوارەکان بوو لە سوریا لە نۆ ساڵی شەڕدا.

ئێستا، تەنیا چەند هەفتەیەك دوای ئاگربەستێکی لاواز کە ده‌ستیپێكرد كاتێك ڤایرۆسەکە دەبووە پەتایه‌كی جیهانگیر، ئەوان بەشێكن لەو سەدان کەسەی گەڕاونەتەوە بۆ ئەریحا و هەندێك دەمێننەوە.

گەڕاوەکان رووبەڕووی 'سەختی جددی' دەبنەوە

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف وتی: "ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب و خۆرئاوای حەلەب شایەتی شەپۆلێکی نائاسایی ئاوارەکانن سەرەڕای ئەو راستیەی گوندەکان نزیکن لە پێگەکانی هێزەکانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانیان و ناوچەی مەترسیداری شەڕن."

وتیشی: "ئەو ئارامییە رێژەییەی بەهۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە دروستبووە هانی مەدەنیەکانی دا بگەڕێنەوە، چونکە زۆرێکیان مەترسی زیاتر لە مانەوە لە کەمپە جەنجاڵەکاندا دەبینن تا مەترسی مردن لە هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپبارانی رژێمی سوریا و هێزەکانی روسیادا."

وتی بەڵام ئەم ناوچانە بەتەواوی بۆ ژیان ناشێن بەهۆی وێرانکاریی بەرفراوانه‌وه‌ کە بەریانکەوتووە.

عەساف وتی بۆ یارمەتیدانی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان) لەژێر تۆپباراندا رێگە زیانبەرکەوتوەکان چاکدەکەنەوە و داروپەردوو لادەبەن لە ناوچە نیمچە وێرانکراوەکان.

وتی نزیکەی لە سەدا 10 ئاوارەکانی ناوچەکە کەمپەکانیان جێهێشتووە و وتیشی چەند کەمپێکی نوێ دانراون بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی بۆ ئەوانەی کە ماونەتەوە.

عەساف وتی: "گەڕاوەکان تووشی سەختی جددی دەبنەوە، کە تێکشکانی ژێرخانی ئاو، کارەبا و پاکژکاری بەشێکن لەوانە."

وتیشی: "زۆربەی دوکانەکان داخراون بەهۆی ئەوەی یان وێرانبوون یاخود خاوەنەکانیان هەڵاتوون، کە وادەکات دەستخستنی پێداویستیە بنەڕەتیەکان و تەنانەت پێداویستیە پزیشکیەکان زۆر سەخت بێت بۆیان."

کاتێك ئاگربەستێك لە 6 ئازار جێبەجێکرا لەو ناوچە فراوانەی ژیردەستی تووندڕەوان، خەڵکە ماندووەکە زۆر بەگومان بوون لەوەی بەردەوامبێت.

بەڵام تا ئێستا بەردەوامبووە، چونکە دیمەشق لە هەوڵی بەرگرتندایە بە بەرزبوونەوەی رێژەی کۆڤید-19 کە تائێستا 29 کەیس تۆمارکراوە، لەنێویاندا دووانیان مردوون.

خرەیبی وتی: "بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، رژێم و روسیا جەنجاڵتربوون لەوەی سەرقاڵی ئێمە بن. بەهیوام بۆ ماوەیەکی درێژ سه‌ریان نه‌په‌رژێته‌ ئێمە."

'ترس لە گەڕانەوە'

لەو نزیکانە، رامی ئەبو رائید، 32 ساڵ، پێیوایە رژێم ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی دەستپێدەکردەوە گەر ڤایرۆسەکە نەبوایە و دەڵێت هێرشەکە دوای ماوەیەك هەر دەستپێدەکاتەوە.

رائید كه‌ باوکی سێ منداله‌، هەفتەی رابردوو گەڕایەوە بۆ ئەریحا، لە ترسی ئەوەی دەکرێت منداڵەکانی توشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن لە کەمپەکانی باکور.

وتی: "لەئێستادا باکور زۆر قەرەباڵغ بووە. خەڵکی لەگەڵ یەکدا دەژین. بەهۆی منداڵەکانمەوە ترسام و بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ ئەریحا."

كه‌مێك له‌ دوورتره‌وه‌، چەند ئۆتۆمبیلێك دەگەڕێنەوە بۆ نێو شارۆچکەکە، کە راخەریان لە دواوە هەڵگرتووە.

لە بینایەکی زیانبه‌ركه‌وتوودا، كرێكاران به‌ بلۆكی چیمەنتۆ بۆشاییه‌ك پڕده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ دیوارێكدا.

لە وێرانەی بینایه‌كی دیدا، پیاوان بە پیك کەوتوونەتە پاشماوه‌ی ئەوەی ماوه‌ته‌وه‌ لە نهۆمێكی داته‌پیوی سەرەوە.

یەحیا، 34 ساڵ، وتی گەڕاوەتەوە بۆ یارمەتیدانی خەڵك بۆ بنیاتنانەوەی ماڵەکانیان بەڵام دوودڵە لەوەی ژنەکەی و سێ منداڵەکەی بهێنێتەوە، یان هیچ به‌شێك له‌ كه‌لوپه‌له‌كانیان.

کاتێك لەنێو شوێنکارە بچوکەکەیدا وەستابوو، کە شتومەكی کارکردن بە دیوارەکانیەوە هەڵواسرابوون، وتی: "خەڵکی دەترسن لەوەی بگەڕێنەوە."

"رژێم دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت ئاگربەست بشکێنێت و پێشڕەوی بکات یان دیسان بۆمبارانمان بکات."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500