لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکانی سەر مەدەنییەکان لە سوریا دەکرد بۆیدەرکەوتووە کە 'ئەگەری زۆرە' حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی هێرشەکانی سەر چەند ناوەندێکی تەندروستی، خوێندنگەیەک و ناوەندێکی پاراستنی منداڵانیان لە 2019 ئهنجامدابێت، بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەکە کە دووشەممە (6 نیسان) بڵاوکرایەوە.
بەڵام ڕاپۆرتەکە خۆی بەدوورگرتووە لەوەی بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بخاتە ئەستۆی روسیا.
خاڵه جوگرافییهكانی ئەو شوێنانە لەڕێی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه دراون بە لایەنە ناکۆکان تا لە هێرشە ئاسمانییەکان بیانپارێزن.
هێزەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد، بەپشتیوانی روسیا، لە دەستپێکی ساڵی رابردوودا هێرشێکیان بۆ سەر دواهەمین ناوچەی گەورەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوای سوریا، دەستپێکرد. روسیا و سوریا رایانگەیاندووە کە هێزەکانیان مەدەنی و شوێنی مەدەنییەکان ناکەنە ئامانج.
بەبێ ئاماژەدان بە روسیا، لێکۆڵینەوەکە دهرنجامگریی كرد کە له پێنج كهیس لە کۆی حەوت كهیسدا کە لەلایەن لیژنەکەوە لێیان کۆڵراوەتەوە، "حکومەتی سوریا و\یان هاوپەیمانەکانی هێرشەکەیان ئەنجامداوە".
لە 2019، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لێکۆڵینەوەیەکی پڕوردەکاریی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژەی بە تۆماری فڕۆکەوانەکانی روسیا کردبوو، کە راستەوخۆ روسیای تۆمەتبارکردبوو بە هێرشی سەر نەخۆشخانەکانی سوریا.
دوای بڵاوکردنەوەی پوختەی لێکۆڵینەوەکە، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند: "رەتکردنەوەی ناوهێنانی سوریا وەک لایەنێکی بەرپرسیار کە لەگەڵ حکومەتی سوریادا کاری کردووە... بەڕاستی نائومێدکەرە".
کۆمسیۆنهكهی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدواداچوونی بۆ ئەو حەوت هێرشە کرد کە لە نیسان بۆ تەمموزی 2019 لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە باکوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامدراون، بەڵام لێکۆڵەرەکانی نەیانتوانی سەردانی شوێنەکان بکەن بەهۆی ئەوەی حکومەتی سوریا ڤیزای پێنەبەخشین.
لیژنەکە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لە راپۆرتەکەی دەرهێنابوو، چونکە پێیوایە لەگەڵ كاتهگۆرییهكانی کۆمسیۆنەکەدا ناگونجێت.
كهیسهكان پێکدێن لە خوێندگەی شەهید ئەکرەم عەلی ئیبراهیم ئەحمەد لە قەلعەت مەدیق لە 28 نیسان و ناوەندی تەندورستی سەرەکی رەقایە لە 3 ئایار.
هیچ قوربانییەک لە هیچ کام لە دۆسییەکاندا نهبوو. راپۆرتەکە رایگەیاند کە ئەگەری زۆرە هێرشەکان لەلایەن سوریا یان هاوپەیمانەکانییەوە ئەنجامدرابن.
کۆمسیۆنەکە بەدواداچوونی بۆ هێرشەکەی ناوەندی تەندروستی کهفر نەبودا (له 7 ئایار) کردووە، کە هیچ قوربانییەکی لێ نەکەوتەوە و ئەویش دهشێت لەلایەن سوریا و هاوپەیمانەکانییەوە ئەنجامدرابێت.
نکۆڵییەکانی مۆسکۆ
راپۆرتەکە رایگەیاند کە هێرشێکی 14 ئایار بۆ سەر کەمپی ئاوارە فەڵەستینییەکانی نەیراب، لە حەلەب، بووە هۆی کوژرانی 10 کەس و برینداربوونی 30 کەسی دیکە، ئەگەرێکی زۆری هەیە لەلایەن رێکخراوی قاعیدەی سوریاوە ئەنجامدرابێت.
هێرشەکەی ناوەندی نەشتەرگەریی کهفر نەبل کە لە 4 تەمموز روویدا، هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتەوە، خاڵه جوگرافییهكانیشی درایه روسیا. ناوەندی پاراستنی ئهریحای منداڵان لە 28 تەمموز بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک، خاڵه جوگرافییهكانی ئهمهش درایه روسیا.
راپۆرتەکە پێیوایە کە ئەگەری زۆرە هەردوو هێرشەکەکان لەلایەن سوریا یان هاوپەیمانەکانییەوە ئەنجامدرابن.
مۆسکۆ، پشتیوانە سەرەکییە سیاسی و سەربازییەکەی رژێمەکەی دیمەشق، رەتیکردەوە کە هێزە ئاسمانییەکەی شوێنی مەدەنییان کردبێتە ئامانج.
پوختەکە لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانهوه، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، خوێندرایەوە کە لە ڕاپۆرتێکی نهێنیی 185 لاپەڕەیی و 200 پاشکۆ پێکهاتبوو.
پوختەکە پێشکەشی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
گوتێرێس باسی لەو رووداوە بچوکانە کرد کە لە نائامادهیی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ناوچەکە روویاندابوو، ئەمەش بووبووە هۆی سەختکردنی ئاشکراکردنی ئەوەی بەڕاستی چی روویداوە.
لە کۆتایی تەمموز 2019، 10 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش داوایەکی فەرمیی دیپلۆماسییان پێشکەشکرد کە تێیدا داوا لە گوتێرێس دەکەن لێکۆڵینەوە لەو هێرشە ئاسمانییانە بکرێت کە ناوەندە پزیشکییەکانیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش روسیای تووڕە کرد.
لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لە ئەیلول دروستکرا و دەبوو راپۆرتەکەی لە کۆتایی 2019 پێشکەش بکرێت، بەڵام تا ئازار دواکەوت.
گوتێرێس جەختیکردەوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوەکە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری نەبوو، ئامانجەکەی پێشخستنی شێوازی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێگریرکردن بوو لە هێرشی لەو جۆرە لە داهاتوودا.
چەند وڵاتێکی خۆرئاوا و رێکخراوی ناحکومی داوایانکردووە کە پێویستە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە سوریا وەک تاوانی جەنگ هەژمار بکرێن.