لاوان و کارمەندانی میدیای ناوچەکە لە ئیدلیب جێگەی دەستخۆشین لەبەرئەوەی ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسیەوە بۆ دەرخستنی "پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ" کە لە راپۆرتێکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتوەکانی سوریادا دەرکەوتووە، چالاکوانان بە دیارونایان وت.
بهگوێرهی راپۆرتەکە، منداڵان و ژنان و پیاوانی سوریا بهدهست "مەینەتیەکی بێوێنە"وه ناڵاندیان لەکاتی هەڵمەتێکی سەربازیدا کە لەلایەن رژێم و هاوپەیمانانیانەوە لەکۆتایی 2019 بەگەڕخرا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دوایین ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.
راپۆرتەکە، کە لە 7 تەمموز بڵاوکرایەوە، رووماڵی ماوەی نێوان تشرینی دووەمی 2019 تا حوزەیران دەکات.
بهگوێرهی راپۆرتهكه، هێزەکانی سوریا، بە پشتیوانی فڕۆکەکانی روسیا، "چەندین هێرشی ئاسمانی و زەمینییان ئەنجامدا کە زیانی گەورەیان بە ژێرخانی مەدەنی گەیاند و شارۆچکە و گوندەکانیان چۆڵکرد و ژیانی سەدان ژن و پیاو و منداڵی سوریایان خستە مەترسیەوە".
![ئەندامێکی کڵاوسپیەکان بۆمبێکی هێشوویی پوچەڵدەکاتەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب پێشئەوەی بە سەلامەتی بیتەقێنێتەوە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]](/cnmi_di/images/2020/07/27/25114-worker-syria-crime-600_384.jpg)
ئەندامێکی کڵاوسپیەکان بۆمبێکی هێشوویی پوچەڵدەکاتەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب پێشئەوەی بە سەلامەتی بیتەقێنێتەوە. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]
راشیگەیاند كه کاتێك مەدەنیەکان هەڵاتن لە "بۆمبارانی بەرفراوان و هەڕەمەکی"، تووندڕەوانی تەحریر شام ماڵەکانیان تاڵانکرد. هەروەها "ئەو مەدەنیانەی بۆچوونی رکابەرانەیان دەردهبڕی، لەنێویاندا رۆژنامەوانان، دەستگیرکران، ئەشکەنجەدران یان کوژران".
لێکۆڵینەوەکە 52 هێرشی تۆمارکردبوو کە بوونهتە هۆی چەندین قوربانی مەدەنی یان زیان بۆ ژێرخانی مەدەنی، لەنێویاندا 17 بۆسەر نەخۆشخانە و دەزگای تەندروستی، 14 بۆسەر خوێندنگاكان، نۆ بۆسەر بازاڕهكان و 12 بۆسهر خانووهكان.
سەرکەوتن بۆ مافەکانی مرۆڤ
ئەندامێكی کڵاوسپیەکان، خالید خەتیب وتی راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان "سەرکەوتنە بۆ مرۆڤایەتی" و پشتیوانیدهكات له مافەکانی ئەو مەدەنیانەی لەلایەن لایەنە تۆمەتبارکراوەکانی ناو راپۆرتەکەوە ئەنجامدراون، لەنێویاندا رژێمی سوریا، روسیا و تەحریر شام.
بە دیارونای وت: "بۆمبی هێشوویی دەکرێت دڕندانەترین چەك بێت دژی مەدەنیەکان بەکارهێنرابێت، چونکە بەرپرسه لە گەورەترین رێژەی کوشتن و بریندارکردنەکان."
خەتیب وتی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و سوریا ئەم تەقەمەنیانەیان بەردایەوە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەماوەی رووماڵکراوی راپۆرتەکەدا.
وتیشی: "ئەم تاوانانە بەئاسانی لە مێشکی سوریەکاندا ناسڕدرێنەوە، بەتایبەتی منداڵان، چونکە هیچ خێزانێك لە ناوچەی ئیدلیب پارێزراو نەبوو لە کوشتن و برینداربوونی یەکێك لە ئەندامانی."
ههروهها وتی: "ئەمە سەرەڕای کارەساتی ئاوارەبوون کە ژیانی مەدەنیەکانی کردە دۆزەخ و تووشی نیگەرانی گەورەی کردن بەهۆی ترسهوه له سوپا کە بەدوایانەوە بوو."
خەتیب وتی کڵاوسپیەکان (بەرگری شارستانی سوریا) زۆرترین هەوڵدەدەن بەپێی توانای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە مەدەنیەکان و فریاکەوتنیان و رێکخستنی چالاکی کۆمەڵایەتی و کاتبەسەربردن بۆ منداڵان.
وتی تیمەکانی کڵاوسپییەکان بەردەوامیشن لە بەکارهێنانی سەرچاوە خاکەڕاییەکان بۆ لادانی دارپەردووی ماڵە رووخاو و جادە قیرتاوکراوەکان کە پڕبوون لە چاڵ و قۆرت بههۆی موشەکەکانەوە، تا ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەکە بکەن.
چالاکوانان و لاوان بە ئامانجکراون
پارێزەرێكی سوری، بەشیر بەسام، بە دیارونای وت: "ستایشی دەرخستنی ئەم تاوانانە بۆ تەواوی جیهان -- کە بووە هۆی سەرکۆنەکردنی نێودەوڵەتی -- بۆ لاوانە [کە نیشتەجێن] لە ناوچە مەترسیدارەکانی سوریا."
بەتایبەتی ئاماژەیکرد بە لاوانی ئیدلیب، حەمما، حەلەب و ناوچەكانی دهوروبهری لازقیە.
وتی زۆرێك لەم خەڵکە لاوە "ژیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ دەرخستنی راستیی ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات تا تاوانەکان بە بەڵگەنامە بکەن" و ئاماژەیکرد بەوەی راستەوخۆ لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکان و تۆپبارانی روسیا و سوریاوە کرانە ئامانج.
وتی کڵاوسپیەکانیش جێگەی دەستخۆشین، چونکە چەوساندنەوەی مەدەنیەکان دەخەنەڕوو، ههروهها بەڵگە دابیندەکەن کە بە ئامار پشتیوانی کراون، لەگەڵ ناو و رووداوی برینداربوونەکان و بهدواداچوون بۆ حاڵەتە مەترسیدارەکانیش دهكهن.
بەسام وتی: "ئەم تیمانە خۆیان راستەوخۆ کراونەتە ئامانجی تەقەکردن و بۆمباران و هێرشی ئاسمانی." ئاماژەیکرد بەوەی کراویشنەتە ئامانج بەهۆی کارەکانیانەوە لە بە بەڵگەنامەکردنی تاوانەکاندا دژی مەدەنیەکان.
چالاکوانێكی شاری مەعەرەت نوعمان له ئیدلیب، هانی نوعمان کە ئێستا ئاوارەیە لە ناوچە سنووریەکان، وتی تەحریر شام چاودێریكردن و دواکەوتنی چالاکوانانی چڕکردۆتەوە لەو ناوچانەی لەژێردەستی خۆیدان.
بە دیارونای وت: "زۆر چالاکوان و کارمەندانی میدیا چاودێریکراون و تووشی گرتن و لێپرسینەوە بوون بەهۆی گواستنەوەی هەواڵ بەووردی کە ناگونجێت لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەم گروپە."
وتی بەمدواییانە تەحریر شام ناردنی راپۆرتی رۆژنامەوانی بەبێ مۆڵەتی نوسینگە رۆژنامەوانیەکەی خۆی قەدەغەکردووە، تا داپۆشینی زانیاری بسەپێنێت و دڵنیابێت لەوەی راپۆرتەکان دەربارەی مامەڵە خراپەکانی ناچنە دەرەوە.
وتی چارەنوسی ژمارەیەك لاوی دەستگیرکراو لەلایەن تەحریر شامەوە بە نەزانراوی ماوهتهوه.