هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

چالاکوانان هۆشداریدەدەن لە کارەساتێکی تەندروستی لە ئیدلیب لەمیانەی هێرشەکانی رژێم و روسیادا

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

کەمپەکانی ئاوارەکان لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا لافاو لێیداون، کە دوایین بنکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنە لە باکوری خۆرئاوای سوریا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

کەمپەکانی ئاوارەکان لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا لافاو لێیداون، کە دوایین بنکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنە لە باکوری خۆرئاوای سوریا. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

چالاکوانان و کارمەندانی فریاگوزاری لە هەرێمی ئیدلیب هۆشداریدەدەن لە کارەساتێکی چاوەڕوانکراوی تەندروستی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانەوە بۆسەر ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی سوریا و روسیاوە.

پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لە دوایین ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا بەشێوەیەکی بەردەوام زیاد دەکات.

ئەو ناوچەیە شوێنی نزیکەی 4 ملیۆن کەسە، زۆربەیان ئاوارەن و لە کەمپەکان یان بینا تەواونەکراوەکاندا دەژین.

ئەندامی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان) خالید خەتیب بە دیارونای وت هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا لەلایەك و تۆپبارانی رژێمی سوریا لەلایەکی دیکەوە، ئەو خێزانە ئاوارانەی بەدەرناوە کە بەمدواییانە گەڕابوونەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە کەمپەکانی ئاوارەکانەوە.

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان) یارمەتی خێزانێك دەدەن بۆ گواستنەوە لە شارۆچکەکەیان، تا هەڵبێن لە تۆپبارانی هێزەکانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانیان. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپیەکان) یارمەتی خێزانێك دەدەن بۆ گواستنەوە لە شارۆچکەکەیان، تا هەڵبێن لە تۆپبارانی هێزەکانی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانیان. [خاوەنی وێنە: بەرگری شارستانی سوریا]

سەرەڕای ئاگربەستێکی ئیدلیب کە لە مانگی ئازار لەلایەن روسیاوە راگەیەندرا، فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا هەشت هێرشی ئاسمانیی یەک لەدوای یەکیان ئەنجامدا بۆسەر شارۆچکەی حەمامە نزیك جسر شوغور لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرئاوای ئیدلیب، لە 15 تشرینی یەکەم، دوو مەدەنییان کوشت و زیاد لە 10 کەسی دیکەیان بریندارکرد.

لە 4 تشرینی دووەمیش، چوار منداڵ لەنێو حەوت مەدەنیدا بوون کە کوژران لە بۆمبارانی رژێمی سوریادا لە پارێزگاکە.

خەتیب وتی: "ئاوارەیی و جەنجاڵی لەو کەمپانەدا کە خۆیان قەرەباڵغ بوون، بوونەتە هۆی شەپۆلێك لە پەتای کۆڤید-19 لە چەند هەفتەی رابردوودا."

وتی هەرچەندە خەمڵاندنی ژمارەیەکی وردی توشبووان و مردووان زەحمەتە، دەخەمڵێنرێت بە 10,000 کەس کە توشبوون بە ڤایرۆسەکە و 100 کەس لەوانە مردوون.

وتیشی ناوچەکە رووبەڕووی کورتهێنانی ئامرازی پشکنینی کۆڤید-19 بۆتەوە. هاوکات، زۆرێك کە ئەزمونی ئاماژەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان کردووە سەردانی بنکە تەندروستیەکان ناکەن بۆ پشکنین یان تاقیکردنەوە.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی، مارك لۆوکۆك، لە کۆتایی تشرینی یەکەم وتی: "لە باکوری خۆرئاوا [سوریا]، کەیسە پشتڕاستکراوەکان شەش قات زیادیانکردووە لە مانگی رابردوودا، لەکاتێکدا کەیسەکان لە کەمپ و نشینگەکانی ئاوارەکانیشدا لە بەرزبوونەوەدان."

'خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی پیادەناکرێت'

خەتیب وتی کڵاوسپیەکان، بە هاریکاریی رێکخراوە فریاگوزاری و حکومیەکانی دیکە، چەندین بنکەی تەندروستییان دامەزراندووە بۆ کەرەنیتنە و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

وتی بەڵام هەڕەشەی کارەساتێکی تەندروستی لە هەرێمی ئیدلیب لە زستانداندا هێشتا بەڕێوەیە.

چالاکوانێکی مەدەنی لە ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت: "رێکخراوە پزیشکی و فریاگوزارییەکان ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ برەودان بە پیادەکردنی خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی، بەڵام کەمپە جەنجاڵەکان وادەکەن ئەوە زۆر سەخت بێت، بەتایبەتی لە زستاندا."

وتی زۆربەی ئەو رێگایانەی دەچن بەرەو کەمپەکانی ئاوارەکان، لەگەڵ کەمپەکان خۆیان، لافاو لێیداون، کە وادەکات دابەشکردنی کۆمەك بوەستێت و دوابکەوێت. وتیشی کەمیی پشتیوانی دارایی کێشەکەی خراپترکردووە.

ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆپبارانی رژێمی سوریا کوژران و برینداربوون لە شاری ئیدلیبیش بەرزبۆتەوە، لەگەڵ شارۆچکەکانی ئەریحا، شەنان، ئەحسەم، سەرجە، کەنسەفرە، مەرعەیان، بەلیون و بارە لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب و زۆرێك لە ناوچەکانی باکوری ئیدلیب وەك شارۆچکەی کەفرەیا.

عەساف وتی دانیشتوانی ئەو شارۆچکانە، ناچارکراون بڕۆن و رێکخراوە مرۆییەکان یارمەتی گواستنەوەیان دەدەن بۆ ناوچەی تاڕادەیەك سەلامەتتر لە گوندەکان و کەمپەکان نزیك بە سنووری تورکیا.

دانیشتوویەکی پێشتری مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان، کە بەمدواییانە گواستوێتیەوە بۆ شارۆچکەیەك نزیك بە سنووری تورکیا، وتی سەدان خێزان ماڵەکانیان بۆ خەڵکەکە کردۆتەوە لەبەرئەوەی نشینگەی پێویست نییە تا هەموو ئاوارەکان لەخۆبگرێت و کەمپەکانیش بەتەواوی پڕبوون.

بە دیارونای وت: "دۆخەکە خراپتر دەبێت بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانیانەوە کە چەندین شارۆچکەی جەنجاڵیان کردۆتە ئامانج و وایانکردووە دۆخی ژیان بۆ زۆرێك لە دانیشتوانی هەرێمی ئیدلیب خراپتریش ببێت."

وتی بەهۆی بەرزیی نرخی سوتەمەنی و داری سوتەمەنییەوە، زۆرێك لە خێزانەکان ناتوانن ماڵەکانیان لەو کەشە ساردەدا گەرمبکەنەوە، "بۆیە نیگەرانی سەرەکیی خێزانەکان دۆزینەوەی هەر ماددەیەکی سوتەمەنیە بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500