هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

کەتائیب حیزبوڵا بەرپرسانی عێراقی تۆمەتباردەکاتەوە بە خیانەت

فارس عومران

مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، لەلایەن کەتائیب حیزبوڵاوه‌ تۆمەتبارکراوە بە ئاڕاستەکردنی پلانی کوشتنی فەرماندەی هێزی قودس قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

مستەفا کازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، لەلایەن کەتائیب حیزبوڵاوه‌ تۆمەتبارکراوە بە ئاڕاستەکردنی پلانی کوشتنی فەرماندەی هێزی قودس قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندیس. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

کەتائیب حیزبوڵای عێراق، میلیشیایەکی سەر بە ئێران، چەندین هەڕەشەی نوێی بڵاوکردۆتەوە، ئەمجارە لە دژی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق، مستەفا کازمی.

دووشەممە (2 ئازار) لە توویتێکدا، لێپرسراوی ئەمنیی کەتائیب حیزبوڵا، ئەبو عەلی عەسکەری، کازمیی تۆمەتبارکرد بە "بەشداریکردن لە کوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداراندا، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس".

دوو ڕۆژ دواتر، میلیشیاکە تۆمەتبەخشینەوەکانی نوێکردەوە دوای ئەوەی دەزگای هەواڵگری عێراق سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا وته‌كانی عەسکەریی بە "زیانبه‌خش و بێبنەما" ناوبرد و رایگه‌یاند كه‌ "جێگەی مەترسین بۆسەر ئاشتیی مەدەنی".

تۆمەتبارکردنەکان لە ناوەڕاستی کێشە سیاسییەکاندا لە عێراق هاتن، دوای ئەوەی سەره‌کوەزیرانی ڕاسپێردراو، محەمەد عەلاوی، یەکشەممە کشایەوە، دوای شکستهێنانی لە پێکهێنانی حکومەتدا.

چەکدارانی کەتائیب حیزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە میانه‌ی رێپێوانێکدا لە بەغدا. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

چەکدارانی کەتائیب حیزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە میانه‌ی رێپێوانێکدا لە بەغدا. [وێنەكه‌ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە]

چەند ناوێکی نوێ وەک جێگرەوه‌ی عەلاوی پێشنیارکراون، لەنێویاندا کازمی.

راوێژکارێکی ناوەندی عێراقی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، غازی فەیسەڵ حسەین، وتی تۆمەتبارکردنەکانی کەتائیب حیزبوڵا لە دژی کازمی "بێبنەما و نابەرپرسیارانەن".

ناوبراو وتی: "مەبەستی تۆمەتبەخشینەوەی لەمجۆرە لە میدیادا، بەبێ بوونی ناوەڕۆکی یاسایی و دەستوری، بۆ وروژاندنی رای گشتییە و هێرشکردنە سەر جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکان."

هەراسانکردنی سیاسی، تۆمەتبەخشینەوەکان و هەڕەشەکان

وتی ئەو تۆمەتبارکردنانە رەنگدانەوەی "شێوازێکی بێوێنەیە" کە دەبێتە هۆی دروستکردنی "رێگەیەکی ترسناک لە نێو کۆمەڵگەدا کە پێشنیارکردنی ئاکامەکەی کارێکی سەخت دەبێت بۆ ئەمنیەت و سەروەریی وڵاتەکە".

ئەمە یەکەمجار نییە کەتائیب حیزبوڵا سەرکردە سیاسی و ئەمنییەکان تۆمەتباردەکات.

لە تەمموزی 2019، ژمارەیەک له‌و کەناڵانه‌ی هه‌واداری ئێرانن، له‌نێویاندا تۆڕی میدیای بەرگری و ئتیجا تیڤی و میدیاکانی کەتائیب حیزبوڵا، بەشداربوون لە هەڵمەتێکی نابەرپرسانەدا دژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، لیوا مەحمود فەلاحی، کە تێیدا تۆمەتباریانکرد و هەڕەشه‌یان لێکرد.

چەند لیژنەیەکی لێپرسینەوە دانران بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی دژ بە فەلاحی و دواتر لەلایەن سەره‌کوەزیرانەوە بە بێتاوان لەقەڵەمدرا.

حوسەین وتی کەتائیب حیزبوڵا تەنها تۆمەتنابەخشێتەوە، بەڵکو هەڕەشەی راستەوخۆشی کردووە.

وتی هەڕەشەی لە سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی و پەرلەمانتارانی عێراق كرد ئەگەر بەشدارییان لە دانیشتنی دەنگداندا نەکردایە بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە یان لە دژی ئەو بڕیارە دەنگیان بدایە.

تەنانەت سەركۆمار بەرهەم ساڵحیشیان کردبووە ئامانج، کە لەلایەن میلیشیاکانەوە هەڕەشەی "دەرکردنی لە بەغدا" لێکرابوو ئەگەر لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، دۆناڵد ترەمپ، کۆببێتەوە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆس لە کانونی دووەم.

حوسەین وتی هەڕەشەکان "کەشێکی مەترسیدار دێننە ئاراوە و ده‌ستدرێژیكردنێكی ئاشكرایه‌ بۆسه‌ر مافێکی دەستوریی سەرۆک تا لەگەڵ هاوتاکانیدا کۆببێتەوە و کۆبوونەوەی فەرمی ببەستێت بۆ گەشەپێدان بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق و هاوبەشیکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە".

وتیشی: "ئەم هەڵسوکەوتە دەریدەخات کە ئه‌و میلیشیانه‌ی وەفاداری ئێرانن، هه‌وڵده‌ده‌ن کاریگەریی خۆیان بسەپێنن لەکاتێکدا دامەزراوەکانی دەوڵەت لاوازبکەن و سوکایەتی بە سیمبۆڵه‌كانی بکەن لەپێناو خزمەتکردنی ئەجه‌ندا و بەرژەوەندییەکانی ئێران."

هه‌روه‌ها وتی: "رژێمی ئێران بەردەوامە لە خۆشکردنی ئاگری تووندوتیژی و تیرۆریزم و پەشێوی لە عێراق و ناوچەکە لەڕێی بریكاره‌كانییه‌وه‌، هەروەها بەردەوامیشە لە ئاماژەدان بەوەی نایەوێت گۆڕانکاری لە سیاسه‌ته‌كانیدا بكات كه‌ ده‌بنه‌هۆی ناسه‌قامگیری."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500