شارەزایەكی بواری سەربازیی عێراقی هۆشداریی دا لە ئەگەری خۆڕێکخستنەوەی تووندڕەوان و بەدەستهێنانەوەی هێز لە وڵاتەکەدا ئەگەر حکومەت بڕیاربدات لهسهر دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق.
پەرلەمانی عێراق یەکشەممە (5 کانونی دووەم) دەنگیدا بەوەی حکومەت داوای هاوکاریکردن لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکشێنێتەوە لە شەڕی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
هەروەها داوای کۆتاییهێنانی كرد بە ئامادەیی هەر هێزێکی بیانی لە وڵاتەکەدا و رێگریکردنیش لەو هێزانە لە بەکارهێنانی خاک و ئاو و ئاسمانی عێراق.
لیوای خانەنشینکراوی عێراقی، جەلیل خەڵەف شوەیلی بە دیارونای وت: "لەبەردەم بڕیارێکی نابەرپرسانە و بەپەلە و سۆزدارانهداین، بێئهوهی هیچ بیرکردنەوەیەکی عهقڵانیی لەپشتەوە بێت."
وتی: "بڕیارەکە بەهۆی چەند فەرمانێکی دەرەکییەوە دراوە و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و بارودۆخی ئێستای وڵاتەکەی لەبەرچاو نەگرتووە. شەڕی تیرۆریزم کۆتایی نەهاتووە و هێشتا پاشماوەی چەکدارانی داعش لە حەشارگە نهێنییەکاندا هەن."
وتیشی: "هێشتا پێویستییەکی زۆرمان بە پشتگیری و راهێنانی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا ههیە. پێویستە سوپاسگوزاری هاوکاری و پشتیوانییەکانیان بین کە لە چەند ساڵی رابردوودا پێشکەشی ئێمەیان کردووە، نهك وێڵیانبکەین و داوایانلێبکەین بڕۆن و ئێرە بەجێبهێڵن."
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی دژبە داعش
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی عێراقدا بوون لە هەر هەنگاوێکدا لە هێرشکردنە سەر پێگه و حەشارگەکانی چەک و هێڵەکانی دەستکەوتنی پێداویستیی تیرۆریستان لە قووڵایی بیابانەکان و شاخ و دۆڵەکاندا.
ئەم دهستێوهردانهی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان یارمەتی "هێزەکانمانی داوە هەموو شارەکان بپارێزن و سەقامگیریان بکەن، بەبێئەوەی هیچ پێشێلكارییهك لهلایهن پاشماوەكانی تیرۆریستانهوه رووبدات، کە چیتر ناتوانن ئازادانە جموجۆڵبکەن و توانا بەرگری و لۆجیستییەکانیان بگەڕێننەوە".
شوەیل وتی هاوپەیمانان رۆێڵکی مەزنیان گێڕاوە لە لەناوبردنی تیرۆریزمدا لەڕێی "خزمەتە باشەکانیان کە دابینیانكردووه لە بوارەکانی چاودێریکردن، وردبینیکردن، چاودێری ئاسمانی و پێدانی هەواڵگری و وێنەی ئاسمانی".
ئەمە سەرباری ئەو كهلوپهله سەربازییانەی بۆ عێراق دابینکراوە کە پێکدێن لە ئۆتۆمبیل و ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و کەرەستەی تەکنیکیی پێشکەوتوو کە بۆ پاراستنی سنوور و مامەڵەکردن لەگەڵ ئامانجی هەستیار و پوچەڵکردنەوەی مین بەکارهاتوون.
شوەیلی وتی ئهو شارهزاییهی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كه عێراق خەریکە لەدەستیدهدات، "زۆر بهنرخه".
هێزەکانی عێراق راهێنانی پێشکەوتوویان لەسەر دەستی راوێژکارانی تایبەتمەند و شارەزاگەلێک وەرگرتووە کە هەمیشە ئامادەیانکردوون بەگوێرەی بەرنامە سەربازییە گەشەسەندووهکان و مهشقه هاوبەشەکانیان.
ناوبراو وتی: "دوای بڕیارەکەی ئەمدواییەی پەرلەمان، کە زۆربەی عێراقییەکان تووڕەن بەرامبەری، من خەمی ئەوەمە کە تیرۆریستەکان کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بەکاربهێنن بۆ پهرهپێدانی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان و بەهێزکردنەوەی ریزەکانیان و دەستکردنەوە بە هێرشەکانیان بۆسەر مەدەنییەکان و ئامانجە سەربازییەکان."
وتیشی: "هەوڵگەلێکی زۆرمان داوە و قوربانییەکی زۆرمان بەخشیوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر تیرۆریزمدا و نابێت ئێستا بگەڕێینەوە و رێبدهین بە گروپە تووندڕەوەکان سوود لە هەڵە و بارگرژییهكان ببینن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان."