مافی مرۆڤ

میلیشیاکان رێگریدەکەن جوتیارانی قائیم بگەڕێنەوە زەویەکانیان

فارس عومران

image

جوتیارێکی پێشووی عێراق لە قەزای قائیمی پارێزگای ئەنبار دانەوێڵەکانی دەپشکنێت لەناو خانوویەکی شووشه‌دا لە 14 نیسان. جوتیارانی پارێزگاکە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران رێگریدەکەن له‌ گەڕانەوەیان و زەویەکانیان داگیرکردوون. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی کشتوکاڵی قائیم]

جوتیارانی قەزای قائیم لە ئەنبار کە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لە زەویەکانی خۆیان وەدەرنراون نیگەرانی دەردەبڕن له‌وه‌ی میلیشیاکانی سەر بە ئێران رێگری له‌ گەڕانەوەیان دەکەن و زەویەکانیان داگیرکردوون.

هێزەکانی عێراق بە پشتیوانی حەشدی شەعبی سێ ساڵ پێش ئێستا داعشیان لە ناوچەی "پڕۆژە کشتوکاڵیەکان" لە باشوری قەزاکە وەدەرنا.

بەڵام زۆربەی ئەو ناوچە کشتوکاڵیانە لەژێر کاریگەریی ئەو میلیشیانەدا ماونەتەوە کە لەژێر سەرپەرشتی حەشدی شەعبیدان، بەشێکیان، ناودارترینیان کەتایب حیزبوڵا، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. میلیشیاکان ناوچەکەیان کردووە بە ناوچەیەکی سەربازی.

جوتیارێكی ناوخۆ، ئەبو عەلی، کە نەیویست ناوی تەواوەتی ئاشکرابکرێت، بە دیارونای وت گەشبینبوو کاتێک داعش لە ناوچەکە کرایە دەرەوە، هیواداریش بوو بگەڕێتەوە و زەویەکەی بکێڵێت، کە تاکە سەرچاوەی داهاتی بوو.

image

قەزای قائیم، لە 18 نیساندا، شوێنی چەندین پڕۆژەی کشتوکاڵییە، کە ژمارەیەک جۆری جیاوازی دانەوێڵەیان تێدا دەچێنرێن. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی کشتوکاڵی ئەنبار]

به‌ڵام نائومێدبوو دوای ئەوەی بیستی ئەو میلیشیانەی لەوێ نیشتەجێن رێگەنادەن خەڵکانی ناوچەکە بگەڕێنەوە، بە بیانووی ئەوەی تەقەمەنییە دەستکرد و مینە چێنراوەکان هێشتا پاکنەکراونەتەوە.

وتی: "ئەمە تەنیا بیانووە، لەکاتێکدا ناوچەکە دەمێکە ئازادکراوە" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی کاتێکی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی تەقەمەنیەکان پووچەڵبکەنەوە.

بەگوێرەی دانیشتوانی ناوچەکە، چەکداران فشاریان خستۆتە سەر بەرپرسانی ناوخۆی قائیم و داویانالێکردوون داواکاریه‌كانی دانیشتوانه‌ ئاوارەكه‌ جێبەجێنەکەن کە بریتییە لە گەڕانەوەی خێرا بۆ ناوچەکانیان.

ئاماژەیان بە ناوچەکانی دیکەی عێراق کرد، کە تێیاندا میلیشیاکانی سەر بە ئێران جوتیارانیان ناچارکردووە بڕێک پارە بدەن تا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەکانی خۆیان.

میلیشیاکان زەوییە کشتوکاڵیەکان داده‌بڕن

شرۆڤەکاری سیاسی غەنیم عەبد بە دیارونای وت دۆخی ناوچەی پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی قائیم ناوازه‌ نییە، کە دانشتوانەکەی هێشتا لە کەمپه‌كانی ئاوارەکاندا ماونەتەوە تەنانەت چەند ساڵێک دوای ئازادکردنی شارۆچکەکانیان.

وتی دانیشتوانی جورف سەخر، باشوری خۆرئاوای بەغدا، لە هەمان دۆخدان لەکاتێکدا میلیشیاکان ناوچەکە وەک بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان بەکاردەهێنن.

وتی: "ئەم بابەتە چیتر نهێنی نییە لەوکاتەوەی میلیشیاکان، بە سەرپەرشتی کەتایب حیزبوڵا، دەستیانگرتووە بەسەر ماڵ و کێڵگەکانی دانیشتوانی ناوچەکەدا و کردوویانن بە کەمپی سەربازی و جبەخانەی چەک و پێداویستی."

عەبد وتی هەروەها بەردەوامییان داوە بە زیندانی نهێنی و ناوەندەکانی دەستگیرکردن لەوێ.

وتی له‌پاڵ هەوڵدانیاندا بۆ كردنی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵیان بە بنکەی سەربازی، میلیشیاکان هه‌وڵیشده‌ده‌ن سوود لە سەرچاوە سروشتیەکانی ناوچەکە وەربگرن.

وتی ناوچەی پڕۆژە کشتوکاڵیەکان سامانێكی ئابوری هەیە کە کەتایب حیزبوڵا و میلیشیاکانی دیکە هەوڵدەده‌ن دەستی بەسەردا بگرن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە چاویشیان لە هه‌ڵكه‌وته‌ی ستراتیژیی ناوچەکەیە، کە دەکەوێتە نزیک سنووری سوریا.

وتیشی بوونی ئامادەییان لەو ناوچەیە یارمەتیدەر دەبێت لە فراوانکردنی کاریگەرییاندا و ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاچێتی.

ناوچەکە شوێنی سەدان پڕۆژەی کشتوکاڵییە و چەندین دانەوێڵە بەرهەمدەهێنێت، لە میوەوە بۆ سەوزە و بۆ دانەوێڵەی ستراتیژی وەک گەنم و جۆ، لەگەڵ بەخوێکردنی مەڕوماڵات.

ژیان لە مەترسیدایە

بەرپرسانی قەزای قائیم داوای کشاندنەوەی ئەو میلیشیانە دەکەن کە لە نزیکەی 500 پڕۆژەی کشتوکاڵیدا نیشتەجێبوون کە جوتیارانی ناوچەکە خاوەندارێتییان دەکەن و دەڵێن ئەو پڕۆژانە راگیراون، سەرباری سەقامگیری دۆخی ئەمنی لە قەزاکە.

نزیکەی 1,600 پڕۆژەی کشتوکاڵی لە قەزاکە راگیراون چونکە زیانیان بەرکەوتووە لە میانەی شەڕەکانی وەدەرنانی داعش و کەمیی کارەبادا.

راوێژکاری ناوەندی لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان له‌ عێراق، غازی فەیسەڵ حسێن وتی کشتوکاڵ لەو پارچەیەی قەزای قائیم یەکێکه‌ لە سەرچاوەکانی ژیان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، کە زۆربەیان جوتیارن.

بە دیارونای وت بەشێکیان مەروماڵات بەخێودەکەن و دانەوێڵە دەچێنن، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە کار لە دیوە بازرگانیەکانی کشتوکاڵدا دەکەن.

حسێن وتی: "ئەمڕۆ، سەدان خێزان هەن کە ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و لە زەوییەکانی خۆیاندا کاربکەن، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیانە."

وتی: "کەتایب حیزبوڵا، لەگەڵ میلیشاکانی دیکە [ی سەر بە ئێراندا]دا، بەربەست ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م ژیانی ئابوری لەو ناوچەیە و ناوچەکانی دیکە، ئەمەش زیانێکی زۆر لە ئابوریی ناوچەکە دەدات."

وتیشی: "میلیشیاکان ئه‌و چالاکیانه‌ ئەنجامدەدەن کە زیان بە وڵاتەکە و ئابوری نیشتمانی دەگەیەنێت لەڕێی بردنی سامان و سەرچاوەی گشتی و قاچاخچێتی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌" و کەرەستەی دیکە لە بەرژەوەندی دارایی خۆیان.

هه‌روه‌ها وتی: "کۆنتڕۆڵکردنی موڵکوماڵی خەڵك بە زەبری هێز لەلایەن میلیشیاکانەوە پێشێلکارییەکەی جددی و گەورەیە. پێویستە خەڵک بێماڵوحاڵ نەبن و بە زۆرەملێ لە ناوچەکانی خۆیان دەرنەکرێن یان لە مافی گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی کارەکانیان و ژیانێکی ئاسایی بێبەشنەکرێن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500