دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنیان زیاتر كردووه دژی ئەندامانی كیانه ئیدارییهكانی پێشووی گروپی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسان و شارەزایان بە دیارونایان وت.
وتیان ئۆپەراسیۆنەکان توانای گروپەکەیان كهمكردۆتهوه بۆ دووبارە رێكسختنهوهی بونیادی ئیداری و ژیاندنهوهی "ویلایەتەکان" (پارێزگاكان)ی لە عێراق.
دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، داعش ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی دابەشکرد بۆ چەند یەکەیەکی ئیداری بە ناوی "ویلایەت"، کە 11یان لە عێراق بوون.
ئەو 11 ویلایەته بریتیبوون له سێ ویلایەتەکەی بەغدا (باکور و باشور و ناوەندی بەغدا) و ویلایەتی جەزیرە، دیجلە، دیالە و باشور -- کە پارێزگاکانی باشوری عێراقی لەخۆدەگرت.
ویلایەتەکە دواجار كهوت لەگەڵ شکستی ژێرخانی داعش و لەدەستدانی ئەو ناوچەیەی گروپەکە لەژێردەسەڵاتیدا بوو پێش شکستهێنانی لە 2017.
هەڵوەشاندنەوەی هەوڵەکانی دامەزراندنەوەی ویلایەت
شارەزایهكی بواری هەواڵگری، فازڵ ئەبو رهغیف بە دیارونای وت کە دوای ئەوەی دووچاری شکست بوو لە عێراق، داعش ویلایەتەکەی كۆكردهوه له یهك ویلایهتدا، لەژێر ناوی "ویلایەتی عێراق".
وتی لە 2017وە، ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگریەکان ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی ئاستبەرز ئەنجامدهدهن بۆ دەستگیرکردنی پاشماوەکانی داعش و رێگریکردن لە دووبارە دامەزراندنەوەی پارێزگاکانیان.
لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەیان سەرکردەی باڵای گروپەکەیان نابودكرد، لەنێویاندا عومەر شەڵال عوبێد کەرتانی، كه "والی"ی بەغدا بوو لە ناوەڕاستی تەمموزدا کوژرا، لەگەڵ عەبدولناسر قەرەداش کە لە ئایار دەستگیرکرا.
قەرەداش چەندین پێگەی گرنگی هەبووە لە میانەی سەرکردایەتیکردنی داعشدا لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادییهوه، لەنێویاندا، والی موسڵ، کەرکوک، جەزیرە، لەگەڵ والی پارێزگاکانی حەسەکە و دێرە زوور و رەقە.
وتی هێزەکانی عێراق چەندین تۆڕ و شانەیان هەڵوەشاندەوە کە لە چەکدارانی باڵای داعش پێکدەهاتن و بەشداربوون لە ویلایەتەکەی پێشووی گروپەکەدا.
لە 25 تشرینی یەکەم، ئاژانسەکانی هەواڵگری عێراق دوو چەکداری داعشیان لە بەغدا دەستگیرکرد، یەکێکیان وەک دابەشکاری سپۆنسەر لە ویلایەتی باشوری پێشووی گروپەکەدا کاریکردووە، کە بە "ئەبو ئیسحاق" ناسرابوو.
پێشتر، دەزگای دژەتیرۆریزمی عێراق نۆ چەکداری داعشی لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد کە کاریان بۆ زیندووکردنەوەی ویلایەتی باشوری گروپەکە دەکرد، لە 29 ئەیلول.
لە 22 تشرینی یەکەم، تۆڕێکی داعشی پێنج ئەندامی کە سەر بە ویلایەتی دیجلەی پێشوو بوون لە پارێزگای کەرکوک دەستگیرکران، لە 8 ئەیلولیش شارەزایەکی بواری تەقەمەنی دەستگیرکرا کە کاری بۆ هەمان ویلایەت دەکرد.
بەگوێرەی ئەبو رهغیف، لە دەستپێکی ئەیلولدا هێزەکانی عێراق توانییان شانەی راگهیاندنی ویلایەتی دیالە هەڵبوەشێننەوە.
وتی فەرمانی دەستگیرکردنی 40,000 کەسی داواکراو بەتۆمەتی بوونی پەیوەندی بە ویلایەتی داعشەوە و بەشداربوون لە تاوانەکانی گروپەکەدا دەرکرا. تائێستا، یەک لەسەر سێییان دەستگیرکراون.
ئۆپەراسیۆنە پێشوەختهكان گرنگن بۆ ئهمنییهت
شرۆڤەکاری سیاسی، ئەسیر شاری بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق چەندین پلانی تیرۆریستییان هەڵوەشاندۆتەوە کە لەلایەن تۆڕ و شانەکانی سەر بە ویلایەتی پێشووی داعشهوه پلانیان بۆ دانراوە.
ئاماژەیکرد بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای داعش کە سەرپەرشتی یەکەکانی تیرۆرکردنی دهكرد لە ویلایەتی دیالەی گروپەکە.
ئهو چەکدارە لە بەغدا لە 13 تشرینی یەکەم دەستگیرکرا، کە سەر بە ئەبو موسەعەب زەرقاوی بوو، سەرکردەی پێشووی قاعیدە لە عێراق کە لە 2006 کوژرا.
شاری وتی ئاژانسی دژەتیرۆریزم ئۆپەراسیۆنێکی چڕی ئەنجامدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی 36 سەرکردە و جێبەجێکاری داعش لە تشرینی یەکەمدا، بەشێکیان شانەی نوستوویان پێکدەهێنا.
وتی: "ئۆپەراسیۆنە پێشوەختە ئەمنییەکان بەربهستێکن لە بەردەم هەر هەوڵێکی داعشدا بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمنییەت."
وتیشی هەوڵەکانی دەستگیرکردنی پاشماوەکانی داعش، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک، سەڵاحەدین، نەینەوا و ئەنبار و هێرشە بەردەوامەکانی سەر حەشارگەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو بونیادی ئیداریی گروپەکەیان لاوازکردووە.
شاری وتی: "هێزەکانمان ئێستا زۆر شارەزان لە بەدووکەوتنی تیرۆریستان و دیاریکرنی حەشارگە زۆر نهێنی و شانەکانیان." ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە هێزەکانی عێراق داتابەیسێکی گەورەیان ههیه بۆ چەکدارانی داعش.
وتی جگه لهوهش، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان زانیاری ئاشکرادەکەن کە دەبنە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی زیاتری داعش و پوچهڵكردنهوهی پلانەکانیان.
ئهندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان، کەتاح نەجمان ریکابی وتی: "ئەستەمە داعش بگەڕێتەوە ئاستی جارانی و بونیادهكهی بهدهستبهێنێتهوه."
بە دیارونای وت: "ئەمڕۆ داعش لاوازە و رێکخراوێکی هەڵوەشاوەیە و ویلایەتەکەی کەوتووە و چیتر بوونی نییە."