هێزەکانی عێراق شکستیان بە هەوڵێکی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) هێنا بۆ خۆڕێکخستنەوەی "ویلایەتی باشور"ی گروپەکە کە لە دۆرەی باشوری بەغداوە درێژدەبێتەوە بۆ نۆ پارێزگای دیکەی عێراق لە باشور.
لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و نهێنیدا، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق "پلانێکی نوێی داعشی شکست پێهێنا بۆ دروستکردنەوەی 'ویلایەتی باشور'"، شیکاروانی ئەمنی فازل ئەبو ڕەغیف دووشەممە (17 حوزەیران) بە دیارونای وت.
وتی کرۆکی تۆڕی ویلایەتەکەیان هەڵوەشاندەوە، کە ئەندامانیان پلانیان هەبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە نۆ پارێزگای باشوری عێراق لەڕێگەی چەند بنکەیەکەوە کە پێشتر لە شارۆچکەکانی یوسفیە و ئەسکەندەریەی باشوری بەغدا دامەزرابوون.
وتیشی بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، هێزە ئەمنیەکان توانییان زنجیرەیەك هێرشی پڕووردهكاری ئەنجامبدەن لە ناوچەکانی باشوری بەغدا، "کە بووە هۆی دەستگیرکردنی تەواوی 17 ئەندامەکەی تۆڕەکە".
ئەبو ڕەغیف وتی تۆڕەکە لەلایەن "والی باشور"ەوە بەڕێوەدەبرا، كه ئەندامێکی داعشی ناسراوه بە ئەبو تەییبە و ناوی راستەقینەی عەلی ئەحمەد عەبود عیساوی بوو.
وتی ئەبو تەییبە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە داواکرابوو لەبەر بەشداریكردنی لە چەندین تاواندا، لەگەڵ بەشداریكردنی لە دامەزراندنی شوێنی پشوودان و بنکەكانی داعشدا له نزیك بەغدا.
ئەندامە دەستگیرکراوەکانی دیکەی تۆڕەکە بریتیبوون له دایم کەریم جەنابی، کە ناسراوە بە ئەبو سوهەیب و بەرپرس بوو لە دابینکردنی پشتیوانی لۆجستی بۆ ویلایەتەکە؛ وەلید تالیب جومەیلی کە ناسراوە بە ئەبو حوزەیفە و دەستنیشانکرابوو وەك کارگێڕی ویلایەتەکە؛ لەگەڵ بورهان موحسین عەلوان مەسعودی، ناسراو بە ئەبو ئیسحاق کە بەرپرس بوو لە شوێنەکانی پشوودان.
ههروهها تەحسین عەلی کەرتانی کە بەرپرس بوو لە هاتوچۆی چەکدارەکان و چەکەکانیان و زەید مەعەن خەڵەف عوبێدی، سکرتێری گشتی "ویلایەتی گشتی" لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستگیرکران.
ئەبو ڕەغیف وتی تۆڕەکە "ئینغیماسی"یشیان تێدابوو -- كه بریتین لهو هێرشبەرە خۆتەقێنەرەوانهی خۆیان دهكهن بهناو ریزەکانی دوژمندا -- لەگەڵ ئەو چەکدارانەی خۆیان ئامادەدەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی.
وتی هێزە ئەمنیەکانی عێراق پێشتر شکستیان هێنا بە چەندین هەوڵی داعش بۆ زیندووکردنەوەی "ویلایەتی باشور" بە هێرشکردنە سەر تۆڕەکانی داعش و شانەکانیان كه بەرپرسیار بوون لە ئەنجامدانی چەندین تەقینەوە و هێرش لە باشوری عێراق.
بنەبڕکردنی پاشماوەکانی داعش لە بەغدا
هاوکات، هێزە ئەمنیەکان یەکشەممە (16 حوزەیران) رایانگەیاند کە هەڵمەتێك بەردەوامە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری بەغدا لە پاشماوەکانی داعش.
ئەبو ڕەغیف وتی: "هەڵمەتەکە ئامانجی گەڕانە بەدوای حەشارگە نهێنییەکانی تیرۆریستاندا لەو ناوچانەی گژوگیا و کێڵگە و چەمی وشکی زۆریان تێدایە، بە تەرکیز خستنە سەر باکوری بەغدا."
وتیشی هەڵمەتەکە لە ناوچەی زور و هورە و ئەلبو حەیان دەستیپێکرد و درێژدەبێتەوە بۆ دوورگەی کەرمە لە پارێزگای ئەنبار.
ههروهها وتی: "پاشماوەکانی داعش سەرقاڵی دزەکردن و خۆشاردنەوەن لەو کێڵگانە، کە ناوچەیەکی 6,000 دۆنمییە و سوودیان لە نزیکیی لە بەغداوە بینیووە." ئاماژەشیکرد بەوەی وەك بنکەیەکی ئەنجامدانی هێرش بەکاریاندەهێنن.
ئەبو ڕەغیف داوای بەهێزکردنی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی کرد بۆ بەتەواوی بنەبڕکردنی بوونی تیرۆریستان لەو ناوچانە.