هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

ئێران نفوزی پته‌ودەکات لە دێرە زووری سوریا

فارس عومران

ئەندامانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرە زووری سوریا بەشداریدەکەن لە وانەیەکی ئایدیۆلۆجیدا له‌ 5 تەمموز. [خاوەنی وێنە: سەدا شەرقیە]

ئەندامانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرە زووری سوریا بەشداریدەکەن لە وانەیەکی ئایدیۆلۆجیدا له‌ 5 تەمموز. [خاوەنی وێنە: سەدا شەرقیە]

چاودێرانی سوریا وتیان سوپای پاسداران و بریکارەکانی دانیشتوانانی ناوچەکانی بەشە گرنگەکانی خۆرهەڵاتی سوریایان بەزۆر وەدەرناوە، کە تێیاندا هەوڵدەدەن خۆیان بەهێزبکەن و کاریگەریی خۆیان فراوانبکەن.

میلیشیاکانی سەر بە ئێران چەندین موڵكوماڵیان داگیرکردووە لە دێرە زوور بۆئەوەی شوێنی مانەوە بۆ میلیشیاکان دابینبکەن و خوێندنگە و ناوەندی کەلتووری دروستبکەن کە لەڕێیانەوە دەیانەوێت هەژموونی ئێران فراوانتربکەن و سەرنجی ئه‌ندامانی نوێ رابکێشن بۆ هاتنەنێو ریزەکانیان.

لەوکاتەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە کۆتاییەکانی 2017 لە ناوچەکە وەدەرنرا، ئێران هه‌وڵیداوه‌ نفوزی خۆی لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری دێرە زوور و شارۆچکەی سنووریی ئەلبو کەمال و شارەکانی تری خۆرهەڵاتی سوریا پته‌وتربكات، هەروەها ئامانجێتی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ناوچەکە وەدەربنێت.

چاودێران وتیان تا ئێستا سوپای پاسداران و هاوپەیمانەکانی، کە پێکدێن لە حیزبوڵا و چەند میلیشیایەکی جیاوازی عێراقی و ئەفغانی و پاکستانی، لە ناوچەکە جێگیربوون.

ئەندامانی لیوای فاتیمیون، میلیشیایەک کە پێکهاتووە لە چەکدارانی ئەفغانی کە سەر بە سوپای پاسدارانن، لێرەدا لە دێرە زووری خۆرهەڵاتی سوریا دەبینرێن، له‌ 30 حوزەیران. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

ئەندامانی لیوای فاتیمیون، میلیشیایەک کە پێکهاتووە لە چەکدارانی ئەفغانی کە سەر بە سوپای پاسدارانن، لێرەدا لە دێرە زووری خۆرهەڵاتی سوریا دەبینرێن، له‌ 30 حوزەیران. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

بەرپرسی لیژنەی سیاسیی حەسەکە، موقەدەم هیشام مستەفا بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکانی خۆرهەڵات جێگیرکراون، کە بەرەو باشوری روباری فوڕات درێژدەبنەوە لە ناوچە گوندنشینەکانی رەقە و ئەلبو کەماله‌وه‌ لە پارێزگای دێرە زوور.

وتی زیاتر لە بیابانی سوریا (بادیە) و ناوەوە و دەرەوەی شارەکانی دێرە زوور و مەیادین جێگیربوون.

وتیشی: "ئەو میلیشیانە کار بۆ ئامانجێکی گەورەتر دەکەن بۆ گۆڕانی دیمۆگرافی لە تەواوی ئەو ناوچانەی لێی نیشتەجێبوون، کە تەنیا سنووردار نیین بە دێرە زوور و شارۆچکەکانی دێرە زووره‌وه‌، به‌ڵكو تا حومس و حەما و دیمەشقیش درێژدەبنەوە."

دانیشتوانی ناوچەکە بەزۆر دەکرێنە دەرەوە

مستەفا وتی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج لە ماڵ و زەوییەکانیان دەکرێنە دەرەوە، جا لەڕێی هەڵخەڵەتاندن یان تۆقاندنەوە بێت.

وتی میلیشیاکان سەرەتا "پێشنیاری کڕینی موڵەکەکە بە نرخێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ دەکەن، کاتێکیش پێشنیارەکە رەتدەکرێتەوە، پەنادەبەنە بەر هەڕەشە و تۆقاندن".

وتی ترس و تۆقاندنەکەش رەنگە رفاندن و سوکایەتیپێکردن یان تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا تیرۆرکردنیش بگرێتەوە، "بۆئەوەی وا لە خاوەنەکان بکەن لەترسان موڵەکەکیان بەجێبهێڵن".

وتی میلیشیاکان تاکتیکی هاوشێوە بەکاردەهێن بۆ راکێشانی دانیشتوانی ناوچەکە بۆ نێو ریزەکانیان، بە بەکارهێنانی فشار، فریودان و پارە بۆ بەدەستهێنانی لایەنگرییان.

مستەفا وتی ئێران مزگەوتەکانی دێرە زووریشی کردووە بە ناوەندی ئایینی و کەلتووری.

رێکخراوی میدیایی سوریی سەدا شەرقییە رایگەیاند کە لە کۆتاییەکانی ئەیلولدا، بەرپرسی سوپای پاسداران لە دێرە زوور، "حاج عەسکەر" فەرمانی نۆژەنکردنه‌وه‌ی پێنج خوێندنگەی لە ئەلبو کەمال دەرکرد به‌ سوودی ناوەندی کەلتووریی ئێرانی.

فەرمانەکە دوای ئەوە دەرکرا کە بەرپرسێکی ناوەندە کەلتوورییە ئێرانییەکە، "حاج حوسێن"، سەردانی ئەلبو کەمالی کرد، بە یاوەریی ئەندامانی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، بۆ تاووتێكردنی پڕۆژە ئێرانییەکان لە ناوچەکە.

راپۆرتەکە رایگەیاند کە زمانی فارسی لە خوێندنگەکان لەلایەن مامۆستای سورییەوە دەوترێتەوە کە ئێستا لە ئێران راهێنانیان پێدەکرێت، بە به‌رنامه‌یه‌كی خوێندن کە لەلایەن ناوەندی کەلتووریی ئێرانییەوە پەسەندکراوە، هەوڵەکەشی له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ "هەنگاوێکی نوێ لە داگیرکاریی کەلتووریی ئێران لە دێرە زوور".

ئەندامی ئەنجومەنی خێڵەکی سوریا، شێخ مودار ئەسەد وتی ئێرانییەکان کۆنتڕۆڵی خوێندنگە و ناوەندە پەروەردەییەکانی دەکەن وەک هەوڵێک لە هەڵمەتی "سەپاندنی ئایدیۆلۆجی و کاریگەریی خۆیان بەسەر مێشکی منداڵ و گەنجاندا".

بە دیارونای وت ئامانجی سەرەکی راکێشانی ئەندامانی نوێیە بۆ میلیشیا بریکارەکانی ئێران.

ئێران هه‌وڵده‌دات نفوزی پته‌وبكات

ئەسەد وتی ئێران هه‌وڵده‌دات نفوزی پته‌وبكات لە دێرە زوور لەڕێی کڕینی موڵکه‌وه‌ لە پارێزگاکە، کە زۆرجار رێوشوێنی گومانلێكراو به‌كاردێنێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

وتیشی له‌كاتێكدا رووبه‌ڕووی هەڕەشەلێکردن دەبنەوە -- بۆنمونه‌ دەستگیرکردن بە تۆمەتی نادروست، وەک کارکردن لەگەڵ داعش -- بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکە به‌زۆر لە ماڵەکانیان کراونەتە دەرەوە.

وتی شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچە گرنگەکان له‌زیادبووندان، کە چەکداران و لایەنگرانیان تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن و ئاماژەی کرد بۆ ئەوه‌ی دانیشتوانی ناوچەکە بەتووندی ئامادەیی ئەو میلیشیانە رەتدەکەنەوە و خۆپێشاندانیان رێکخستووە کە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک کەس.

ئەسەد وتی ئەو گروپانە بوونەتە مایەی کێشە لە ناوچەکە و ئاماژەیكرد بۆ چەندین رووداو کە تێیاندا چەکداران ژمارەیەک شوانیان کوشتووه‌ و مەڕەکانیان دزیون، لەمدواییانەدا 12 شوان کوژراون و چەندانی دیکەش بریندارکراون لە کۆتاییەکانی ئەیلولدا لە گوندی حەما له‌ دێرە زوور.

وتیشی ئەو میلیشیانە بەشدارییان لە شه‌ڕه‌كانی وەدەرنانی داعشدا نەکردووە و ناشکرێت لەگەڵ ئەو لایەنانە ناویان بهێنرێت کە شاره‌ سورییەکانیان لە دەستی گروپەکە رزگارکردووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500