هێزەکانی عێراق نۆ ئەندامی شانەیەکی نوستووی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد، وتەبێژی سوپای عێراق، یەحیا رەسوڵ سێشەممە (29 ئەیلول) لە بەیاننامەیەکدا وتی.
وتی دەزگای دژە تیرۆریزم، بە هەماهەنگی لهگهڵ یەکەی دژە تیرۆریزمی سلێمانی، چەکدارەکانیان دەستگیرکرد، کە سەر بە "ویلایەتی عێراق - بەشی باشور"ی گروپەکە بوون.
وتیشی: "دەستبەسەرکراوان فەرمانی دەستگیرکردنیان بەگوێرەی ماددەی 4 یاسای دژە تیرۆریزم هەبوو."
ئۆپەراسیۆنەکە دوایین بوو لە زنجیرەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەلایەن دەزگای دژە تیرۆریزمەوە لەم مانگەدا کە تائێستا بۆتە هۆی دەستگیرکردنی 26 ئەندامی داعش.
عەمیدی خانەنشین، عەدنان کەنعانی کە ئەفسەرێکی پێشتری دەزگای دژە تیرۆریزمە، وتی دەستگیرکردنەکانی سێشەممە نمونەی "دەستکەوتێکی گرنگن و پەیامێکی دڵنیاکەرەوە دەدەن" بە خەڵکی عێراق کە هێزە ئەمنیەکانیان وریان.
بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکە "رەنگدانەوەی کاری پێشکەوتووی هەواڵگریی دەزگای دژە تیرۆریزم و تەواوی دەزگا ئەمنیەکانی دیکەیە".
هاریکاریی پەرەسەندوو
کەنعانی وتی لەوکاتەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر شکستی پێهێنرا، داعش هەوڵیداوە شانەی نوستوو لەنێو شارەکاندا دروستبکات وەك بەشێك لە ستراتیژێکی دوورمەودا بۆ هەڕەشەکەن لە ئاسایش. گروپەکە پشتیش دەبەستێت بەو پشتیوانانەی لە شەڕ هەڵاتن و پەنایانبرد بۆ ئەو ناوچانهی ئاسایشیان لاواز بوو.
وتی بەڵام لە ئەنجامی هەڵکوتانەسەری ئەمنیی چڕوپڕدا، تۆڕی شانەکانی گروپەکە هەڵدەوەشێنەوە.
ئۆپەراسیۆنەکەی سلێمانی لە ئەنجامی هەماهەنگیشدا بوو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا. هەردوولا لەم چەند مانگەی دواییدا هەماهەنگییان زیادکردووە و چوار ناوەندی هاوبەشیان دامەزراندووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکی داعش لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێکجیادەکەنەوە.
کەنعانی وتی: "هاریکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری پێویستە بۆ هێشتنەوەی فشار لەسەر تیرۆریستان و بەرگرتن لە خۆڕێکخستنەوەیان."