سوپای عێراق و پێشمەرگەی کورد بەمدواییانە چوار ناوەندی هەماهەنگییان دامەزراند بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوهكانی رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی چالاکیەکانی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێك جیادەکەنەوە.
بەرپرسان بە دیارونایان وت ناوەندەکانی هەماهەنگی نوێنەرایەتی "یەکەم هەنگاو" دەکەن بەرەو رێکەوتنێکی کۆتایی کە پەیوەندییە دوولایەنەکان بەهێزدەکەن، دوای ئەوەی بڕیاری جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق لە 2017 بووە هۆی بارگرژی.
پێش ئەم هەنگاوە چەند کۆبوونەوەیەك ئەنجامدرا لەنێوان بەرپرسانی هەردوولایەندا بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێك دەربارەی دەستپێکردنەوەی چالاکییه ئەمنییه هاوبەشه هەمیشەییهكان.
لە تەمموزدا، هێزە ئەمنیەکانی عێراق چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانیان لە حەشارگەکانی داعش ئەنجامدا لە خۆرهەڵاتی عێراق بە هەماهەنگی پێشمەرگە و بۆ یەکەمجار لە 2017وە.
ئۆپەراسیۆنەکان بەشێك بوون لە قۆناغی چوارەمی "پاڵەوانانی عێراق" كه هەڵمەتێكی سەربازی بوو بۆ پاککردنەوەی پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە له داعش.
'هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە سوورن لەسەر پێشڕەوی'
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری له پەرلەمان، ناسر هەرکی وتی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لە سیستمی بەرگری نیشتمانی و هاوبەشێكی سەرەکیی سوپای عێراق بوون لە شەڕدا دژی داعش.
وتی پێویستییهكی دەستبەجێ هەیە بۆ چالاککردنەوەی ئهو هاوبەشییه بەگوێرەی رێکەوتنێکی چڕوپڕ، بۆیە هەردوولا دەکرێت ئۆپەراسیۆنە ئەمنیە هاوبەشەکان دەستپێبکەنەوە و بەردەوامبن.
وتی هەردوولا سوورن لەسەر بەدەستهێنانی پێشڕەوی.
وتیشی: "کۆبوونەوە دوولایەنەکان بەردەوامن و کەشێكی تێگەیشتن و هەماهەنگی لهسهر زهوی هەیە" و جەختیکردەوە لەوەی لیژنەکانی دانوستان دەبێت بەرژەوەندی و ئاسایشی وڵاتەکە بکەنە پێشینە.
ئەندامانی داعش هەوڵدەدەن خۆیان رێکبخەنەوە لەو ناوچەیەی هێڵەکانی جێگیرکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە لێكجیادەکاتەوە، بهقوڵایی نزیکەی 10 کیلۆمەتر و لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکەوە درێژدەبێتەوە تا خۆرئاوا.
ئەو ناوچەیە شارە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان لهخۆدهگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمیەکان، لە شەش مانگی یەکەمی 2020، داعش 147 هێرشی کردووه له دهوروبهری شارەكانی ئەم ناوچەیە، لەنێویاندا مەندەلی، خانەقین، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شەنگال و کەرکوك. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی دەیان قوربانی.
لیوای خانەنشینکراو، ماجد قەیسی بە دیارونای وت ناوەندەکانی هەماهەنگی عێراق-پێشمەرگە، کە بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێكهاتوون، پێویستن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی تیرۆریستان هەوڵی قۆستنەوەی داوە.
وتی تیرۆریستان لە کەنارەکانی ناوچە جێناکۆکەکان جێگیرن و هێواش هێواش ناوچەکەیان فراوانتر دەکەن بۆ نزیکی شارۆچکەکان و گوندەکان.
بەهۆی لاوازیی ئامادەیی سەربازییەوە داعش گەشەدەکات
قەیسی وتی هەڵکشانی کردە تیرۆریستیەکان ئاماژەن بەوەی هەڕەشەکە زیاددەکات و هەماهەنگی ئەمنی پێویستییەکی هەنوکەییە.
بە دیارونای وت داعش گەشەدەکات لەنێو قەیران و دووبەرەکی سیاسیدا و عێراق پێویستی بە سەقامگیرییە، کە ناکرێت بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی لە ئاستە هەرە باڵاکاندا بەدەستبهێنرێت.
بەرپرسانی عێراق و پێشمەرگە بەردەوامن لە گفتوگۆکردن بۆ دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هێزێکی ئەمنیی هاوبەش کە بەقوڵایی هێڵی جیاکردنەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە جێگیربکرێت.
چەند پلانێك هەیە بۆ دامەزراندنی بازگهی هاوبەش لە دەروازەی شارەکاندا.
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان، کاتیع نەجمان ریکابی بە دیارونای وت ئهوه زۆر پێویسته تەرکیز بخەینە سەر ئهمنییهت و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بنێین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری.
وتی بەرپرسان لە حکومەتەکانی ناوەند و هەرێم دەبێت دەستبکەنەوە هاریکاری بۆ شکستهێنان بە داعش، لەبەرئەوەی تیرۆریستان سوودیان لە بارگرژییەکان بینیووە بۆ کردنەوەی جێپێی خۆیان لەو ناوچانەی بێ ئامادەیی سەربازیی بەهێزن.
ریکابی وتی ئۆپەراسیۆنە هەماهەنگیکراو و هاوبەشەکان تیرۆریستان دەوەستێنێت لەوهی بگۆڕێن بۆ مەترسییەکی گەورەتر.