هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

رێکخراوە دەوڵەتی و نێودەوڵەتیەکان كارده‌كه‌ن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان

عەلا حسێن لە بەغدا

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە سەردانێکدا بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە ئەنبار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق لە سەردانێکدا بۆ کەمپەکانی ئاوارەکان لە ئەنبار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

بەرپرسانی پارێزگای ئەنبار بەڵێنی "بەزووترین کات" چارەسەرکردنی کێشەی ئاوارەکانیان داوە، دوای ئەوەی 20 لە 22 کەمپی ئاوارەکانی پارێزگاکە بەشێوەیەکی هەمیشەیی داخران.

تەنیا چەند ساڵێك لەمەوبەر، پارێزگای ئەنبار 70 کەمپی ئاوارەی لێبوو.

بەرپرسێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، مستەفا حامید، بە دیارونای وت تاقە دوو کەمپی ماوە کەمپەکانی عامریە و مەدینە سیاحیەن لە خۆرهەڵاتی ئەنبار.

وەزارەت 'چالاکانە' کاردەکات بۆ ئاسانکاریی گەڕانەوە

حامید وتی داخستنی ئەم که‌مپانە ئاکامێکی سروشتی ژمارەی نزمتری ئاوارەکان بوو لە ئەنبار.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق سەردانی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە هێشتا لە کەمپەکانی ئەنباردا دەژین. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق سەردانی ئەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە هێشتا لە کەمپەکانی ئەنباردا دەژین. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران]

وتی لەئێستادا 1,706 خێزانی ئاوارە لە ئەنبار هەن، کە کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە لە 70,000 خێزانی ئاوارەوە لەکاتی شەڕه‌كاندا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)‌.

ئەم ژمارەیە پێکهاتووە لەو خێزانانەی خەڵکی ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.

وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، بەهاریکاری لەگەڵ چەندین کارگێڕیی خۆجێی، مەبەستێتی "دەستبەجێ کێشەی ئاوارەکان بەجارێك و بۆ هەتاهەتایە چارەسەربکات" و بەشێوەیەکی چالاکانە کاردەکات بۆ "تاوتوێکردنی هەر ئاستەنگێك کە دەکرێت بەربەست بێت لەبەردەم گەڕانەوەی خێزانەکاندا".

وتیشی زۆربەی خێزانە ماوەکان رەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان لەبەر چەندین هۆکار، كه‌ گەورەترینیان سەختی دۆخی ئابورییە و ئاماژەیکرد بەوەی زۆرینەی خێزانە ئاوارەکان ناتوانن خانووە رووخاوەکانیان بنیاتبنێنەوە.

وتی بەربەستەکانی دیکە بریتین له‌ شەڕی خێڵەکی، لەگەڵ ئەو راستیەی کە منداڵەکانیان ده‌چنه‌ قوتابخانه‌ لە شوێنی ئێستایان، نزیك بە کەمپەکان.

هاندەرەکان و چارەسەرکردنی ململانێکان

رێکخراوی کۆچی نێوده‌وڵه‌تی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی پشتبەستوو بە هاندەر بەمەبەستی خۆبەخشانە گەڕاندنەوەیان لەڕێی کۆمەکی داراییەوە بۆ ئەو خێزانانە.

رێکخراوی کۆچی نێوده‌وڵه‌تی سەرەتا کۆمەكی 93 خێزانی کرد (560 کەس)، كه‌ زۆربەیان خەڵکی قەزای فەلوجەی خۆرهەڵاتی پارێزگای ئەنبارن.

حامید وتی رێکخراوی کۆچی نێوده‌وڵه‌تی بەشی پێویست پارە دەدات بەم خێزانانە بۆ رووماڵکردنی پارەی کرێ بۆ شەش مانگیان تا بتوانن لە ناوچەکانی خۆیان جێگیربن. رێکخراوەکە یارمەتی خێزانەکانیش دەدات کاروكاسبی بچوك دەستپێبکەن بەگوێرەی بەهرە و لێهاتووییان.

هاوکات، لیژنەی چارەسەری ململانێکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هەوڵدەدات کار لەگەڵ سەرکردە خێڵەکیەکان بکات تا یارمەتی چارەسەرکردنی ململانێ هەنوکەییەکان بدات و ئاسانکاری بۆ بەسەلامەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات.

هەنگاوی بەرپێگرانەی سەرکەوتوو

راوێژکاری قائیمقامی ئەنبار، مازن ئەبو ریشە بە دیارونای وت پارێزگاکە هەنگاوی پێویستی بەرپێگرانەی تەندروستی ناوە بۆ پاراستنی خەڵکی ئاوارەی کەمپەکانی عامریە و مەدینە سیاحیە، بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19).

ئەبو ریشە وتی بەرپرسانی تەندروستی رۆتینی ئاسایی پاکژکردنەوە و خاوێنکارییان ئەنجامداوە لەنێو کەمپەکاندا و کاڵای تەندروستی پێویست، لەنێویاندا پاکژکەرەوە، بۆ ئاوارەکان دابینکردووە.

تائێستا، هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە کۆڤید-19 تۆمارنەکراوە، کە بەگوێرەی ئەبو ریشە، بەهۆی هەنگاوە تووندە تەندروستیەکانەوەیە.

لە ئایاردا حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کەمپێکی ئاوارەکان نزیك بە هەولێر تۆمارکرا.

بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی عەباس، بە دیارونای وت وەزارەت بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی خێزانە ئاوارەکان لە ئەنبار بە دابینکردنی خۆراك و کۆمەکی تر.

وتی لە سەرەتای تەمموزدا، 5,970 پاکێجی فریاگوزاری لەنێو خێزانەکانی دوو کەمپە ماوەکەدا دابەشکرا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500