ماوەیەکە حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە کۆمەڵایەتیانەی دوای فەرمانڕەوایی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا دروستبوون و بوونهته هۆی رێگرتن لە گەڕانەوەی زۆرێك لە خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، بەتایبەتی لە پارێزگای ئەنبار.
بەڕێوبەری نوسینگەی ئەنباری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، مستەفا حامید وتی وەزارەتهكه "ماوەیەکی درێژە کاردەکات بۆ دروستکردنی دۆخێکی کۆمەڵایەتی سەقامگیر لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەدا كه لە داعش رزگارکراون".
حامید دووشەممە (16 ئەیلول) بە دیارونای وت لە ئەنجامدا لەمساڵدا 400 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە ئەنبار.
وتی: "دوای رزگارکردنی ئەنبار لە کۆتایی 2017، دەستمانکرد بە هەوڵەکانمان بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا كه بووبوونه بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکە ئاوارەکەدا بۆ نێو کۆمەڵگەکانی خۆیان."
![ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار کۆدهبنەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە 15 ئەیلول بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ برەودان بە ئاشتەوایی نیشتیمانی لە پارێزگاکە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی پارێزگای ئەنبار]](/cnmi_di/images/2019/09/16/19940-Iraq-Anbar-meeting-600_384.jpg)
ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار کۆدهبنەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە 15 ئەیلول بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکان بۆ برەودان بە ئاشتەوایی نیشتیمانی لە پارێزگاکە. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی رۆژنامەوانی پارێزگای ئەنبار]
وتیشی ناکۆکی و پێکدادانی کۆمەڵایەتی "لە بەربەستە هەرە سەرەکییەکان بوون لەبەردەمماندا و کارمانکردووە بۆ چارەسەرکردنیان تا دڵنیابین لە سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکان".
ههروهها وتی وەزارەت دوو ساڵ لەمەوبەر چەندین لیژنەی لاوەکیی ئاشتەوایی دروستکرد کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی خێڵە خۆجێیەکانی ئەنبار و ریشسپییان، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و حکومیی ناوچەکە.
وتی ئەم لیژنانە کاریانکردووە بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێك بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو خەڵك و بەهێزکردنی ئاشتەوایی و لێبوردەیی و زاڵبوون بەسەر ئەو کاریگەرییانەدا كه داعش جێیهێشتن بۆ پەرتکردنی شیرازهی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکانی عێراق.
حامید وتی لیژنەکان چەندین کۆنفرانس و کۆبوونەوەی راوێژکاریی یەك لەدوای یەکیان سازداوه لەگەڵ خێڵەکانی ئەنبار بۆ "بەشداربوون لە دیالۆگ بۆ بەهێزکردنی هاریکاری".
وتی نزیکەی 400 خێزان لەمساڵدا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵ و سەر کارەکانیان و "ژیانی ئاسایی خۆیان دەژین". ئاماژەشیکرد بەوەی ناکۆکی یان رووداوی تووندوتیژی تۆمارنەکراوە.
وتیشی: "ئەمە مانای ئهوهیه لەمڕۆدا هەوڵەکانمان لەسەر رێچکەیەکی دروستن و ئەنجامی باش بەدەستدێنن."