هەرچەندە زۆرێك لەو خێزانە عێراقییانەی ئاوارەکران لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، هەندێکیان بڕیاریانداوە بمێننەوە لە کەمپەکان یان ئەو ناوچانەی کە پەنایان بۆ بردووە.
بۆئەوەی هاندەرێك بدەنە ئەو خەڵکە بۆ گەڕانەوە، کاربەدەستانی ناوچەكه هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن کە رێگرن لەبەردەم گەڕانەوەیاندا بۆ شوێنەکانی خۆیان.
لەو هۆکارە سەرەکییانەی خەڵكهكه باسیدهكهن بۆ نەگەڕانەوەیان رووخانی ماڵەکانیان و دەگمەنیی خزمەتگوزاریی گشتی و نەبوونی کارە لەو ناوچانە.
دانیشتوویهكی پێشووی موسڵ، رائید عەبدوڵا، 41 ساڵ، کە ئێستا لە بەغدا دەژی، بە دیارونای وت ماڵەکەی لە موسڵی کۆن رووخێنراوە و پارەی پێویستی نیە بۆ بنیاتنانەوەی و قەرەبووی حکومەتیشی پێنەگەیشتووە.
![کاروانێكی پاس ئاوارە عێراقییەکان دەگوێزێتەوە بۆ ماڵەکانیان لە شاری قائیمی خۆرئاوای ئەنبار لە 10 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]](/cnmi_di/images/2019/07/30/19177-Qaim-bus-convoy-600_384.jpg)
کاروانێكی پاس ئاوارە عێراقییەکان دەگوێزێتەوە بۆ ماڵەکانیان لە شاری قائیمی خۆرئاوای ئەنبار لە 10 شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]
وتی بەڵام ئەوە تاکە هۆکار نیە بۆ نەگەڕانەوەی و ئاماژەیکرد بەوەی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا هێشتا بەردەست نین لە گەڕەکەکەیدا و هیشتا دۆزینەوەی کاریش لەوێ زهحمهته.
عەبدوڵا ئێستا لە دوکانێکی شیرینی کاردەکات نزیك بە شوێنەکەی کە بە کرێ گرتووێتی لە گەڕەکی ئەعزەمیەی بەغدا.
وتی: "دەستکەوتی رۆژانەم بەشی بژێویی خێزانەکەم ناکات، بەڵام لە هیچ باشترە."
بەربەستەکان لهبهردهم گەڕانەوەدا
فاتن حیلفی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤی عێراق وتی: "حکومەت زۆر لە ئاوارەکان ناکات بۆ گەڕانەوە. پرۆسەکە خۆبەخشانەیە نەك بەزۆر."
وتی: "کاتێك باس لە گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە دەکەین بۆ ماڵەکانیان، نابێت نەبوونی خواستی ئەوانیدی فەرامۆشبکەین بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی تایبەتی ئاوارەییان لە پێنج ساڵی رابردوودا."
بە دیارونای وت: "راستییەکەی هەندێکیان گەڕانهوە، بەڵام هەرزوو هاتنەوە کەمپەکانی ئاوارەکان یان ئەو شوێنانەی لێی دەمانەوە، کە بەمە دەڵێین گەڕانەوەی پێچەوانەوە لە ئەنجامی ناسەقامگیری."
حیلفی وتی: "هۆکارەکانی رەتکردنەوەی گەڕانەوە و گەڕانەوەی پێچەوانە زۆرن،" لەنێویاندا کەمیی ژێرخان و خزمەتگوزاریی گشتی لە ناوچە رزگارکراوەکان لەگەڵ وێرانبوونی بەشێکی یان تەواوی خانووهكانی ئاوارەکان.
وتی لە هەندێك حاڵەتدا، ئاوارەکان "توانیویانە كارێك لە شوێنی ئاوارەییان بدۆزنەوە" و نایانەوێت بگەڕێنەوە و بژێوییان لەدەستبدەن.
وتیشی بهربهستهكانی دیکەی گەڕانەوە بریتین له ترسی تۆڵە یان چەوساندنەوە، وەك لە حاڵەتی ئەو گەڕاوانەدا كه كهسوكاریان هەبووە ئەندامی داعش بووە.
دهستنیشانكردنی هۆكارهكان
بەرپرسانی حکومەت بە دیارونایان وت کاردەکەن بۆ دهستنیشانكردنی هۆكارهكان لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارەیی.
بەڕێوبەری گشتی لە بهڕێوبهرێتی کاروباری لقەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، عەلی جەهانگیر وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی رەتیدەکەنەوە خۆبەخشانە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
وتی: "هاوکاری دەکەین لەگەڵ وەزارەت و کاربەدەستانی ناوچەکە بۆ خێراکردنی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە ناوچە زیانبارەکان و یارمەتیدانی خەڵك بۆ چاککردنەوەی ماڵەکانیان" و چەندین هەنگاوی دیکە.
وتیشی وەزارەت "رووماڵێکی چڕوپڕی ئەو خێزانانە دەکات کە نایانەوێت بگەڕێنەوە، تا بتوانن هۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارە دیاریبکەن". چاوەڕێدەکرێت ئەمە "داتای یەکخراو دابینبکات کە یارمەتی بنیاتنانی پلانێکی کاریگەری حکومەت دەدات".
جەهانگیر وتی وەزارەت دهستدهكاتهوه به پێدانی باربوو (مینحە)ی 1.5 ملیۆن دینار (1,259 دۆلار) به هەر خێزانێك کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی.
وتیشی: "نزیکەی 30,000 خێزانی گەڕاوە سوود لەو باربووە دەبینن و بەهیواین ببێتە هۆکار بۆ خێزانە ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە."
ههروهها وتی: "چەندین پرۆگرامی هاندەرمان هەن و بەمزوانە بەنیازین دەستبکەین بە بهرنامهیهكی پشتگیریی ئابووری."
وتی ئەمە چەند خولێکی راهێنانی پیشەیی لهخۆدهگرێت کە یارمەتی خەڵك دەدات لە دۆزینەوەی کاردا، لەگەڵ یارمەتیدانیان بە دابینکردنی ئامێر بۆ دەستپێکردنی کاروكاسبیی بچووك.
کەمبوونەوەی ژمارەی ئاوارەکان
جەهانگیر وتی: "سەدان هەزار خێزانی ئاوارەمان هەبووه و ئێستا تەنیا 92,000 خێزان ماون کە وەك ئاوارە تۆمارکراون و زۆربەیان بەسەر 152 کەمپدا دابەشبوون لە سەرانسەری وڵاتدا."
وتیشی: "ژمارەی ئەم خێزانانە کەمدەکەن بەڕادەی 100 خێزان لە رۆژێکدا."
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی کۆچی سەلاحەدین، فەزاع شیممەری بە دیارونای وت لە چەند ساڵی رابردوودا، 129,000 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لە پارێزگاکە.
وتی نزیکەی 900 خێزان لە کەمپەکانی عەلەم و کەرامە و بوستان شیوخ لە پارێزگای سەلاحەدین ماونەتەوە.
شیممەری وتی: "ئەم خێزانانە دەیانەوێت بڕۆن و چی زووترە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان. هەرچییەکمان پێبکرێت دەیکەین تا دڵنیابین لەوەی دەتوانن بگەڕێنەوە و قەیرانی ئاوارەکان بەتەواوی لە پارێزگاکە چارەسەربکرێت."