هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراق 10 کەمپی ئاوارەکان دادەخات، له‌كاتێكدا خێزانی زیاتر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچەکانیان

خالید تائی

گروپێکی نوێی 179 ئاوارە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی رەسەنی خۆیان لە پارێزگای ئەنبار لە 5 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

گروپێکی نوێی 179 ئاوارە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی رەسەنی خۆیان لە پارێزگای ئەنبار لە 5 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق 10 کەمپی ئاوارەکانی داخست کە پێشتر ئەو خێزانە ئاوارانەی لەخۆگرتبوو کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، بەرپرسێك هەینی (6 تشرینی دووەم) بە دیارونای وت.

بەڕێوبەری گشتی کاروباری لقەکانی وەزارەت، عەلی جرهانکیر وتی وەزارەت مانگی رابردوو ئەو کەمپانەی داخست دوای رێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی خێزانە ئاوارەکان.

بە دیارونای وت لەنێو ئەمانەدا کەمپەکانی نەبی یونس، نەهرەوان، باشوری بەغدا، کەمپەکانی ئەهل و شەمس لە ئەبوغرەیب، خۆرئاوای بەغدا -- کە پێشتر 172 خێزانی لەخۆگرتبوو کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان لە پارێزگای ئەنبار.

وتی نزیکەی 60 خێزان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی سەلاحەدین و نەینەوا لە کەمپەکانی سەعد و دیالەوە، وتیشی ئەو کەمپانەی کەربەلاش کە 560 ئاوارەیان لەخۆگرتبوو داخراون.

ئەو خێزانانەی لە کەمپی ئاوارەکانی سەعد لە پارێزگای دیالە دەژین شتومەکەکانیان دەگوێزنەوە لە ئامادەکارییاندا بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

ئەو خێزانانەی لە کەمپی ئاوارەکانی سەعد لە پارێزگای دیالە دەژین شتومەکەکانیان دەگوێزنەوە لە ئامادەکارییاندا بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

جەهانکیر وتی کاربەدەستان لەم مانگەدا حەوت کەمپی دیکە دادەخەن له‌و 38 كه‌مپه‌ی ماوه‌نه‌ته‌وه‌. ئەوانه‌ بەگوێرەی پلانێکی دۆخی کتوپڕ ئەنجامدەدرێن کە لەلایەن وەزارەتەوە ئامادەکراوە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کەمپەکان بە داخستنیان یان تێكه‌ڵكردنیان.

وتی: "مەبەستمانە لەم مانگەدا کەمپەکانی هەولێر، ئەنبار و قەزای خانەقین (پارێزگای دیالە)، کەرکوك و سلێمانی دابخەین."

وتیشی وەزارەت بەردەوامە لە هاندانی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئێستا لە کەمپەکاندا دەژین.

جەهانکیر وتی پێنجشەممە، 55 خێزان (نزیکەی 420 ئاواره‌) گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە گوندەکانی سامەڕا له‌ سەلاحەدین و 146 خێزان (750 ئاوارە) گەڕانەوە لە کەمپی حەمام عەلیلەوە بۆ موسڵ و دەوروبەری.

سەرەڕای ئەوەش، 179 ئاوارە لە مەدینە سیاحییە و عامریەت فەلوجەی ئەنبارەوە گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لەو پارێزگایە.

ئاوارە ماوەکان هاندەدرێن بگەڕێنەوە

وتی وەزارەت تەرکیز دەخاتە سەر خزمەتگوزاریەکان لە پرۆسەی رێگەخۆشکردندا بۆ گەڕانەوەی خێزانەکان و زیادکردنی کۆمەکی مرۆیی بۆ ئەم توێژانە.

وتی داوای لە رێکخراوە مرۆییەکانیش کردووە کە کۆمەك بکەن بۆ یارمەتیدانی ئەم خێزانانە بۆ بنیاتنانەوەی ماڵەکانیان و تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەکان.

جەهانکیر وتی: "ئەمە مانای وانییە چیتر پشتیوانی له‌ ئاوارەکانی نێو کەمپەکان ناکەین." جەختیشیکردەوە لەوەی وەزارەت بەردەوامدەبێت لە دابینکردنی کۆمەکی پێویست.

وتی: "بەڵام بەهیواین ئەو خێزانانەی هیچ شتێك بەربەست نییە لەبەردەم گەڕانەوەیاندا تێبگەن لەوەی مانەوەیان لە کەمپەکاندا یارمەتیدەر نییە و دەبیت بڕیاری گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان بدەن تا هه‌رچی زووتر ژیانیان دەستپێبکەنەوە لە کۆمەڵگە رەسەنەکانی خۆیاندا."

هەزاران عێراقی لە ناوچەکانی خۆیان ئاوارەبوون دوای ئەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە 2014 ده‌ستیگرت به‌سه‌ر به‌شێكی گەورەی وڵاتەکەدا. شەڕی دەرکردنی گروپەکەش بووە هۆی چەندین شەپۆلی ئاوارەیی لەو ناوچانەی شەڕی سەختیان تێدابوو.

جەهانکیر وتی: "دۆخی ئاوارەیی بەهۆی دۆخێکی کتوپڕەوە دروستبوو، لەئێستاشدا، دوای نەهێشتنی زۆرێك لە هۆکارەکانی، بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشئنی ئاوارەکان خۆیان، کە هانده‌درێن بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان."

وتیشی: "کەمپێکی [ئاوارەکان]، کە بێگومان کۆمەکی خزمەتگوزاری و خۆراکی بۆ دابینکراوه‌، ناتوانێت ژینگەیەکی شیاو بێت بۆ نیشتەجێبوونی درێژخایەن."

دەربارەی ئاوارە ئێزیدییەکان، جەهانکیر وتی: "نزیکەی 16 کەمپی ئاوارە، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان، لەئێستادا لانیکەم 30,000 ئێزیدییان لەخۆگرتووە."

وتیشی گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدیەکان بۆ شەنگال خاوە، بەهیوابوو کە رێکەوتنه‌كه‌ی 9 تشرینی یەکەم لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە قەزاکە یارمەتی کۆتاییهێنان ده‌دات بە قەیرانی ئاوارەیی پێنج ساڵەی ئێزیدییەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500